لە بەردەم قایمقامیەتی ھەولێر
3/24/2020 6:57:00 PM
سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم
ِرۆژی دووشەممە ٢٣ی ٣ ی ٢٠٢٠، سەدان ھاوڵاتی ھەولێر، زۆر بە شێوەیەکی شارستانی ڕیزیان بەستبوو،
بۆ وەرگرتنی پسوڵەی ڕێگەپێدانی ھاتوچۆ، ئەوانە، و ھەزارانی تر لە شار و شارۆچکەکانی
کوردستان،ِ روژانە بژێوی ژیانیان پەیدا ئەکەن،
یەکەم جاریانە بۆ پەیداکردنی قووتیان ئیشیان بە حکومەت بێت، زۆربەیان بە خۆیانەوە
نەبینیوە (خێر) و ( یارمەتی) و (باربۆ) دەرخواردی منداڵەکانیان بدەن، فێرنەبوون ھیچ
شتێک لە کەس وەربگرن، ئەم ھەزارانە، ئەمرۆ دوچاری ترسێکی نوێ بوون، لە پاڵ قەیرانە
زۆر و زەوەندە کانی تری ژیانیان، ئەویش ترسە لە بەھەدەر چوونی کەرامەتیان (بە
ناچاری) بەرامبەر بە برسێتی .
ئەمە ئەوە ناگەێنێت ، خێرخوازانی کوردستان درێغییان لە یارمەتیدانی
کەس کردبێت، ئەوەندەی توانیبێتیان، بەڵام ئەوەی پێویستە لێرەدا بوترێت ئەوەیە کە دەبوو
(خێرخوازانی کۆمەک بەخش) کە ھەمیشە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لە گەڵ سەرکردایەتی حوکمڕانی
ھەرێمدا ھەیە، بانگھێشتی سەرۆکی حکومەت بکەن
بۆ دامەزراندنی (دەزگایەکی کۆمەک بەخشی نیشتمانی) تا بە یەکسانی و بێ جیاوازی و بەبێ
منەت، یارمەتی بەسەر ھاوڵاتیاندا ببەخشن، تا پێویستی و برسێتی ھاوڵاتیان نەکرێت بە
بەرنامەی پێشبڕکێی نێوان گەورە کۆمپانیا و ڕێکخراوە حزبیەکان .
ڕاگرتن وپاراستنی کەرامەتی ھاوڵاتیان لە پاڵ یارمەتیدانیان
ئەرکی حکومەتە، بە پێچەوانەشەوە، بەھەدەردانی کەرامەتیان دوا وێنەی ناشیرینی نابەرپرسیاریەتییە.
لە کۆتاییدا داواکارم لە بەڕێز سەرۆکی حکومەتی ھەرێم، لە
زووترین کاتدا، فەرمان بە دامەزراندنی (دەزگای کۆمەککردن) بدات.