فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی و چەند کۆمێنتێک؛ ناوەکە یان ئاستەکە؟
9/17/2026 3:11:00 PM
ئەحمەد مەحمود ئەمین
من لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم فێستیڤاڵەوە، وەک ڕاوێژکار، هاوکاری جدی هەموو بوارەکان و ئەندامی لیژنەی داوەران، بە دڵسۆزییەوە لەگەڵی بووم؛ چونکە ناوی سلێمانی لەسەرە. بۆیە ئەم نووسینە بۆ کەس نییە، بۆ پرسیارێکە: ئایا ئاستی فێستیڤاڵەکە یەکسانە بە ناو و مێژووی سلێمانی؟
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بە «نێودەوڵەتی» نابێت؛ بە ستاندارد دەبێت. بابزانین ستانداردەکان چۆنن؟
لە فێستیڤاڵێکی جدیدا، هەڵبژاردنی فیلمەکان دەبێت بە پێوەری ڕوون و تیمێکی پیشەیی بکرێت، نە بە پەیوەندی و ناسین؛ لیژنەی داوەران دەبێت لە سینەما شارەزا و سەربەخۆ بێت، و ئەزموون و ناوبانگێکی باشیان هەبێت و نێودەوڵەتیبوون لە جۆری فیلمەکان و ووڵاتە بەشداربووەکان و ئاستی میواناندا بە ڕاستی دیار بێت.
بەڵام پێش هەموو ئەمانە، پرسیارێکی بنەڕەتی هەیە: بودجەی فێستیڤاڵ لە کوێیە و سیستەمی دارایییەکەی چییە؟
فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی پێویستی بە بودجەی پێشوەخت، پلانێکی داراییی ڕوون و بنەمایەکی دامەزراوەیی هەیە؛ بۆ میوانان، فیلمەکان، خەڵاتەکان، هۆڵ و تەکنیک، میدیا، پێشوازی، گواستنەوە و هەبوونی ژێرخان بۆ فێستیڤاڵ. نابێت کاتێک مەودای فێستیڤاڵ نزیک دەبێتەوە، دەست بکرێت بە گەڕان بەدوای کۆمپانیا گەورە و بچووکەکان بۆ کۆکردنەوەی پارە و دروستکردنی بوودجە بۆ فێستیڤاڵ.
ئەگەر دامەزراوەیەکی تایبەت یان کۆمپانیای بەرهەمهێنانی فیلم خاوەنی فێستیڤاڵەکەیە، ئەوا پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا فێستیڤاڵەکە خاوەنی سیستەمێکی دارایی و دامەزراوەیی سەربەخۆ و درێژخایەنە، یان هەر ساڵە و لە سەرەتاوە دەست بە پەیداکردنی پارە و پشتگیری دەکات؟
ئەمە جیاوازیی نێوان فێستیڤاڵێکی دامەزراو و پرۆژەیەکی ساڵانەیە.
لە فێستیڤاڵە جددییەکاندا، بودجە تەنها بۆ ئەوە نییە ڕووداوەکە ئەنجام بدرێت؛ بەشێکە لە پلانێکی درێژخایەنی گەشەپێدانی فێستیڤاڵ. ڤینیس، کان و Sundance هەر یەکەیان پشت بە دامەزراوە، هاوبەشی، سپۆنسەر و سیستەمی بەڕێوەبردنی دیاریکراو دەبەستن، نەک تەنها بە دۆزینەوەی پارە لە کاتی نزیکبوونەوەی فێستیڤاڵ.
لە ڤینیس لیژنەی داوەران سەرەکی لە سینەماکارانی نێودەوڵەتی پێکهاتووە و پێشبڕکێکە بە سیستەمێکی دیاریکراو بەڕێوە دەبرێت. لە کان «Palme d’Or» بووەتە بەشێک لە ناسنامەی فێستیڤاڵەکە، و لە Sundance هەندێک خەڵات لەگەڵ پشتگیریی داراییی ڕاستەقینە پێشکەش دەکرێن.
خەڵاتیش نابێت تەنها شتێک بێت کە لەسەر سەکۆ بەدەستەوە بدرێت؛ دەبێت ڕێزێکی هونەری و بەهایەکی ڕاستەقینە بێت، و ئەگەر بکرێت پشتگیرییەکی کرداری و دارایی بۆ فیلمسازەکەش هەبێت.
هەروەها فێستیڤاڵ نابێت هەر ساڵەو لاوازتر بێت لە ساڵی رابردوو، دەبێت هەر خولێک بەهێزتر، پڕۆفیشنالتر و جێگیرتر بێت. ئەگەر هەر خولێک هەمان پرۆسەی پێشوو دووبارە بکاتەوە، هەمان کێشەکان و هەمان شێوازی دارایی و ڕێکخستن دووبارە بکاتەوە، ئەواگەشەکردن و پەرەپێدانی ئەو فیستڤاڵە لە کوێدایە؟ ببوورن من ئەم بەراوردانە بۆیە دەکەم چونکە باس لەنێودەڵەتیبوون دەکرێت!!!
لە کۆتاییدا، فێستیڤاڵێک کە ناوی سلێمانی لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت، تەنها پرۆژەیەکی تایبەتی نییە؛ ناوی شارێکی کەلتووری و پایتەختی ڕۆشنبیری لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت. بۆیە پێویستی بە پشتگیریی دامەزراوە کەلتوورییەکان، حکومەت، سینەماکاران، میدیا و بەشە تایبەتەکان هەیە، بە شێوەیەک کە فێستیڤاڵەکە خاوەنی بنەمایەکی دارایی و دامەزراوەیی جێگیر بێت.
پرسیارەکەم سادەیە:
ئێمە تەنها فێستیڤاڵێکمان دەوێت کە هەموو ساڵێک ئەنجام بدرێت، یان فێستیڤاڵێکمان دەوێت کە هەر ساڵێک ئاستی سینەمایی سلێمانی بەرزتر بکات؟
ناوی سلێمانی لەسەر فێستیڤاڵێک تەنها ناونیشان نییە؛ بەرپرسیارێتییە