ئەنجومەنی فەتوا حوکمی شەرعی لەسەر راوکردنی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی ئاشکرا دەکات
03:43 - 19/09/2026
زەمەن - هەواڵ
لە وەڵامی نوسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی هەولێردا، ئەنجومەنی باڵای
فەتوا سەر بە یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستان، رای شەرعیی خۆی سەبارەت بە دیاردەی راوکردنی ئاژەڵ
و باڵندەی کێوی روونکردەوە و مەرجەکانی راوکردنی دیاریکرد.
بەپێی نوسراوێکی فەرمیی ئەنجومەنی باڵای فەتوا کە ئیمزای د. عەبدوڵڵا مەلا
وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی لەسەرە، تێیدا هاتووە: "لە چوارچێوەی شەرعیدا
راوکردن بە مەرج کارێکی دروست و رێگەپێدراوە، بەڵام پێویستە راوچی لە کاتی
راوکردندا بە راستی پێویستی بە گۆشتی ئەو ئاژەڵ و باڵندانە هەبێت و تەنها لەبەر حەز،
هەوەس، خۆشی و کایەکردن ئەو کارە نەکات".
لە نوسراوەکەدا پشت بە چەند فەرموودەیەکی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) بەستراوە،
کە تێیاندا نەهی کراوە لەوەی هیچ گیاندارێک تەنها لەپێناو کاتبەسەربردن بکرێتە نیشانە
و ئامانج، هەروەها هۆشداری دراوە لەوەی ئەگەر باڵندەیەک بەبێ سوود و بە ناهەق
بکوژرێت، لە رۆژی دواییدا دەبێتە سکاڵاکار.
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوە شەرعییەکەدا هاتووە، سەبارەت بەو ئاژەڵ و
درندانەی کە زیان بە مرۆڤ، کێڵگە، باخ و پەلەوەر دەگەیەنن وەک (بەراز، گورگ، دوپشک
و مار)، لە شەرعدا رێگە بە لەناوبردنیان دراوە، ئەمەش لەبەر ئەوەی پاراستنی گیانی
مرۆڤ و بەرژەوەندییەکانی لە پلەی یەکەمی مەبەستەکانی ئایندایە.
لە کۆتایی بڕیارەکەدا، ئەنجومەنی باڵای فەتوا جەختی لە پاراستنی ژینگەی
کوردستان کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە پێویستە سەرجەم هاوڵاتییان بە گشتی، بەتایبەت
بەرپرسان و لایەنە دەسەڵاتدارەکان، لە هەر پێگە و پایەیەکدا بن پارێزگاری لە ژینگە
و سروشتی وڵات بکەن.