پەرلەمانتارانی كورد، هەڵوێستتان!
10/27/2019 2:59:00 PM
سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم
بەڕێزان پەرلەمانتارانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی
عیرا ، داواتان لێ ئەكەم هەڵوێستی مرۆیی و ویژدانتان نەخەنە تایەكی تەرازوی بەرژەوەندییەكانی
دەسەڵاتداریی لە عێراقدا، چیتر سڕو بێ دەنگ ڕامەوەستن بەرامبەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر
خۆپیشاندەرانی بەغدا و شارەكانی تری عیراق دەكرێت، لە كاتێكدا ناوەندە نێودەوڵەتی
و وڵاتانی دەوروبەرو ناوخۆی عیراق هاتونەتە دەنگ .
داواتان لێ ناكەم دژی ئەم كابینە حكومیەی ئێستای
عیراق بوەستنەوە، ئەزانم ناتوانن، جگە لەوەی بە لای زۆرینەی بەڕێزتانەوە (باشترین
كابینەیە بۆ كورد) بەڵام داوای هەڵوێستی مرۆڤانەو كوردانەتان لێ ئەكەم بەرامبەر ئەو
پێشێلكارییەی دژ خۆپیشاندەران دەكرێت لە بەغدا و شارەكانی تری عیراق، هەڵوێست بەرامبەر
ڕشتنی خوێنی بێكاران و ئەوانەی داوای دادپەروەری ئەكەن، داوای گوزەرانێكی ئاسایی و
بژێوی رۆژانەیان ئەكەن .
ئەگەر ناتوانن پشتگیری لە داواكاری خۆپیشاندەران
بكەن، دەتوانن هەڵوێستتان بەرامبەر پاراستنی گیانیان هەبێت .
ناكرێت خوێن ڕشتنی كەسێكی بێكار و بێ بژێوی -
تان لا یەكسان بێت بەرامبەر پشتگیری سەرۆك وەزیرانێكی حكومەتێكی عێراق كە ئەگەر ئێستاش
نەبێت، دواتر هەر دەڕوات، بەڵأم ئەوەی دەمێنێتەوە خوێنی خۆپیشاندەرە بێتاوانەكانە بەرامبەر هەڵوێسەكان، لەسەر ئاستی
ناوخۆ و وڵاتانی دەورەبەرو جیهان .
ئێمەی كورد بەردەوام هاواری پێشێلكردنی مافەكانمان
كردوە، هاوارمان داوە بە گوێی جیهاندا، ناكرێت ئێستا بەڕێزتان نوێنەری كوردن نركەتان
لێ نەیەت بەرامبەر ئەو هەموو پێشێلكاری و خوێن ڕشتنە .
بەڕێزان نوێنەرانی گەلی كورد لە بەغدا ، هاوهەڵوێستی
بەرامبەر مافی هەر مرۆڤێك شەرەفێكی گەورەیە دەچێتە تۆماری مێژووی گەلەكەمان و تۆماری
مێژووی كەسیی بەڕێزتانەوە.
وا بزانم كۆكین لەسەر ئەوەی تۆماری مێژوو
گرنگترە لە تۆماری پشتگیریكردن لە كەسێك و كابینەیەكی حكومی .
دەتوانن بەڕێزتان لەسەر ئاستی كەس و فراكسیۆن و
كۆی فراكسیۆنەكان هەڵوێستتان هەبێت، بفەرموو لێدوانێك بدەن .. داوای پاراستنی گیانی
خۆپیشاندەران بكەن، بفەرموون بەیاننامەیەك دەرچوێنن، داكۆكی لە مافە دەستووریەكانی
هاوڵاتیان بكەن، بفەرموون ئەندامیەتیتان هەڵپەسێرن تا دۆخی كوشتن و خوێنرشتن كۆتایی
دێت. بفەرموون هەڵوێستتان ..