128وتار

تایوان و تۆ؟!

5/25/2024 12:34:00 PM
سەردار عەزیز

ڕۆژی دووشەممە لای چینگ-تی 賴清德 بوو بە سەرۆکی تایوان. لای بەوە ناسراوە کە سەربەخۆخوازە. بەو مانایە دەیەوێت تایوان ببێت بە ولاتێکی سەربەخۆ جودا لە چین. بۆ وەڵامدانەوەی ئەمە و ناردنی پەیامی هەڕەشە و ترساندن بۆ لای، شی جیاوپینگ بڕیاری دا کە مانۆرێکی سەربازی دەست پێبکات و دەوری دورگەکە بگرێت. 

ئەم روداوە، کاریگەریی تەنها لە نێوان ئەم دوو لایەندا نیە، بەڵکو بە هەموو پێوەرێک ڕوداوێکی جیهانییە. پاش زاڵبونی چین بە سەر زۆر بواری بازاڕ و ئابوری عێراق و کوردستاندا، بە تایبەتی لە بواری نەوت و تەکنەلۆجیادا، ئەوا هەر ڕودانێک لە چین ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لە سەر هەموو عێراقییەک.

لەم روەوە قسە لە سەر ئەم پرسە دەکەین.

دۆخی تایوان ئاڵۆزە. ڕەگی ئەم پرسە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای چینی نوێ. کاتێک لە جەنگی ناوخۆی چیندا دوو لایەن هەبون، لایەنی ناسیونالیستەکان لە گەڵ کۆمیونیستەکان. سەرئەنجام ماو تسی تونگ بە سەر کۆمینتانگدا سەرکەوت. ئەمەش بوو بە هۆکاری ئەوەی کە ملیونێک و دوو سەد هەزار کەس لە چینەوە بڕۆن بۆ دورگەی تایوان. 

پەیوەندی نێوان ناسیونالیزم و سۆشیالیزم لە چین زۆر تێکەڵە، بە پێی جونگ چانگ و جۆن هالیدەی، کە یەکێک لە باشترین بایوگرافیاکانی ماویان نوسیوە، ماو تێکەڵەیەک بوو لە هەردوو، زۆر بەلایەوە سەخت بوو کە بڕیاربدات کامیانە، بەڵام ڕادیکاڵبونی کۆمیونیزم، مایەی سەرنجی زیاتری بوو. ماو وەک لادێییەکی نیمچە ڕۆشنبیر زۆر توندڕەوبوو. 

سەرەتا تایوان وەک چین دانی پیادانرابوو لە ئاستی دونیادا. بەڵام پاش ئاشتبونەوەی ئەمریکا و چین، ئەمریکا بە پرینسیپی یەک چین ڕازی بوو. مەبدەئی یەک چین یانی هەموو ئەو سەرزەمینانەی کە ئیمپراتۆریەتی چین دەستی بە سەریاندا هەبوو دەبێت لە لایەن دەوڵەتی ناوەندی چینەوە حوکمبکرێن و یەک چین هەبێت. بەم پێیە دەبێت تایوان بگەڕێتەوە ناو سیستەمی چینی وەک هۆنگ کۆنگ و مەکاو. 

هەرچەندە ئەمریکا دانی بە مەبدەئی یەک چیندا ناوە وەک بنەمایەک بۆ بونی پەیوەندی لە گەڵ چیندا، بەڵام لە پراکتیزدا، جێبەجێی ناکات، چونکە بە کردار پشتیوانی تایوان دەکات. ئەمەش ئەو دۆخەی دروستکردوە کە ئەمریکا پشتی سەربەخۆیی تایوان ناگرێت بەڵام هەتا ئاستێک پشتیوانی دەکات. لە زۆر ڕوەوە هاوشێوەییەک هەیە لە نێوان کوردستان و و عێراق و تایوان و چیندا، بە تایبەتی لە پەیوەندی لە گەڵ ئەمریکادا.

ئەمریکا مەبدەئی یەک عێراقی هەیە، بەڵام پشتیوانی لە کوردستان دەکات. ئەم پشتیوانییە ناگاتە ئاستی داکۆکی سەربازیی، ئەمەش بۆ تایوان هەتا ئاستێک ڕاستە. چاوەڕوان ناکرێت لە ساتی هێرشی چیندا، ئەمریکا ڕاستەوخۆ لە ئاستی سەربازیدا ڕوبەڕوی چین ببێتەوە.

بە پێچەوانەی کوردستان، تایوان وەها دەبینرێت کە دیموکراسی و پێشکەوتوە. تایوان لە پێشەنگی وڵاتانی دونیادایە، بۆ دروستکردنی چپس، کە کرۆکی ئابوری ئەم سەردەمەیە. هەندێک قسە هەیە کە ئەمریکا دەخوازێت ئەم کارگانە لە تایوان بگوێزێتەوە هەتا نەکەونە دەستی چین چونکە ئەوە چین هێندەی تر بەهێزدەکات. ئەمەش هەتا ساڵی ٢٠٢٧ی دەوێت. 

لە کاتێکدا کە لای سەربەخۆییخوازە، شی جیاوپینگ، بە هەمان گوڕ ئەگەر زیاتر نەبێت، دەخوازێت تایوان بگەڕێنێتەوە، بە دەربڕینی خۆیان. شی نەدەبوو ئێستا سەرۆک بێت، بەڵام خۆی بۆ خۆی درێژکردەوە، لە جەماعەتی درێژکەرەوەیە. یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم درێژکردنەوەیە گێڕانەوەی تایوانە.

هەروەها چاودێران وەهای دەبینن کە شی پێویستی بە دەستکەوتێکی مێژویی هەیە، پێش ئەوەی بڕوات، دیارە من بەش بە حاڵی خۆم گومانم هەیە لە ڕۆشتنی شی پێش مردنی، ئەو دەستکەوتەش گێڕانەوەی تایوانە. دیارە شی دەستکەوتی تری هەیە، بۆ نمونە لە ناو بردنی هەژاریی. بەڵام ئەگەر لە دیدی شی بنواریت حەوت ستراتیژی هەیە، بۆیە لە ئامانجەکانیدا زۆر فرەئاستە.

سەرباری خواستی کەسیی و ئایدەلۆژی و مێژویی، چین زۆر بە ئاگاییەوە هەنگاوەکانی دەنێت. ئۆکرانیا ڕوداوێک بوو کە چین ئەزمونی زۆری لێ وەرگرت. بەڵام چین و ڕوسیا لە روی پێکهاتەو و ئابوری و ڕۆڵیان، لە دونیادا جیاوازن. 

شی لە دوا دیداریدا لە گەڵ پوتیند باسی لە رەتکردنەوەی هەوڵی ئیحتواکردنی جوتەیی کرد. بەو مانایە گوای ەئەمریاک چینو و ڕوسیا ئیحتوا بکات.

تایوان لە کرۆکی پەیوەندی چین و ئەمریکادایە، نەک لە بەر تایوان بەڵکو لە بەر هۆکارێکی تری جیاواز. چین، لە هەناو تێگەیشتن و سیستەمی ئەمریکیدا دەبێت وەها گەشە بکات کە بەشێک بێت لەو سیستەمەی کە ئەمریکا خاوەندارێت دەکات. بەو مانایە کاڵای هەرزان و زۆر بۆ جیهان بەرهەم بهێنێت. ئەگەر هاتوو گۆڕانکارییەکیش ڕویدا، ئەوا بە ئاقاریی دیموکراسی بون و لیبرالیزمدا بێت نەک ئاقاری تر.

بەڵام چین دەیەوێت لەو ڕۆڵە دەربازی بێت و ببێت بە ولاتێکی نیمچە ئیمپراتۆریەت لە ناوچەکەی خۆیدا. گرتنی تایوان یەکەم هەنگاوی کرداری ئەو پرۆسەیە دەبێت. بۆیە ئەمریکا و وڵاتانی تری ناوچەکە چوار سیستەمی بەرگرییان بۆ ئەو مەبەستە داناوە، کە لە یابانەوە دەست پێدەکات هەتا ئوسترالیا و پاسفیک. 

دەربڕینێک هەیە دەڵێت، ڕوسیا بە سیستەمی جیهانی وەک زریانێک وایە، بەڵام چین وەک گەرمبونی ژینگە وەهایە، بەو مانایە ڕوسیا ڕەنگە بەچڕی و بە گوڕی زۆر زیانێکی زۆر بدات، بەڵام کورتخایەنە و زوو دەنیشێتەوە. بەڵام چین سەرتاپای سیستەمەکە دەگۆڕێت. بۆیە دیسانەوە بەخێربێن بۆ سەردەمی چینی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن