8وتار

کۆتاییهێنان بە ڕێکخستنی حیزبیی وەك پێشمەرجی بە نیشتمانیکردنی هێزی پێشمەرگە

9/21/2026 11:11:00 AM
ئەبوبەكر كاروانی


   مەسەلەی یەکگرتنەوە و بەنیشتمانیکردنی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، نە پرسێکی نوێیە و نە بابەتێکی سادە؛ بەڵکو پرسێکی کۆن و هەستیارە کە مامەڵەکردن لەگەڵیدا، یەکێکە لە پێوەرە سەرەکییەکانی دیاریکردنی ئاستی نەتەوەیی و نیشتمان‌بونی ئەو عەقڵەی لە پشت بڕیاردان لەسەر چارەنوسی ئەم هێزانەوەیە.

ئەوەی پرسی یەکگرتنەوە و دوبارە بنیاتنانەوەی هێزی پێشمەرگەی لە ڕابردودا دواخستوە، زاڵبونی دید و بەرژەوەندیی حیزبی بوە بەسەر تێگەیشتن و بەرژەوەندیی نیشتمانیدا. هەر حیزبێک لە ڕوانگەی بەرژەوەندییە بەرتەسکەکانی خۆیەوە و لە چوارچێوەی بەڕێوەبردنی ململانێکان ، لەم دۆسیەیەی ڕوانیوە! بەردەوامبونی هێزەکان بە شێوەی حیزبی، بە پێچەوانەی پرۆژەی نیشتمانی کوردستانی باشور و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانە، کە لە ئاستی کوردستان وعێراق کۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرنگیی خۆی هەیە.

لەبەر ئەمە، پرسی یەکگرتنەوە و دوبارە بیرکردنەوە لە هێزەکانی پێشمەرگە دەبێت لە چەندین ڕوانگەوە لێک بدرێتەوە؛ لەوانە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، گەڕاندنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، بەهێزکردنی پێگە و توانای کورد و دابینکردنی توانای پێویست بۆ ئەوەی کورد لەم سەردەمە پڕ لە گۆڕانکارییە مێژوییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەبێتە قوربانیی هاوکێشەکان، بەڵکو بتوانێت دەستکەوتی سیاسی و نەتەوەیی بەدەست بهێنێت.

لە هەمان کاتدا، نیشتمانیکردنی هێزی پێشمەرگە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە پەرەپێدانی پرۆسەی نیشتمان‌سازی و گەلسازی لە باشوری کوردستاندا هەیە. ناکۆکی، دوبەرەکی و بونی چەکی حیزبی، لە ماوەی ڕابردودا بوەتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە پرۆژە و تواناکانی کۆمەڵگە ولەوانەش ئەم پرۆسە بە شێوەیەکی نیمچە‌ئیفلیج بمێننەوە. بۆیە، دامەزراندنی هێزێکی نیشتمانی و سەربەخۆ لە حیزبەکان، یەکێکە لە پێداویستییە بنەڕەتییەکانی پەرەپێدانی ئەو پرۆسەیە.

هەروەها ئەم بابەتە پەیوەندیی بە پاراستنی دۆسیەی هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەکان و بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتیشەوە هەیە. هێزێکی پێشمەرگە کە لە چوارچێوەی دامەزراوە نیشتمانییەکاندا کار بکات و سەروەریی یاسا و دامەزراوەکان بپذێرێت، دەتوانێت وێنەیەکی جیاواز لە هێزی چەکداری کوردستان لە بەردەم هاوبەشە نێودەوڵەتییەکاندا دروست بکات و بنەمای متمانەی زیاتر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێم دابین بکات.

کەواتە، پرسی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە لە زیاتر لە یەک ڕوەوە گرێدراوی پرۆژە و دۆزی نەتەوەیی کورد، چارەنوسی گەلی باشوری کوردستان و تەنانەت پارچەکانی تری کوردستانیشە. هەروەها پەیوەندییەکی گەورەی بە مەسەلەی نیشتمان‌سازی، داهاتوی دیموکراسی، عەقڵانیکردنی پەیوەندییە سیاسییەکان و گۆڕینی ململانێی چەکداری بۆ کێبڕکێی سیاسی و مەدەنییەوە  هەیە.هێزی پێشمەرگە دەبێت  وەلائی تەنها و تەنها بۆ نیشتمان و دەوڵەت بێت؛ یان لە بارودۆخی ئێمەدا، قەوارەی هەرێم و ئەو دەسەڵاتە سیاسییە بێت کە نوێنەرایەتی ئەو قەوارەیە دەکات، بەبێ گوێدانە ئەوەی کێ حکومەت پێک دەهێنێت و چ پاشخانێکی حیزبی، سیاسی و فکری هەیە. چونکە هێزی دامەزراوەیی بە دەوری دامەزراوەکاندا دەخولێتەوە و فەرمان لە دامەزراوە و یاسا وەردەگرێت، نەک لە سەرکردە و کەسایەتییە سیاسییە دیاریکراوەکان.

بۆ ئەوەی هێزێک ئەم خەسڵەتەی تێدا بێت، دەبێت ڕێکخستنی حیزبی بە دەستور و یاسا لە ڕیزەکانیدا قەدەغە بکرێت و بونی ڕێکخستنی حیزبی لە ناو هێزەکەدا بە پێشێلکردنی یاسا و تاوان بژمێرێت. هەروەها دەرگای کۆلێژەکانی پێگەیاندنی کادر و ئەفسەر و دامەزراوەکانی پەروەردەی سەربازی دەبێت بە ڕوی هەمو هاوڵاتییاندا وەک یەك کراوە بێت، بە پێی پێوەرە یاسایی و پیشەییە یەکسانەکان، نەک لە ژێر هەژمونی حیزبێکی تایبەتدا.

هەروەها هێزی پێشمەرگە دەبێت لە تێوەگلاندن لە ململانێ سیاسی و ناکۆکییە ناوخۆییەکان دور بخرێتەوە. پێوەرەکانی دۆست و دوژمن و عەقیدە و ئەرکی سەربازییەکەی دەبێت لە ڕوانگەی پێوەرە نیشتمانی و نەتەوەییەکانەوە دیاری بکرێن، نەک لەسەر بنەمای هەستیارییە سیاسی و حیزبییەکان. هێزی چەکدار نابێت ببێتە بەشێک لە ململانێی ناوخۆیی و حیزبیەکان، چونکە ئەمە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر یەکگرتویی و متمانەی کۆمەڵگە بە دامەزراوە سەربازییەکان دادەنێت.

لە هەمان پێناودا، لە هەندێک وڵاتدا بۆ ئەوەی هێزە چەکدارەکان لە هەر جۆرە هەستیارییەکی سیاسیی و ململانێی حیزبیی دور بخرێنەوە، تەنانەت بەشداریکردنی ئەندامانی هێزە چەکدارەکان لە هەندێک جۆرە چاڵاکییە سیاسییەکان یان دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانیش سنوردار یان قەدەغە کراوە. مەبەستی ئەم جۆرە ڕێوشوێنانەش ئەوەیە کە هەستی لایەنگری حیزبی لەناو هێزی چەکداردا دروست نەبێت و سەرباز لە هەمو بارودۆخێکدا خۆی لە ژێر چەتری نیشتماندا ببینێت، نەک لە ژێر چەتری حیزبێکدا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن