بەر لە شکست ..
4/12/2023 9:09:00 AM
سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم
شکست ئەوەیە ڕۆژێکی نالەبار بەسەر خۆتا بھێنیت
نەتوانیت بگەڕێیتەوە دۆخی ڕۆژی پێشووت.
ئێستا دەسەڵاتی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان
دووچاری ئەو ڕۆژەبووە کە ھەر سێ دەسەڵاتەکەی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەت
شەرعییەتی نەماوە ، تەنانەت ئەو کۆمسیۆنەی مۆڵەتی حوکمڕانییەکەی خۆیشیان پێ نوێ ئەکردەوە
ئەویش نەما و بۆیان دروست ناکرێتەوە .. ئەوەی ماوە ھاوڵاتیان و دەسەڵاتی کارگێڕی خۆجێیەتی
پارێزگاکانە .
تەنھا دەسەڵات لە ھەرێمدا ڕەوایەتی مابێت، دەسەڵاتی
دادوەرییە ، لەبەر ئەوە ولە پێناوی پاراستنی ئابڕووی میللەتی کورد و قەوارەی ئەم ھەرێمەی
شین بۆ نەمانی ئەکەن، فەرموون دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم وسەرجەم دەسەڵاتە جێبەجێکارییەکان
بە فەرمانێک بە سەرۆکایەتی دەسەڵاتی دادوەری بسپێرن ، ودەستلەکارکێشانەوەی ئەم کابینەیە
ڕابگەێنن ، تا لەماوەی ساڵێکدا ئەو دەسەڵاتە بڕیار لە ڕێکخستنەوەی حوکمڕانی ھەرێمی
کوردستان بدات بەدەر لە ئەجیندا سیاسییە شکستخواردوەکان .
ئەم حوکمڕانییە دووفاقەی ئێستای ھەرێم بە ڕوو لە
بەغدا کردن وخۆبردنە پێشەوە و خۆ نزیککردنەوە لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدرالی عیراق،
بە بێ جیاوازی نێوان ھەولێر وسلێمانی ، جگە لە خۆبەدەستەوەدان و شکست ولەدەستدانی
مافە دەستووریەکانی گەلی کوردستان و سووککردنی ناسنامەی کورستانی بوون .. ھیچی تری
لێ نایەتەدی .
لای یەک بەیەکی ھاوڵاتیانی ھەرێم ئاشکرایە، دەسەڵات
لە سلێمانی و لە ھەولێر بە بەرگی حیزب وبە ناونیشانی حکومەتەوە ڕوو لە بەغدا ئەکەن
، بەرپرسانی بەغداش بە ویستی خۆیان مەرجیان بەسەردا ئەسەپێنن لەبەر ئەوەی ئەزانن نەبەرگی
حیزب ونە ناونیشانی حکومەت ڕەوایەتییان پێنادات ، لەبەر ئەوە نێردراوەکانی ھەولێر
وسلێمانی پێویستیان بە بەرگی ڕەوایەتییە نەک بۆ خۆیان بەڵکو بۆ قەوارەی ھەرێم و
مافە دەستووریەکانی ھاوڵاتیانی .
لەبەر ئەوە ڕوو لەبەغداکردن ڕاگرن ، و باسی دوو
حکومەتی بۆ ھەرێم مەکەن ، و دەسەڵاتەکانی ھەرێم بە دەسەڵاتی دادوەری بسپێرن تا ھەموو
ھەرێم-تان بە ھاوڵاتیانیەوە ڕادەستنەکردووە .