9وتار

یاسای بودجەی فیدراڵی و مەترسی دروستبونی قەیرانی دارایی و ئابوری لە هەرێمی کوردستان

9/21/2026 4:08:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس

خوێندنەوەکان ئەوە دەردەخەن کە حکومەتی فیدراڵی نییەتی نییە لە یاسای بودجه‌ی گشتی فیدراڵی نوێدا داخوازیەکانی هەرێم جێبەجێ بکات، تەنانەت لێدوانە فەرمییەکانیش ئاماژە دەدەن بە مەترسی دەرکردنی یاسای نوێی بودجەی فیدراڵی لە زیانی هەرێمی کوردستان، بە هەمان شێوەی یاسای ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٣ یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی (٢٠٢٥،٢٠٢٤،٢٠٢٣)، جگە لەوەی لە کۆتاییدا دەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە بەرژەوەندی هەرێم نییە یەکلاکەرەوەیە لە دەرکردنی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی. هەربۆیە پێشبینی دەکرێت دۆخی ئابووری و دارایی هەرێم بەرەو خراپی بڕوات، ئەمەش وادەخوازێت ئامادەسازی پێشوەختەی بۆ بکرێت.

وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە (لوتکەی سلێمانی) ڕاشکاوانە باسی لە دانوستانەکانی پشکی هەرێم کرد لە یاسای بودجه‌ی گشتی فیدراڵی کە پێویستە بە گوێرەی سەرژمێری (١٤،١٤%) بێت، بەڵام ڕێژەی (١٢،٦٨%) دیاریکراوە، بە جیاوازییەکی کەم لەگەڵ پێشتر کە لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٣ بە (١٢،٦٧%) دیاریکرابوو.

ئەمەش بەڵگەیە کە پشکی هەرێم بە گوێرەی ماف و شایستەیی دیاری ناکرێت.

هەروەها دانانی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە چوارچێوەی (الانفاق الفعلي)، وا دەکات ته‌واوبونی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌دا خێرا بکات و قەیرانی موچە و گرفتی دارایی و ئابوری بۆ هەرێم دروست بێتەو.

وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ داوای لە سەرۆک وەزیران (علي الزيدي) و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کرد، سەبارەت بە بودجە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت وەک قەوارەیەکی دەستوری و یاسایی و هەرێمێکی فیدراڵی نەک وەک پارێزگا یان یەکەیەکی ژمێریاری (وحدة حسابية) جیاواز.

جگە لەوە ئاماژەیدا کە ڕێککەوتنیان کردووە سەبارەت بە کێشەکانی کۆمپانیاکان، بازرگانان، باج و سیستەمی ئەسیكۆدا (أسيكودا ASYCUDA) بۆ ڕێکخستنەوەی داهاتی خاڵە گومرگییەکان ... هتد، کە لە ئێستادا لەبەردەمی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدایە تا بڕیاری لێبدرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەداخەوە جۆرێک لە گرنگی پێنەدان لەلایەن عێراقەوە بەدی دەکەن و کەسانێک هەن لە بەغدا دەیانەوێت بە هەمان سیاسەتی تەعریب و تەرحیل و تەهجیر مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن، هەروەها بە مەبەستی کەمکردنەوەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێم زۆر ناوچەیان لە هەرێم دابڕیوە لە ناوچەکانی مەخمور، گوێڕ، مەلا قەرە، شێخان ....

ئەم لێدوانانە ئاماژەیەکی ڕوونن کە حکومەتی فیدراڵی هاوشێوەی قەوارەیەکی فیدراڵی ناڕوانێتە شایستە داراییەکانی هەرێم، لەگەڵ ئەوەشدا ویست و نییەت پاکییان نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشە دارایی و ئابوریەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەرێمێکیان دەوێت بناڵێنێت بەدەست کۆمەڵێک گرفتی دارایی و ئابوری تا ئاستی نا جێگیربوونی سیاسی بۆ ئەوەی هەمیشە چاوەڕوانی دەستی بەغدا بێت، مەبەستیانە هەرێمی کوردستان وەک هەر پارێزگایەکی عێراق پاشکۆی حکومەتی فیدراڵی بێت.

دوای ئەوەی بە گوێرەی دەستووری هەمیشەیی عێراق (٢٠٠٥ز) و بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی ژمارە (٥٩/ اتحادیة/ ٢٠١٢ و موحدتها ١١٠/اتحادية/٢٠١٩) لە ٢/١٥/ ٢٠٢٢ یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان ژمارە (٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧) هەڵوەشایەوە، پاشان بڕیاری دەستەی ناوبژیوانی پاریس کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی ڕاگرت و مەلەفی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان سەندرایەوە....

دواتر نا شارەزایی لیژنەی دانوستانکاری هەرێم کە لە ئاست ئەو پرسە گرنگ و هەستیارەدا نەبوون و دەنگدانی نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی ژمارە (١٣)ی ساڵی٢٠٢٣ کە بە گەورەترین هەڵە ئەژمار دەکرێت، هۆکاری سەرەکی ئەو قەیرانە دارایی و ئابووریەیە کە پێشبینی دەکرێت ڕوبەڕوی هەرێمی کوردستان بێتەوە بۆ جاری دووەم. 

ئەو هەڵەیە هەرێمی پابەند کرد داهاتی نەوتی بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی فیدراڵی، لە هەمانکاتدا دەبێت ھەرێمی کوردستان داھاتی نانەوتیش بە گوێرەی (قانون الادارة المالية العراقي رقم ٦ لسنە ٢٠١٩) بداتەوە بە خەزێنەی فیدراڵی....
هەروەها کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ داهاتە نەوتییەکانی هەرێم لە بانکی ناوەندی عێراق و هەژماری شایستە داراییەکانی هەرێم لە بانکێکی باوەڕپێکراو لە بانکی ناوەندی عێراق، و چاودێری و وردبینی کردنیان لە لایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵ بە ھەماھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم.

لە ڕاستیدا ئەو یاسایە و هەموو ئەم هۆکارانە، بوون بە پێشینەیەک بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای لاوازکردن و داماڵینی هەرێم لە سەرجەم پسپۆڕیەتییە داراییەکانی و پاشکۆیەتی حکومەتی فیدراڵی لە پرسە ئابورییەکاندا.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن