9وتار

یەکێتی و قەیرانی ماچ

6/9/2025 1:32:00 PM
سەردار عەزیز

لە ساڵی ٢٠٠٦، ڕۆژنامەنوسی بە ناوبانگی ئەمریکی لی ئەندرسن، بۆ ماوەیەک لە گەڵ جەلال تاڵەبانیدا دەبێت هەتا پرۆفایلێکی لە سەر بنوسێت بۆ گۆڤاری بەناوبانگی نیورکەر. پرۆفایلەکە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٧دا لە ژێر ناونیشانی کاک گەورە MR. BIG بڵاوبوەوە.
لە میانەی گفتوگۆکانیاندا باس لە ماچکردن دەکەن، تاڵەبانی باسی سەفەری ساڵی ١٩٥٥ دەکات بۆ چین، لەوێدا بە ئەندرسن دەڵێت، ئەویشم ماچ کرد، دیارە مەبەستی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی چینە بە ناوی تچۆ ئێنلی  周恩来.

ئەگەر کەمێک دێرێدایانە بنواڕین، دەربڕینێک هەیە کە کەمێک زیادەیە بەڵام دەرخەری زانیاری گرنگە لە پشتەوە. دەربڕینەکە ئەوەیە کە تاڵەبانی بە ئەندرسن دەڵێت ئەویشم هەروەها ماچکرد I kissed him, too. ئەم دەربڕینە ئاماژەیە کە پێش ئەوەی باس لە دیداری سەرۆک وەزیرانی چین بکەن باسی ماچی کەسانی تر کراوە لە لایەن تاڵەبانییەوە، چونکە دەربڕینی too یان هەروەها، ئاماژەیە بۆ بونی کەسی ماچکراوی پێشتر.ئێمە دەزانین کە لە جێگایەکی تر ئەندرسن باسی ئەوە دەکات کە چۆن تاڵەبانی تاکە کەسە کە لە هەمانکاتدا کۆندەلیزا ڕایس و ئەحمەدی نەژادیش ماچ دەکات.

تاڵەبانی بەوە ناسراوبوو کە توانای ئەوەی هەبوو لە گەڵ کەسانی جیاواز لە جەمسەرە سیاسییەکاندا، پەیوەندی دروست بکات، لەم دۆخەدا بە تایبەتی سیاسییە ئێرانی و ئەمریکیەکان. 

ئایا دۆخی یەکێتی و جیوپۆلەتیکی سلێمانی تاڵەبانی ناچارکردوە کە وەها بێت یان کەسایەتی تاڵەبانی خۆی وەهابوە، ئەمە وەک جەدەلی مریشک و هێلکەیە. ئەوەی گرنگە کە سلێمانی یان یەکێتی بە ئاسانی ناتوانێت لە جەمسەرێک بێت، بەڵام ماچکەری پێویستە بۆ ئەوەی لە جەمسەرێک زیاتر بێت. دەکرێت بڵێین کە ئێستا یەکێتی قەیرانی ماچی هەیە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن