781وتار

پایە بەرز ..خاتوو بلاسخارت ..

6/9/2022 8:03:00 PM
سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم

 كوردێك نییە سوپاسگوزاری خەمخۆریت نەبێت بۆ ئەم هەرێمە ، زۆرتر لەوە ، لە پاڵ ستایشەكان  ، پرسیارێك دروست بووە ، ئایا (بەڕێز بلاسخارت) ناتوانێت لەمە زۆرتر بۆ هەرێم بكات ؟ لە وڵامدا : بەڵێ‌ ئەتوانێت .

دەستت خوشبێت ، نوێنەری حزبە كوردستانییەكانت كۆكردەوە ، توانیت لە ڕێگای ئەو حزبانەوە ، بۆچونی نزیكەی لەسەدا سی 30% هاوڵاتیانی هەرێم بزانیت، ئەمێنێتەوە بۆچوونی زۆرینەی هاوڵاتیان بزانرێت ..

زۆر بە ئاسانی ، بە میكانیزمێكی دیموكرات ، ئەتوانرێت بۆچوونی زۆرینەی هاوڵاتیانی هەرێم بزانرێت، بە پشتگیریكردنی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ،بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێك ، بۆ زانینی ویستی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان ، سەبارەت بە (پەسەندی ونا پەسندی ) ئەنجامدانی هەڵبژاردن ، ڕەوایەتی (مانەوە یان  گۆڕینی) كۆی ئەم شێوازی حوكمڕانییە .
خاتوو بلاسخارت .. لێ‌ ڕابینین لە بەڕیزتان ، بۆ گۆڕینی باری ئێستای گوزەران و ژیانی هاوڵاتیانە ، نەك بەرەوە باشتر ، بەڵكو بەرەو ئاساییكردنەوە و ڕاستكردنەوەی زۆر لایەن، وەك :
یەكەم : لە هەرێمدا ، هەڵبژاردن بۆ نوێكردنەوەی مۆڵەتی دەسەڵاتداریەتییە، بۆ دوبارەكردنەوەی هەمان ئەزمونی حوكمڕانییە، بێ‌ كەم وزۆر ، واتا چیتر هەڵبژاردن  پەیوەندی بە دیموكراسییەوە نەماوە.

دووەم : لە هەرێمدا ، چەند ساڵ جارێك ، دەسەڵاتی حوكمڕان ، ئۆپۆزسیۆنێك دروست ئەكات ، بۆ ئەوەی ژمارەیەك هاوڵاتی ، جۆشی پرۆسەی دەنگدان بدەن ، بە بێ‌ ئەوەی دامەزراوە یاساییەكانی پاراستنی ئۆپۆزسیۆن و ژیانی سیاسی بونیان هەبێت ... هەموان بینیمان ، چۆن پەرلەمان پەك خرا ، چۆن ڕێگری لە سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی فراكسیۆن، پەرلەمانتار كرا بچنە ناو پەرلەمان .
سێ یەم :لە هەرێمدا ، پێگەی دەسەڵاتداریەتی حزبی و سەربازی ، ئاراستەكاری كایە یاسایی و دارایی و كارگێڕی و كۆمەڵایەتییەكانە، شتێك نییە بە ناوی سستمی حوكمڕانی .

بەڕێزتان ، لە پێگەیەكی نێودەوڵەتیدان ، ئەتوانن ئێستا و ئایندەی ئەم هەرێمە تا هەتایە بگۆڕن ، داواكارم لەبەڕێزتان ، لە پێناوی قەوارەی هەرێم و دانیشتوانی ، بیرۆكەی (ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێك بۆ گۆڕینی باری ئێستای هەرێم ) پێش ئەنجامدانی هەڵلژاردن ، پەسەند بكەن .


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن