969وتار

بەڕێز سەرۆکى حکومەتى هەرێم ، سلێمانى سەر بە کوێ یە ؟

9/13/2020 5:04:00 PM
سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم

بە پێچەوانەى ئەحکامى یاساى وەزارتى ناوخۆ ژمارە 6ى ساڵى 2009 و یاساى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان ژمارە 3ى ساڵى 2009 ، رۆژى 11 ئەیلولى 2020 بەڕێز پارێزگارى سلێمانى، هەستا بە نوسینى چەند داواکارییەک  لەسەر کاغەزى فەرمى حکومەتى هەرێمى کوردستان و پێشکەشى دەوڵەتمەدار سەرۆکى حکومەتى عیراقى فیدرالى کرد ، هەروەها یاوەرى بەڕێزیانى کرد لە وەرگرتنى سکاڵا و داواکارییەکانى هاوڵاتیانى سنوورى پارێزگاکە .
پێویستە بەڕێزتان بەرچاو ڕوونى بە هاوڵاتیانى هەرێم بە گشتى و پارێزگاى سلێمانى بە تایبەتى بدەن سەبارەت بە ئەوەى پارێزگاى سلێمانى سەر بە چ حکومەتێکە ! ئایا ئەو گەشت و یاوەریەى بەڕێز پارێزگارى سلێمانى بە ئاگادارى بەڕێزتان و وبەڕێز وەزیرى ناوخۆ بووە ؟
ئەوەى لێرەدا مەبەستە بزانرێت ئەوەیە .. پارێزگاى سلێمانى سەر بە چ حکومەتێکە ، هەرێم یان فیدرال ، چونکە ناکرێت هاوڵاتیانى سلێمانى باج بە حکومەتى هەرێم بدەن و داواى موچە وشایستەکانیان لە بەغدا بکەن ، ناکرێت گوێڕایەڵ و جێبەجێکارى فەرمانەکانى حکومەتى هەرێم بن و سکاڵا و بێ دادییەکانیان  روەو حکومەتى فیدرال بکەنەوە .
گرنگترین پرسیاریش کە وڵامەکەى ئەبێت لاى بەڕێزتان هەبێت ئەوەیە ، ئایا حکومەتى هەرێم بڕیارى ڕادەستکردنەوەى پارێزگاى سلێمانى بە حکومەتى فیدرالى داوە ؟
ئەگەر وەڵامەکە (بەڵێ) یە ، ئەوا پێویستە هاوڵاتیانى پارێزگاى ڕادەستکراو بەرچاوڕوون بن و خۆیان بۆ ئەو بارە نوێیە ئامادە بکەن .
ئەگەر وەڵامەکە (نەخێر)ە، ئەوا شەرمەزارییەکى گەورەیە ، بە بەرچاوى بەڕێزتانەوە هاوڵاتیانى هەرێم کڕنووش بۆ سەرۆکى حکومەتێکى تر بەرن .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن