وتار

نەوت و داهاتوی عێراق

5/1/2019 3:03:00 PM 673 جار خوێندراوەتەوە
سەردار عەزیز

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابوردوو ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە راپۆرتێکی تایبەتی بە عێراق بڵاوکردەوە. ئەمە دووەم راپۆرتە پاش ڕاپۆرتەکەی ساڵی ٢٠١٢. بە گشتی عێراق بەرهەمی نەوتی زۆرکردوە، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا لە ساڵی ٢٠٣٠ بڕی بەرهەم هێنان دەگاتە ٦ ملیون بەرمیل لە ڕۆژێکدا.  بەڵام عێراق لە ناوەوە و دەرەوە لە بەردەم کۆمەڵێک زۆر لە ئالنگاریدایە. یەکەم خاڵ لە ڕاپۆرتەکە  باس لە گۆڕینی دۆخی وزە دەکات لە دونیادا،  کە خۆی فرە سەرچاوەیی وزە، گەشەی تەکنەلۆجیا، گۆڕینی ژینگە، گۆڕینی ڕەفتار و هۆکاری تردا دەبینێتەوە. عێراق وەک وڵاتێکی بەرهەمهێن نەوت ی بەرهەمهێنراو دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەم گۆڕانکارییانەوە. ئایا عێراق پلانی درێژخایەنی هەیە بۆ سەردەمی پاش نەوت؟ زۆربەی سیاسیەکانی ئەمڕۆ عێراق لە ئاستی ئەوەدانین بەم شێوە ئاڵۆز و چڕییە بیر بکەنەوە.
بەڵام با زیاتر قسە لە سەر ناوخۆ بکەین. لە ناوخۆدا عێراق کۆمەڵێک زۆر لە کێشەی هەیە. کێشەی یەکەم ئاسایشە، لە کاتێکدا کەرتی نەوتی عێراق پێویستی بە نۆژەنە، بەڵام عێراق پێویستی بە بڕی زۆری پارەیە بۆ بەڕێوەچونی ئەو سیستەمە سیاسیەی کە هەیەتی. کرۆکی سیستەمی سیاسی عێراقی لە سەر بنەمای  پاترۆنەژە. پاترۆنەژ جۆرە سیستەمێکە کە لایەنگیری و پشتیوانی و وەلا دەکڕدرێت. خەڵک  چیدی لە سەر بنەمای باوەڕ یان ئایدەلۆژیا پەیوەست نین بە لایەنە سیاسیەکانەوە بەڵکو پەیوەندیەکە پەیوەندیەکی سودمەندی ئابورییە. ئەمەش پێویستی بە بە فیرۆدانی داهاتێکی زۆرە.
لایەنێکی تری قەیراناوەی دابینکردنی کارەبایە. کارەبا کێشەیەکی ئێجگار ئاڵۆزە لە عێراقدا. عێراق لە هەردوو وەرزی هاوین و زستاندا، بە هۆی سارد و گەرمی کەش و هەواوە پێویستی بە بڕێکی زۆری کارەبایە بۆ فێنککردنەوە و گەرمکردنەوە. بەڵام کارەبای عێراق توانای دابینکردنی ئەو بڕەی نیە. کەرتی کارەبا زۆر بە خراپی بەرەوپێش ئەچێت چونکە قەیرانی ئێجگار زۆری تیایدایە. یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکانی عێراق، هەروەها کوردستانیش لە سیستەمی دابەشکردندایە. بڕی ٤٠٪ وزە لە ڕێگای هێڵەکانی دابەشکردنەوە دەفەوتێت. لە کاتێکدا لە دواکەوتوترین وڵاتانی  ئەفریقا ئەم بڕە ١٤٪. ئابوریناسی تورک و سەرۆکی ئاژانسەکە فاتیح بیرۆل لە دیدارێکیدا لە گەڵ عیراق ئۆیل ریپۆرت ئەم زانیارییانەی ئاشکرا کرد. لە عێراقدا کارەبا لە ڕێگای گاز، غاز و کەمێک لە ڕێگای ئاوەوە دابین دەکرێت. عێراق خۆی غازی کەمە، لە ڕاستیدا زۆری هەیە بەڵام بایەخی پێنەدراوە. غاز بە دوو جۆری جودا و پێکەوە لە گەڵ نەوتدا بوونی هەیە. لە کوردستان خۆر مۆر کە کۆمپانیای لولوئە بەڕێوەی دەبات دەبێت بڕی بەرهەمهێنانی بۆ ٦ بلیون کویبیک  زیاد بکات لە ساڵانی داهاتودا. بەڵام عێراق غاز لە ئێران دەکڕێت بۆ کارەبا ئەمە پرسێكی ئاڵۆزە، لە دۆخی ئاڵۆزبونی پەیوەندی نێوان ئەمریکا و ئێراندا.
پرسێکی تر جێگەی سەرنجە بازرگانی ماتۆڕی کارەباکانە. لە عێراقدا بڕی ٤ ملیار دۆلار بۆ کارەبای موەلیدە دەچێت. نرخی کارەبای موەلیدە لە عێراق لە نرخی کارەبای ئەڵمانیا گرانترە. هەندێک وەها بیر دەکەنەوە کە ئەم سودە گەورەیە ڕێگرە لە باشکردنی کارەبا، وەک چۆن لە لوبنان کێشەیە.
بوارێکی تر پاڵاوگەیە، عێراق پێویستی بە پاڵاوگەی زۆترە بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی ناوخۆی.
هەموو ئەو کێشانە کە لە عێراقدا هەیە لە کوردستانیش بوونی هەیە لە بواری نەوت، غاز و کارەبا، بەڵام بە شێوازی جیاواز. خاڵێک لێرەدا جێگای سەرنجە داهاتوی کەرتی غازە لە کوردستان، کە پەیوەستە بە کارەبا  بۆ ناوخۆ و هەروەها پەیوەندی بە تورکیا و ئەوروپا. لە ٢٠١٣ هەرێم و تورکیا پلانی ئەوەیان هەبوو کە غازی هەرێم بچێت بۆ تورکیا لە ٢٠١٧. بەڵام ئەم پلانە فەراهەم نەبوە. لە هەمانکاتدا هەندێک گۆڕانکاری سەرنجڕاکێشە دروست بوون. یەکەم، تورکیا وەک جاران سور نیە لە سەر داخوازی غازی هەرێم، دووەم، بوونی هەرێم بە سەرچاوەیەک بۆ ئەوروپا، لە میانەی پرۆسەی فرە سەرچاوەیی کردنی غازی ئەوروپی؛ چیدی وەک بژاردەیەک نابینرێت، لە بەر بوونی روسنەفت لە پرۆسەکەدا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن