742وتار

بۆ ئەوەی (یەكێتی) بەشداریی داگیركاریی بادینان نەكات

6/19/2021 2:00:00 PM
سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم

 

 داگیركاریی ..  تەنها لەشكركێشی و كردەوەی سەربازی و چۆڵكردنی دێهاتی ناوچە بە ئامانجگیراوەكان نییە ، داگیركاریی .. جێبەجێكردنی ئەو ئامانجانەیە كە دەوڵەتێك لەشكركێشی لە پێناودا ئەكات.

هەموان ئەزانن ، بە تایبەت بەرپرسە باڵاكانی هەرێم ، لەشكری توركان لە كوێی هەرێم دامەزراون و ئەیانەوێت تا كوێ‌ بڕۆن .. بەڵام ئەوەی جێگای سەرسوڕمان ولەسەر وەستانە ئەوەیە ، هەر وڵاتێك ، لە ناوچەی شەڕ وپێكدادانی سەربازی و لە كاتی بوونی لەشكرێكی بێگانە ، پرۆژەی ستراتیجی گەورە ، لە دەوروبەری  ناوچەكانی ئەو لەشكرە ، ڕاناگەێنێت.. تا زیان بە پرۆژەكە و گیانی سەركارانی نەگات .

لە ناوەڕاستی مانگی 5ی 2021 ، وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم خشتەی دروستكردنی 9 بەنداوی لە سنووری سێ‌ پارێزگای هەرێم (دهۆك ، هەولێر و سلێمانی)  ڕاگەیاند ، بە هەماهەنگی لەگەڵا وەزارەتی پلاندانانی هەرێم .

ئەوەی جێگای سەرنجە ، هەرسێ‌ بەنداوەكەی سنووری پارێزگای دهۆك  بە ناوەكانی ( دێرەلوك ، باكرمان و باسێ‌) كە لە تەواوبونیاندا ڕووبەری (10630 دەهەزار و شەشسەد و سی - كیلومەتر دووجا)ی خاكی هەرێم  بە ئاو دائەپۆشن (بە پێی خشتە ڕاگەێندراوەكەی وەزارەت)  . لە ئێستادا ناوچەی سەربازی لەشكری توركانە ، بەڵكو  سەربازگە و جبەخانەی ئەو لەشكرە لەو ناوچانە جێگیر و بەرقەرارە .

بۆ دڵنیای بادینان و گشت خاكی كوردان، بۆ ڕەواندنەوەی مەترسییەكان .. پێویستە یەكێتی وڵامی چەند پرسیارێكی لا بێت :

- ئایا بەرپرسانی باڵای بڕیاربەدەست دڵنیان لەوەی شوێنی ئێستا و ئایندەی بەنداوەكان (دوای پڕبوونی) ناكەونە ژێر ڕكێفی لەشكری داگبركەر ؟
- ئایا سەردانی شوێنی دروستكردنی ئەو بەنداوانە كراوە تا بزانن دەكەوێتە كوێی سەربازگەكانی ئەو لەشكرە ؟
- ئایا دیمەنی دوای تەواوبونی ئەو بەنداوانەیان دێتە بەر چاو لە پاڵ مانەوەی كۆی ئەو سەربازگانە؟

بۆ ئەوەی یەكێتی بەشدار نەبێت لە ئەگەری بوونی پلانێك بۆداگیركاریی بادینان:

1 - با داوا لە بەڕێز وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و  بەڕێز وەزیری پلاندانان بكات، سەردانی شوێنی ئەو سێ‌ بەنداوە بكەن ولە دانیشتوانی گوندەكانی ئەو شوێنانە بپرسن سەربازگەكان دەكەونە كوێی ئەو بەنداوانە ، چ لە ئێستادا ، چ لەدوای پڕكردنی.

2 – داوا لە هەردوو وەزیری بەڕێز بكرێت.. بە بڕیاری دەستبەكاربوون لە دروستكردنی ئەو سێ‌ بەنداوەی بادیناندا بچنەوە ، تا دوای لەشكركێشی.

3 – داوا لەهەردوو وەزیری بەڕێز بكرێت ، دڵنیا بن لە پێگەی جوگرافی یەكێك لەو سێ‌ ناوچەیە ، كە (باكرمان)ە ، ئایا دەكەوێتە سنووری كارگێڕی هەرێمی كوردستان یان دەكەوێتە سنوری كارگێڕی پارێزگای (نەینەوا – موسڵ)  بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان لە لێپرسینەوەی (دەوڵەتی عێراق)بە دوور بگرن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن