لەرز لە هەڵبژاردنی پێشوەختە
8/2/2020 5:53:00 PM
سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم
سارد و سڕی حزبە كوردی و عێراقییەكان لە پێشوازیكردنی بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوختە لە 6ی حوزەیرانی 2021 دا، نیشانەی بەدەنگەوە نەچوونی ئەو لایەنانەیە بەرەو ئەو بڕیارە.
لایەنە كوردییەكان، جگە لەوەی هیچ لێدوان و بەیاننامەیەكی فەرمی پێشوازیكردنیان لە هەڵبژادنی پێشوەختە دەرنەكردووە، لێرەو و لەوێش، لە ڕێگای چەند پەرلەمانتار و سەركردەیەك، لێدوانی دژ بەو بڕیارە ئەدەن، بە رێگا و شێوازی جیاواز، بەهانەی نا(یاسایی) و (نادەستووری)، هەندێكیشیان نا ڕاستەوخۆ دژایەتی ئەو بڕیارە ئەكەن، بە مەرجداركردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بە ( لە باربوونی هۆكار تەكنینی ویاسایی وسیاسی و ئەمنی ولەباربوونی دۆخی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق).
ڕاستیەكەش ئەوەیە، سەرجەمیان لەرزیان لێ نیشتووە لە وادەی هەڵبژادرنی پێشوەختە، نەك تەنها لە ترسی لە دەستدانی ئەو تەكنیكەی پانزدە ساڵە پەێڕەوی ئەكەن لە دانانی پەرلەمانتارەكانیان، بەڵكو لەبەر ئەوەی چیتر دەسەڵاتی لایەنە سیاسییەكان لە ناو پەرلەمانی عیراقدا و هەڵسوڕاندنی ئەو دامەزراوەیە، لە دوای 2021 وەك پێش ئەوە نابێت، بە هۆی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكانەوە.
ئەوەی پێویستە لە بارەی لەرز لێهاتنی لایەنی سیاسییەكانی كورد و عیراق بزانرێت ئەوەیە، هەڵبژاردنی پێشوەختەی داهاتووی عیراق دوا جەنگی نێوان كۆمەڵانی خەڵكە بەرامبەر دەسەڵاتی چەسپیوی پانزدە ساڵەی ڕابردووی عیراق بە كوردستانیشەوە، ئەم جەنگە، بە هۆی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكانەوە، دوو بەرەی تیادایە:
بەرەی یەكەم: حزب ولایەنە سیاسی و فەرمانڕەواكانی عێراقە كە تائێستا سەرجەم كایەكانی هەڵسوڕاندنی حوكمڕانی و دەسەڵات و سامان و داهاتیان بەدەستەوەیە.
بەرەی دووەم: بەرەی فەرمانبەر و مامۆستا و كاسب و خاوەن كار و خاوەن مافە زەوتكراوەكان، لە كۆمەڵە جیاجیاكانە، كە لە ئێستادا بە هێزترین یاسای هەڵبژادنی نوێیان لەبەردەستدایە و دەتوانن بە ئاسانی نەخشەی سیاسی كوردستان و عیراق بگۆڕن و نوێنەرانی ڕاستەقینەی نا حزبییان بنێرنە پەرلەمانی عێراق.
با سەرجەم خاون ماف وخاوەن موچە و زیانلێكەوتوانی ئەم هەرێمە، لەسەر ئاستی پارێزگاكان و بازنە جیاجیاكان خۆیان سازدەن بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق تا چیتر چارەنوسیان نەدەنە دەست هیچ كەس و لایەنێك.
با زیانلێكەوتوانی كورد پشتگیری لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بكەن و مشتومڕی دیاریكردنی نوێنەرانی ڕاستەقینەی بێلایەنی خۆیان، دەستپێبكەن.