ئەوەی تێی ناگەیت، سەرت ئەخوات
5/16/2022 6:45:00 PM
سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم
لە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای باڵای فیدرالی
عیراق تایبەت بە نەوت و غازی هەرێم وچۆنیەتی رێكخستنی وزە ، لە 15/2/2022 ، حكومەتی
هەرێم ولە بەرزترین ئاستدا، دژی ئەو بڕیارە وەستاونەتەوە، لە بەرامبەریشدا :
-لە دوبەی، لە كۆڕبەندی جیهانیی ووزە
(28-29 ئاداری 2022) ، هەردوو وەزیری نەوتی سعوودییە و ئبمارات ، بەبەرچاوی ئامادەبوانی
كۆڕبەند ، بە بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیان وت : ( پێویستە دۆسێی وزە
بە جیابگیرێت لە دۆسێی سیاسەت وتێكەڵ بە یەكتر نەكرێن ..) ئەمە وڵامێك بوو بۆ وتارە فرە تەوەرەكەی بەڕێز
سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە بارەی (نەوت وغاز ، دادگای باڵا، باری سیاسی عیراق
و دەستتێوەردانەكانی ئێران)
-لە لەندەن ، رۆژی 20/4/2022 لە میانی پێشوازیكردنی
بەڕێز سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم ، یەكەمیان
بە دووەمیانی وت : (ستایشی هەوڵەكانتان ئەكەین بۆ یارمەتیدانمان بۆ كەمكردنەوەی
بشتبەستنی ئەوروپا بە نەوت وگازی ڕووسی .. ) ئەوەی تۆزێك شارەزا بێت لە زمانی ئینگلیز
، ئەزانێت ئەو ستایشە واتا ڕەتكردنەوەی هەوڵەكانە.
-لە بەغدا ، بەر لە گەشتەكەی لەندەن ، لە
11/4/2022 وەزیری نەوتی عیراق داوای دامەزراندنی (كۆمپانیایەكی تایبەت بە ووزەی هەرێم
لە هەولێر) كرد .
-لە واشنتن ، رۆژی 5/5/2022 یرۆژە یاسای
(نۆپیك -
No Oil Producing and Exporting Cartels ) لە لیژنەی دادوەری ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا پەسەندكرا وماوەتەوە هەردوو
ئەنجومەنی پیران و كۆنگرسی ئەمریكا پەسەندی بكات ، بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی
بەرهەمهێنانی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان وتێركردنی خواستی بازاڕ لە دوای قەیرانی (ڕوسیا
– ئۆكرانیا)
ئەم پرۆژە یاسایە، نەخشە ڕێگای نوێی هاوپەیمانییە
ئابووریەكانی جیهان ڕێكدەخاتەوە ، كێ لەگەڵ ئەمریكایە و كێ دژە .. پێوەرەی ئەو لەگەڵ بوونە، بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانە بۆ بەرژەوەندی
بازاڕ و دابەزاندنی نرخی نەوت ..
-لە مەنامە ی پایتەختی بەحرەین، ئەمڕۆ 16/5/2022 لە كۆنگرەی نەوت وغازی ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست بۆ ساڵی 2022، وەزیری نەوتی سعودی، بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ڕاگەیاند .. هەر ئەمڕۆ 16/5/2022 وەزیری نەوتی
عیراق ، ئامادەیی بەرزكردنەوەی بەرهەمی نەوتی عیراقی ڕاگەیاند، لە كاتێكدا لە
22/2/2022 ڕایگەیاندبوو، عیراق بەرهەمهێنانی نەوت بە جێكیری ئەهێڵێتەوە .
ئەی لە هەرێم چی ئەگوزەرێت ؟
من دڵنیام بەرپرسانی باڵای حكومەتی هەرێم
نازانن پرۆژە یاسای (نۆپیك)ی ئەمریكی چی یە ، واتا نازانن چی لە بازاڕی جیهان ئەوێت
و چۆن نەخشە سازی هاوپەیمانییە ئابوورییەكانی جیهان لە داڕشتنەوەدان ، تەنها ئەوە
ئەزانن بڵێن (ئێمە دژی بڕیاری دادگای باڵای فیدرالی عیراقین لە بارەی نەوت وغازی هەرێم
و خۆمان غاز هەناردە ئەكەین) بەبێ ئەوەی بزانن ئەو بڕیارەی دادگای باڵا و بڕیارەكانی
وەزارەتی نەوت،عیراق ڕێكئەخاتەوە لە ڕیزبەندییە ئابوورییە نوێیەكەی جیهاندا .
من دڵنیاتان ئەكەمەوە، ئەگەر لە دەرهاویشتەكانی
بڕیارەكەی دادگای باڵا تێنەگەن، ئەگەر لە پرۆژە یاسای (نۆپیك) تێنەگەن، ئەگەر خوێندنەوە
بۆ گۆڕانكارییە ناوچەیی ونێودەوڵەتییەكان نەكەن و لەسەر ئەم ڕێڕەوەی ئێستا بەردەوام
بن، ئەوا ئەو تێنەگەیشتنە سەری ئەم هەرێمە ئەخوات.