تاقیگەی سلێمانی
6/15/2020 8:57:00 PM
سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم
لە دوای نەمانی مام جەلال وكاك نەوشیروان ، پارێزگای سلێمانی لە زەمینەیەكی سیاسییەوە ، بوە بە تاقیگەیەكی حزبی و ئیداری وبازرگانی بێ پێوەر ، بۆ ژمارەیەك سوودمەند .
لەم تاقیگەیەدا ، سوودمەندەكان لە هیچ بەرپرس نین ، دەرگاكانی ئەم پارێزگایە بە رویاندا واڵایە ، تا بۆیانبكرێت سلێمانی بەكار ئەهێنن ، بۆ هەر مەبەستێك بێت .
سوودمەندەكان، لە سەردەمی بڵاوبونەوەی ئەم دەردە كوشندەیە زۆر بە زەقی كەوتنە ڕوو ، ئەبینین لە ڕووی حزبایەتییەوە ، هەر كەسێك لەهەر حیزبێكی سلێمانی نشین بیت ، ئەتوانیت بە ناوی سلێمانییەوە ، بچیت بە گژ داروبەرد دا ، بە بێ ئەوەی كەس پێی بڵێت (.. تۆ كێشەی حزبی یان دەروونی و شەخسیت هەیە لەگەڵ ئەوانەی بە گژیاندا ئەچیت ، بۆ بابەتی ئەم دەردە كوشندەیە-ت لە سلێمانی كردووە بە بەهانە ؟!!) پێچەوانەكەیش ڕاستە ، سەبارەت بە ئەوكەسانەی حیزبنشینی دەرەوەی پارێزگای سلێمانی-ن .
سلێمانی تاقیگەیە ، بۆ پزیشكێكی حزب ، لە 2ی 6ی 2020دا ، لە پێناوی حزبەكەیدا ، دژی قەدەغەی هاتوجۆ ، ، بە پێچەوانەی ویژدانی خۆی لە كەناڵی جزبەكەیەوە ، باوەڕی خەڵكی پارێزگای سلێمانی بەو دەردە كوشندەیە لاواز ئەكات، تەنها لە پێناوی دژایەتیكردنی حزبێكی تری حوكمڕان لە پارێزگایەكی تر .
سلێمانی تاقیگەیە ، بۆ پەرلەمانتارێكی حزب ، لە 2ی 6 ی 2020 دا خۆی ئەخزێنێتە ناو ژمارەیەك خەڵكی بێ دەرامەت و بە ناوی پارێزگای سلێمانی بانگەشە بۆ دژایەتی كردنی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی خۆپارێزی ، ئەكات ، لەبەر ئەوەی ((وەك خۆی فەرموی : تا ئێستا لە سلێمانی ڕۆژانە هەزار كەس نەمردووە ... ونا بێت سەرچاوەی بڕیاری قەدەغە لە پارێزگایەكی تری هەرێمەوە دەربچێت !! )) بەڵام لە 15ی 6دا ، هەمان پەرلەمانتار ، دەسەڵاتی هەمان پارێزگا بە دژایەتیكردنی باری تەندروستی سلێمانی تۆمەتبارئەكات و خۆی وەك خەمخۆرێك ئەناسێنێت .
سلێمانی تاقیگەیە ، بۆ بەرپرسێكی كارگێڕیی ، لە 2ی 6ی 2020دا ، لە ژێر دروشمی برسێتیدا ، قەدەغەی هاتوچۆ هەڵدەگرێت ، بەڵام لە 15 ی 6 دا ، فەرمانگەیەكی ئەو یەكە كارگێڕییە ، دەرگاكانی دائەخات بە هۆی ئەو دەردە كوشندەیە .
سلێمانی تاقیگەیە ، بۆ كۆمەڵێك بازرگانی مەرگ ، كە گوشاریانكرد بۆ هەڵگرتنی بەربەستەكانی ڕووبەڕووبونەوەی ئەم دەردە كوشندەیە ، تا زۆرترین سوود لە سنووری جوگرافی سلێمانی وەربگرن .
بەرامبەر بە ئەوانی سوودمەند ، زەرەمەندی یەكەم هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانییە ، بە تایبەتی ئەو بەرپرس و كارمەندانەی شانیان داوەتە بەر ئەو مەترسییە ، شەو و ڕۆژ بەرگری لە سلێمانی ئەكەن ، سلێمانی بە تاقیگەی نازانن ، ئەوانە ، بەرپرس وكارمەندانی تەندروستی وئاسایش و پۆلیسی پارێزگاكەن .
چیتر ناكرێت سلێمانی تاقیگە بێت بۆ ژمارەیەك سوودمەندی حزبی و بازرگانی ، هاوكات زەمینەی مەرگ بۆ دانیشتوان و خەمخۆرانی .