پلانی وەرگرتنەوەی موچە نەدراوەكانی فەرمانبەران و مامۆستایان
12/24/2020 10:07:00 PM
648 جار خوێندراوەتەوە
سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم
دەرفەتێكی یاسایی
گرنگی وەرگرتنەوەی موچە نەدراوەكانی فەرمانبەران و مامۆستایان و لێبڕینە نایاساییەكانی
تری ماف و شایستەكانیان، لە پرۆژە یاسای بودجەی 2021 ی عیراقدا ، بوونی هەیه.
پێویستە فەرمانبەران
و مامۆستایان ئەركی وەرگرتنەوەی ئەو مافە بگرنە ئەستۆی خۆیان، بە گرتنەبەری ڕێكارە
جێبەجێكاری و یاساییەكان .. و لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە دەست پێ بكەن بەم
شێوەیە :
- ئامادەكردن و دارشتنی بڕگەیەكی پەیوەست
بە قەرزە داراییەكانی فەرمانبەران و مامۆستایان لە ساڵانی 2015 تا 2020 و جێگیركردنی
ئەو بڕگەیە (وەك قەرزی شایستەی پێدانەوە) لە ئەستۆی حكومەتی هەرێم لە ناو پرۆژە یاسای
بودجەی 2021 دا ، پێش ئەوەی بخرێتە بەر دەنگدان.
- بۆ ئەو مەبەستە ، پێویستە دەستەیەك لە
نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ چاوپێكەوتنی لایەنەكانی پەرلەمانی عیراق ،
سەردانی بەغدا بكەن و داوای جێگیركردنی ئەو بڕگەیە، لە پرۆژەیاسای بودجەی 2021 بكەن،
تا دەنگی لەسەر بدرێت ، بە تایبەت لەو بڕگانەدا كە هەرێم پابەند ئەكات بە چۆنیەتی
خەرجكردنی داهاتەكان .
- داوای پێكهێنانی سندوقێك بكەن، ناوی
(سندوقی قەرزەكانی فەرمانبەرانی هەرێم - صندوق دیون موڤفی الاقلیم) بێت ، لە پرۆژە
یاسای بودجەی 2021ی عیراقدا جێگیر بكرێت ، بە یاسا كارەكانی ئەو سندوفە ڕێكبخرێت.
- دەستبەجێ پرۆژە یاسای (سندوقی قەرزی فەرمانبەران
و مامۆستایان) ئامادە بكرێت وبخرێتە بەر دەنگدان .
- بە جێگیركردنی شایستەكانی فەرمانبەران
و مامۆستایان لە یاسای بودجەی 2021دا ، مافە داراییەكانی 2015 تا 2020 و تا
پاكتاوكردنی سەرجەم مافەكان بەردەوامی دەبێت و چیتر فەرمانبەران ومامۆستایان بە
گومان و دوودڵییەوە رۆژ ناژمێرن .
بێگومان وردەكاری
و میكانیزمی سەردانیكردنی لایەنە سیاسییەكانی عیراق و دارشتنی بڕگە یاساییەكانی نێو
پرۆژە یاساكەی بودجەی 2021ی عیراق و دامەزراندنی سندوقێك بە یاسا ، گفتوگۆی زۆر هەڵدەگرێت
، داواكارم لە نوێنەرانی فەرمانبەران و مامۆستایان زوو دەستبەكاربن
تیایدا .
چیتر
لەسەر كەس نەوەستن، چیتر متمانە بەو كەسانە نەكەن كە سازش بە بژێوی و چارەنوسیانەوە
ئەكەن، بابەتی ئەم نوسینەش تێكەڵ بە (بابەتی گواستنەوە موچە بۆ سەر بەغدا) نەكەن .