972وتار

فەرمانبەران .. ئەو بەڵگەیە بۆ ئێوەیە

5/27/2020 3:22:00 PM
سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم

یەكەم جارە فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم بەڵگەیەكی ڕاستەخۆی مافە خوراوەكانیان دەست بكەوێت ، ئەو مافە خوراوەی ناونراوە (پاشەكەوت) ، بوو بە قەرز بەسەر حكومەتی هەرێمەوە ، بە دانپیانانی نوسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە 26/5/2020.
گرنگترین هەنگاو لە وەرگرتنەوەی قەرزدا ، بەڵگەی نوسراوە بۆ سەلماندنی ، ئێستا حكومەت ئەو بەڵگەیەی بە دانپیانان ڕاگەیاندووە ، ماوەتەوە فەرمانبەران و موچەخۆران داوای بە دۆكیومێنتكردنی ئەو قەرزە بكەن ، هەر فەرمانبەرەو لە ڕێگەی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیكەی تا دەگاتە ئاستی وەزارەتەكانیان ، بە نوسراو داوای بەڵگەی ئەو قەرزە بەزۆر لێسەندراوەیان بكەن.

پێویستە فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم ئەو ڕاستییە بزانن كە لە ئایندەیەكی نزیكدا و بەیاسای نوێی (چاكسازی) جۆرێكی نوێ‌ لە دابڕینی موچە دێتە ئاراوە، بەڵام جیاوازی ئەم دابڕینە لەو لێسەندنە زۆرەملێیەی پێشتر كە ناونرابوو (پاشەكەوت) ئەوەیە، ئەم لێبڕینە بە یاسایە، بەڵام ئەوەی پێشتر بە بێ‌ پاڵپشتی یاسا، بە زۆرە ملی وتاكڕەوی بوو .

ئەگەر ئەو قەرزە بە زۆر لێسەندراوەی فەرمانبەران لە ئێستا بە بەڵگە نەكرێت ، ئەوا ئەچێتە پاڵ ئەو لێبڕینانەی كە لە مانگەكانی داهاتوودا ڕووئەدەن، ئەوكات سەرجەم لێبڕینەكان تێكەڵ ئەبن و پاڵپشتی یاساییان دەبێت.

ناتوانم بزانم ئەو دانپیانانەی نوسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەمەبەست بووە یان بێ‌ مەبەست، بەڵام بەڵگە یاسایی مافی خوراوی سەرجەم فەرمانبەران و موچەخۆرانی بە درێژەی چوارساڵ درا بەدەستەوە، ماوەتەوە بە دۆكیومێنت بكرێت، بەر لە بەركاركردنی یاسا نوێیەكەی لێبڕینی موچە .

پێویستە فەرمانبەران ئەو بەڵگەی قەرزەیان بەدەستەوە بێت، بۆ ئەوەی دڵنیابن لە وەرگرتنەوەی مافەكانیان لەهەر ئایندەیەكی نزیك یان دوور ، لەهەر دەسەڵاتێك، نێودەوڵەتی بێت یان فیدرالی، هەرێمی بێت یان پارێزگا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن