9وتار

چارەنوسی شاسوار: خوێندنەوەیەکی دەزگایی

9/20/2026 12:56:00 PM
سەردار عەزیز

دوێنێ لە کاتی دروستکردنی خواردندا گوێبیستی  دیدارە ڕۆژنامەوانییەکەی شاسوار عەبدوالواحید بووم. جۆن ناشم بیرکەوتەوە کە خاوەن تیورەی هاوتەریبی ناشە. 

لە پەنجاکان زانایەکی ماتماتیک هەبوو بە ناوی جۆن ناش. لە ساڵی ١٩٥٠ جۆن ناش تێزێکی یەک لاپەڕەیی نوسی، کە چەمکی هاوسەنگی یان هاوتەریبی ناشی هێنایە ناوەوە Nash Equilibrium . هاوتەریبی ناش بریتیە لەو ساتەوەختەی کە کاتێک دوو لایەن، کە زۆرترین و باشترین هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی زۆرترینیان دەست بکەوێت بەڵام دەگەنە ئەو باوەڕەی کە هاوسەنگی باشترین دۆخە کە دەتوانن پێی بگەن لە گەڵ یەکتردا. یان بە مانایەکی تر هەموو گوێڕایەکی ئەو ڕێسایە بن کە لە نێوانیاندا دێتە ئاراوە. 
فلیمێک هەیە بە ناوی عەقڵ یان مێشکی جوان، دەربارەی ئەم زانایەیە، بە هەندێک زیادەڕۆییەوە. 

لە نێوان یەکێتی و پارتیدا چەند ڕێسایەکی نەنوسراو هەیە. دیارە یەکێتی و پارتی لە هاوپەیمانی و ململانێ و ڕکەبەرییدان  بەڵام هەردوو لا خۆیان بە چەسپیو دەزانن. لەم ڕوەوە هەرگیز هەوڵی ئەوە نادەن کە یەکتر بکەنە دەرەوە، بەڵکو هەمیشە بۆ بەدەستهێنانی کەم و  زیادە. ئەمە ڕێسای هاوسەنگی پاش سی و یەکی ئابە.

لە دۆخێکی وەهادا هەموو هێزەکانی تری ناو کایەی سیاسی کوردستان ڕۆڵی پارسەنگ دەبینن. کاتێک لاسەنگی نێوان یەکێتی و پارتی تێک دەچێت ئەوا ئەوان دەهێنرێنە ناوەوە لە پێناو دروستکردنی هاوسەنگی یان فشارکردنە سەر ئەویتر بۆ بە دەستهێنانی زیاتر، یان گەڕانەوە بۆ ڕێسا هاوتەریبەکە.

ئەم دۆخە بە ڕونی لە قسەکانی شاسواردا دیاربوو. شاسوار چەندین جار  ئاماژەی بە ئەوەدا کە یەکێتی و پارتی بەبێ نەوەی نوێ کۆببنەوە و ڕێکەوتن بکەن. هەمیشە ئەوەی گوت کە بە هیوایە وەها نەبێت، کە ئاماژەیەکی ڕونە وەهایە، بەڵام ئەو تەنها هیوای بۆ ماوەتەوە. 

لەم دۆخەدا، نەوەی نوێ ئێستا ئەگەر لە ڕێکەوتنی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێش بێتە دەرەوە، ئەوا ڕۆڵی پارسەنگی پێگێڕدراوە و ڕۆڵەکەی تەواو بوە. 

ئەوەی شاسوار لێی تێنەگەشت ئەوەبوو کە دەیەوێت بێتە ناو گەمەیەکەوە کە دوو یاریکەری سەرەکی تیادایە، ئەو پشتی یەکێک دەگرێت لە بەرامبەر ئەویتردا، بەڵام هەردوو گەمەکەرە سەرەکیەکە، لە سەر ئەوە کۆکن، هاتنی ئەکتەری سێیەم ڕێسای سەرەکی گەمەکە ناگۆڕێت، ئەویش هەردوولا بە یەکەوە حوکمی کوردستان بکەن. ئەمە پێشتر لە لایەن پارتییەوە بە سەر گۆڕاندا هات. کەواتە هاتنی لایەنی سێیەم هەمیشە کاتییە، بە تایبەتی کاتێک کە هێزی لایەنی سێیەم لە سەر دەنگە و دەنگیش هێزێکی چەسپیو نیە، وەک پارە و چەک. 

یەکێتی و پارتی ڕەنگە بیانەوێت یەکتریی لەناوبەرن ، بەڵام دەزانن ئەمە لە ئێستادا مەحاڵە، بۆیە ڕێسای گەمەکە وەهایە کە زیاتر لە یەکتر بپچڕن، یان گەمەی کەم زیاد بکەن، بەڵام ئەوە چەسیوە کە پێکەوەن. بۆیە هەمیشە هێزی تر وەک پارسەنگ دەمێنێتەوە. لە هەمانکاتدا هەردوو لە سەر ئەوە کۆکن کە لایەنی سێیەم نەهێننە ناوەوە، ئەگەر هاتوو دۆخەک سەپاندی ئەوا هەوڵی سنوردارکردنی بدەن و لە نێوان خۆیاندا بیکەنە بەشێک لە گەمەی ململانێ. 

ڕەهەندێکی گرنگی دەزگایی لێرەدا ئەوەیە کە کاتێک یەکێتی و پارتی  وەک دوو هێز مامەڵە دەکەن کە گەر ناچار نەبن مامەڵەی یەکتر ناکەن و کاتێکش مامەڵە دەکەن هاوکار نین، ئەوا تەنها ڕێگایەک بۆ دەرچوون دامەزراندنی دەزگایە کە جێگای خۆیان و ئەوانیتریش دەبێتەوە، بەڵام بە ڕێسای جیاوازتر.
بۆ نەوەی نوێ یان هەر هێزێکی تر لە داهاتودا دەبێت داوای گۆڕینی ڕێسای یارییەکە بکەن، نەک پشتی لایەنێک بگرن لە بەرامبەر لایەنێکی تردا کە لە دەرئەنجامدا هەمیشە وەک بەکاربراو مامەڵە بکرێن.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن