سەرۆكی هەرێم .. فەرموو ڕایبگەێنە
6/24/2020 6:35:00 PM
761 جار خوێندراوەتەوە
سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم
بەڕێز سەرۆكی هەرێم،
لە ماوەی نێوان دوو لێدوانی فەرمی..
یەكەمیان،
بۆ رۆژنامە نوسان لە 25/9/2017 ، لە ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ئەوكات فەرموت (
.. ئەوەتا ئاڵای عیراق و ئاڵای كوردستان لە پاڵا یەكتردان ) ..
دووەمیان، لە ئەنجامی
سەردانەكەت بۆ بەغدا لە 20/6/2020 كاتێك بە مستەفا كازمی-ت گوتوە: ( تۆ سەرۆك وەزیرانی
هەموو عیراقیت، دەبێت مووچەی كوردستان بنێریت ).
بەڕێزتان، لە نێوان
ماوەی ئەو دوو لێدوانە، لە هەر پۆستێك بووبن، ئاگاتان لە بەرپابوونی پرۆسەیەكی سەربازی
و سیاسی و كارگێڕی و دارایی هەمە لایەنە هەیە، مەبەست لێی، گۆڕین و ڕادەستكردنی هەرێمی
كوردستانە، ڕادەستكردنی هەرێمێكی سیاسی خاوەن بڕیاری سەربەخۆ و سەروەری ..
وەرگرتنی هەرێمێكی
كارگێڕی بێ دەسەڵات لە دەوڵەتی عیراقی فیدرالی.
بەڕێزتان، ڕایناگەێنن
كە ئەوە پرۆسەیەكی فرە قۆناغی كارەساتبارە، بە سەرجەم ڕووە دەروونی دارایی وكۆمەڵایەتی
و نیشتمانییەكانیەوە، قۆناغی سەربازی ئەو پرۆسەیە بە ڕادەستكردنەوەی ناوچە جیناكۆكەكان
دەستی پێكرد، هەر لە خانەقینەوە تا شەنگال، لە ماوەی نێوان 16 تا 20ی ئۆكتۆبەری
2017.
قۆناعی جێبەجێكاری
ئەو پرۆسەیە لە 2018 دا، بە كردەوە و بڕیارە
جێبەجێكارییەكان، بە ڕادەست كردنەوەی فرۆكەخانەكان و و ابەستە كردنەوەی دەروازە
سنووریەكان بە ناوەندە فیدرالیەكانەوە و هەڵگرتنی سنوورە گومرگییەكانی نێوان پارێزگاكانی
هەرێم و ئەوانەی تری عیراق لەسەر دەستی وەزیرە داراییە كوردەكەی عیراق.
قۆناغە داراییەكەی
هەمان پرۆسەی ڕادەستكردنی هەرێم، پێویستی بە هاوكاری پەرلەمانتارانی كورد بوو لە هەردوو
خولی پێشوو و ئێستا، تا دەست بۆ تێپەڕاندنی یاساكانی (ڕادەستكردن) هەڵبڕن كە ئەمانەن:
- یاسای بودجەی 2018 و 2019 كە كۆی دارایی هەرێمی
ملكەچی وەزارەتی دارایی فیدرالی كرد بە خستنە ڕووی خەرجییەكانی هەرێم لە ساڵی
2004، لە كاتێكدا خودی دارایی عیراق لە 2004 دا لە ژێر كاریگەری یاسای بەڕێوەبردن
و كارگێڕی داراییدا نەبوە!! هەروەها خستنە ڕووی سەرجەم ژمارە و جۆری (میلاك)ە مەدەنی
وسەربازییەكانی.
- دەنگدانی پەرلەمانتارانی كورد بە یاسای بەڕێوەبردنی
دارایی فیدرالی عیراق ژمارە 6ی ساڵی 2019 كە تیایدا (أ - یەكەم - ماددە 31) دا سەرجەم
دامەزراوە داراییەكانی هەرێم (وەك هەر پارێزگایەكی تری عیراق) لە ڕووی تەكنیكی و
داراییەوە وابەستەی وەزارەتی دارایی عیراق دەكات، بە پێچەوانەی ئەو یاسایەی پێشتر
كە لە 2005 ەوە بەركار بوو .
- دەنگدانی پەرلەمانتارانی كورد بە یاسای (كۆمپانیای
نیشتمانیی نەوتی عیراق - ژمارە 4 ساڵی 2018) ، لەم یاسایەدا، جگە لە بریكاری وەزیری
سامانە سروشتییەكانی هەرێم، وەك (ئەندامێكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كۆمپانیا) ناوی
هاتوە، بابەتێك نەماوە ناوی (دۆسێی نەوتی هەرێم) بێت.
- جگە لە چەندین یاسای تری دەرچوێندراو لە 2017
تا 2019 ، باڵادەستی دەسەڵاتی فیدرالی عیراق دوپات ئەكاتەوە لە پاڵ سڕینەوەی ناوی
هەرێم، سەرجەمیان لە ڕێگای پەرلەمانتارە كوردەكانی بەغداوە دەنگی بۆ دراوە.
نەنگی نەبوو ئەگەر
بەڕێزتان، چ كاتێك سەرۆكی حكومەت بوون، چ ئێستاش كە سەرۆكی هەرێمن دەستپێكی ئەو پرۆسەیەتان ڕابگەیاندایە، لانی كەم
ڕێگاتان لە دڕدۆنگی حزبەكان و ناشیرین كردنی ناسنامەی كورد و چەواشەكاری هاوڵاتیانی
بێ دەسەڵاتی ئەم هەرێمە، ئەگرت .
ئێستاش فەرموو ڕادەستكردنی
هەرێمە سیاسییەكەی نێوان 1992 تا 2017 ڕابگەێنە بە گۆڕینەوەی بە هەرێمێكی كارگێڕی
بە مەرجی مووچە، وبە ئاشكرا هاوڵاتیان لە موزایەدەی حزبەكان بپارێزە، وپەرلەمانتارانیش
لەو سەر لێشێوانە دەربازكە، چونكە ئەركی سەرۆك بە ئارام گرتنی ژیان و چارەنووسی
هاوڵاتیانیەتی.
ئەزانم ڕاگەیاندنی
ڕادەستكردنی هەرێمێكی سەربەخۆ بە هەرێمێكی لەسەرخۆی كارگێڕی .. كارێكی ئاسان نییە،
لەبەر ئەوەی نە مستەفا بارزانی لە دانوستانی ساڵی 1974 دا و نە جلال تاڵەبانی لە
1984 دا دانوستانیان لەسەر مووچە نەئەكرد و بە نێوەی كەركوكیش ڕازی نەبوون، بەڵام
ئەمڕۆ بەڕێزتان ناچارن بە مەرجی مووچە و دابین بوونی بژێوی ڕۆژانە و گوزەرانی هاوڵاتیان
پاشگەز ببنەوە لە سیاسەتی (ئابووری سەربەخۆ) هەروەها ئەو ڕادەستكردن و گۆڕینەوەیە
گرنگە بۆ مانەوەی دەسەڵاتی حزبە كوردییەكان لەم سێ پارێزگایەی هەرێمدا.
بەڕێزتان لە ڕۆژی
ڕیفراندۆمەوە ئەزانن كە دەبێت ئەم هەرێمە چی لێبكرێت، با چیتر هەندێك حزب وسەركردە
و پەرلەمانتار، موزایەدە بەسەر چارەنووسی هاوڵاتیانەوە نەكەن.