870وتار

هەرێم و بەغداو تورکیاو مەسەلەی بۆرییەکە!

5/21/2019 7:47:00 PM
سەردار عەزیز

 

لە یەکی حەوتی ساڵی ١٩٧٤ دیکتاتۆری پێشوو سەدام حسێن، کە ئەو کات جێگری سەرۆک بوو، بە سەردانێک دەچێتە ئەنکەرە، لەوێ سەرۆک وەزیرانی تورکیای ئەو کاتە بڵند ئەجەوید پێشوازی لێدەکات. بۆ تورکیا دوو پرس لە ئارادابوو: یەکەم، ئەو ڕۆژگارە بەهۆی پرسی قوبرسەوە تورکیا لەژێر فشاردا بوو، پشتیوانی عێراق بۆی جێگەی بایەخ بوو. پرسی دووەم پرسی نەوت و ڕاکێشانی بۆڕی نەوت بوو. هەردوو پرسەکە تێکئاڵاوبوون، کاتێک تورکیا دەترسا کە ئابڵوقە لە بواری وزەشدا بەسەریدا بسەپێت، بۆیە هەوڵی دەدا خۆی لە هەژمۆنی زەبەلاحەکان، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوتی جیهانی رزگار بکات و ڕاستەوخۆ نەوت لە عێراقەوە بەدەستبهێنێت.

بۆ عێراق پرسی سەرەکی داواکاری بوو کە تورکیا فشار بکاتە سەر ئێران کە پشتیوانی بۆ کوردەکان ڕابگرێت.

لە دیدارەکەدا لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە بۆڕی گواستنەوەی نەوت بە بڕی نیو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە کەرکوکەوە بۆ بەندەری جیهان دروست بکرێت. لە ساڵی ١٩٧٥ دروستکردنی دەستی پێکردو ساڵی ١٩٧٧ تەواوبوو. پرسی ئەوەی بۆچی ئەم بۆڕییە دروستکرا، چ کاریگەری هەبوو لەسەر پەیوەندی نێوان ئەم دوو وڵاتەو هەروەها پرسی کورد، هێندە کاری توێژینەوەو ئەکادیمی لەسەر نەکراوە. ئێمەش لێرەدا ئامانجمان ئەوە نیە کارێکی ئەکادیمی لەوبارەوە بکەین. ئەوەی لەم نوسینەدا مەبەستمانە ڕوناکی خستنە سەر کۆمەڵێک ئاڵۆزیە کە ئەمڕۆ لەبارەی پەیوەندی نەوتی نێوان تورکیاو عێراق لەئارادیە کە ئامانجی سەرەکی هەرێمی کوردستانە.

لە ساڵی ٢٠١٤ حکومەتی عێراقی لە ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی شکات لە تورکیا دەکات بۆ کڕین و فرۆشتنی نەوتی هەرێم. ئەم شکاتە ئێستا خەریکە دەگاتە دوا قۆناغی، ڕەنگە لە پایزی داهاتوودا دەرئەنجامەکانی دەرکەوێت. ئەم پرسە لە هەمانکاتدا لە دادگا باڵای فیدڕالی عێراقی لە چاوەڕوانی بڕیار لەسەرداندایە.

ئەم پرسە یاساییە لەهەمانکاتدا سیاسیەو وڵاتانی ناوچەکەو ئەمریکاش نەک هەر چاودێری دەکەن بەڵکو چالاکانە ڕۆڵی تیادا دەبینن. قسەکردن لەسەر ئەم پرسە لە میدیای کوردیدا بەگشتی لە ڕووی سیاسەت و ململانێی ناوخۆیی هەرێمەوەیە، کە هەمیشە تەنها بەشێک لە دیمەنەکە دەگوێزێتەوە.

لە کرۆکی ئەمەدا پرسێک هەیە: ئایا هەرێم مافی هەیە کە نەوتی بفرۆشێت؟ کاتێک حکومەتی مالکی  شکایەتەکەی لە ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی تۆمار دەکات، حکومەتی تورکی پرس بە دادوەرێک دەکات لە واشنتۆن. بە دیدی ئەو دادوەرە  پرسەکە هەروا بە ئاسانی نیە. بەڵکو ئەگەر هاتو ژورەکە لە بەرژەوەندی لایەک بڕیاری دا، ئەوا دادگای نێودەوڵەتی دەبێت بڕیار بدات لە بارەی سزاکەوە، کە پرسێکی ئاڵۆزو ناڕونە. لەم ڕوەوە دادوەری ناسراو جەیمس کرافۆرد لە ساڵی ٢٠٠٨ بەپێی لێکۆڵینەوەکەی وەهای دەبینێت کە هەرێم مافی هەناردەی نەوتی هەیە.

 James Crawford 2008 The Authority of the Kurdistan Regional Government over Oil and Gas under the Constitution of Iraq
بە هەمانشێوە لە دادگای فیدڕاڵی ئەم پرسە لە دواخستندایە بە کۆمەڵێک هۆکارەوە. یەکێک لەوانە پەیوەندی نێوان سیاسی بوونی ئەم پرسە لەگەڵ یاسایی بوونی. بۆیە سەرلەنوێ داوا لە هەردوولایەن: حکومەتی عێراقی و هەرێم کراوە، بەتایبەت پاش تێپەڕاندنی بودجەی عێراق، کە خواستیان بەرامبەر ئەم پرسە دەرببڕن. هەردوولا لە ڕێگای پارێزەرەکانیانەوە خواستی خۆیان دەربڕیوە.

بەڵام هەرێم دەیەوێت سودمەند بێت لە بڕگەی دەی یاسای بودجەی ئەمساڵ کە داوا لە هەرێم دەکات بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بداتە سۆمۆ. ئەم بڕگەیە بە ناڕاستەوخۆ دان بە مافی هەرێمدا دەنێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئیدارەی سامانی سروشتیدا. 

ڕۆژی سێشەممە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەچێتە ئەنکەرە، پرسی کێشەی نەوتی هەرێم و شکاتی حکومەتی عێراقی لە کۆمپانیای بۆتاشی تورکی و ئەگەری بڕیاری ئەو دادگایەو کاریگەری لەسەر ناوچەکە پرسی سەرەکی دەبێت. بۆڕی گواستنەوەی نەوت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مێژویەکی باشی نیە. ئایا بۆڕی کەرکوک جەیهان توشی قەیران دەبێت؟

بە ڕای ئێمە نەخێر. لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە. یەکەم، هیچ کام لە وڵاتانی کاریگەر لەسەر ئەم پرسە ئەم بڕیارەیان ناوێت. ئەمریکاییەکان ڕاستەوخۆ کاری لەسەر دەکەن و هەوڵی وەستانی دەدەن. دووەم، ئێرانیش ئەو دۆخەی پێ باش نیە. سێیەم، ئەگەر هەرێم ڕۆژانە بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیل بە بەغدا بدات ئەوا دەبێت زەمینەسازی بۆ ئەو دۆخە بکرێت، چونکە لە هەرێم کۆمپانیای بیانی بوونی هەیە، لەنێویاندا کۆمپانیای روسی، کە ئەو وڵاتە ڕاستەوخۆ دەکات بەشێک لە پرسەکە.
چوارهەم، نە حکومەت و نە پەرلەمانی عێراقی لەگەڵ ئاڵۆزکردنی ئەم پرسەدان، زیاتر لەگەڵ ئیدارەدانی دان. ئەو لێدوانانەی کە دەدرێت هەموو یان بۆ سوککردنی دۆخەکەیە یان بە ئامانجی سیاسی تایبەت.

بۆیە ئەگەری هەیە دۆخەکە هەتا بودجەی ٢٠٢٠ بەمشێوەیە درێژە بکێشێت.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن