72وتار

سیاسەتی كورد وسفر بونەوە ..

11/26/2023 10:11:00 AM
سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم

 

 

لە كۆی سەركردە و سەركردایەتیەكانی سیاسەتكردن لە كوردستان ، مامۆستایەكی بیركارییان تێدا نەبوو ، تا بەهای (سفر) یان بۆ ڕوونبكاتەوە ، بیتوانیایە چەند (بنەمایەكی زانستی بیركاری) لە سەركردە هاوڕێكانی بگەیاندایە :
-(سفر) لە پاڵ ژمارەدا ، بەها بە خۆی و بە ژمارەكە ئەدات .
-دابەشكردنی (سفر) بەسەر ژمارەدا ، چەند گەورە بێت هەر (سفر)ە  
-(دابەشكردنی سفر بەسەر سفردا) نەبوە و نەكراوە ، قەدەغەیە، چونكە ئەنجامی نییە.

سەبارەت بە بنەمای یەكەم : دەسەڵاتی حوكمڕان لە هەرێم ، لە زوەوە ، لە پاڵ ژمارەی میللەتەكەیدا بەهایەكی زۆری ئەبەخشی ، بوو بە هەرێمێكی فیدرالی ، مافی چووە دەستوورەوە ، پەرلەمان وحكومەت و هێزی نیشتمانی خۆی دروستكرد، بە دنیای وت .. من هەم .

لە پڕ دەسەڵات خۆی لێ‌ گۆڕدرا ، وخۆی توشی بنەمای دووەم كرد ، پشتی كردە ژمارەی میللەتەكەی ، خۆی وەك (سفر)ێك دابەشكرد بەسەر كۆمەڵێك ژمارەی گەورەی وەك (دەوڵەتانی دراوسێ‌ ، نەوت ، غاز ، پۆستی سیادی و گەورەی فیدرالی ودیبلوماسی .. ) لەم دواییەدا تێگەیشت .. ئەنجامی دابەشكردنی (سفر) بەسەر هەر ژمارەیەكدا ، چەند گەورە بێت ، هەر (سفر)ە .

كارەسات ئێستایە ، دەسەلات خۆی سەرقاڵی بنەمای سێیەم كرددوە : پاش سی ساڵ لە پەیڕەوكردنی سیاساتی (سفر)كردنی حزبە پچوك و ناوەنجی و نەیار و كۆتا و پۆپۆزسیۆنەكان ، هاتون خۆیان بەسەر ئەواندا دابەشئەكەن ، واتا دابەشكردنی (سفر) بەسەر خۆیدا ، ئەمەش نەبوە ، نە ئەبێ‌ ، نە چاوەڕواتی هیچی لێ‌ ئەكرێ‌ ..

بەردەوامبوون لەسەر ئەم ڕێچكەی نەزانییە لە حوكمڕانیدا ، ژمارەی میللەت ئەخاتە پاڵ ژمارەكانی تری عیراق و ئەوكات (هەرێم) بە هاوڵاتیانەوە یەكسان ئەكەن بە (سفر) لە پاڵ ژمارەی (عیراق) دا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن