79وتار

هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا: ترپەی پێی کێ دێت؟

11/4/2024 11:45:00 AM
سەردار عەزیز

ڕۆژی سێشەمە گرنگترین هەڵبژاردن لە مێژوی ئەمریکادا ڕودەدات.

ئەم هەڵبژاردنە وێنەی نەبوە لە مێژوی ئەمریکا: ئەگەرەکان کراوەن. وەک ڕاپرسییەکان دەریدەخەن زۆرینەی زۆری ئەمریکییەکان لە دۆخێکی پڕ لە ناسەقامگیریی و ترسدا دەژین. 

 

ئەمریکا لە دوو ڕیانێکدایە، یان دەبێت بە وڵاتێکی کراوەی فرە، یان هەڵدەدرێی بکرێت بە جۆرێک لە ئەفریقای باشوری جاران. 

 

هەر یەکێک بیباتەوە ئەگەری گرژی و پێکدادان زۆرە.  لە هەمانکاتدا ئەگەری قبوڵنەکردنی ئەنجامەکان، بە تایبەتی لە لایەن ترەمپەوە ئەگەر کەمالا بیباتەوە. ئەستا لە ئەمریکا شتێک نەماوە بە ناوی کۆماریی، ئەوەی هەیە ترەمپیە. ترەمپ تەنها و تەنها خۆی لا مەبەستە. خۆی لە سەروی مرۆڤایەتیەوەیە. بڕوای وەهایە چونکە هەرچیەک بە دەمیدا بێت دەیڵێی کەواتە دەتوانێت هەرچیەکی ویست بیکات. بەڵام ئەمە جگە لە منالێتی هیچی تر نیە.

 

ترەمپ بە توڕەییەوە دێت. ئەگەری کشانەوەی لە ناتۆ و هاوپەیمانیەکانی تر زۆرە، چونکە وەهای دەبینێت ئەمانە بە فیڕۆدانی سامان و توانای ئەمریکان. بەڵام وەک جۆن بۆڵتن دەڵێت ئەوەی دەیڵێت نیشانەی نەزانیەتی نەک زانینی.

 

 هاتن یان نەهاتنی ترەمپ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخێکی پڕ ناسەقامگیرییە. ئەمریکیەکان بۆ ئەوەی ئێران لە هێرش و وەڵامدانەوە بوەستێنن، فڕۆکەی زەبەلاحی ب٥٢یان هێناوە بۆ قەتەر. دیارە بۆ پەیامە بۆ ئێران.

 

ئێمە جارێکی تر گوێبیستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ دەبین. ئەم زاراوەیە لای مرۆڤی کورد باش ڕون نیە. ئەمریکاییەکان کە لە ٢٠٠٣ هاتن ویستیان ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ دروست بکەن لە عێراقەوە بە مەبەستی هێشتەوەی تاک جەمسەریی ئەمریکا لە دونیادا. بەڵام دەتوانین بڵێین کە هەوڵەکە دەرئەنجامی پێچەوانەی هەبوو.

 

ئێستا جارێکی تر ئەم خەیاڵە هاتوەتە ئاراوە، ئەمجارەیان بە پێشەنگی ئیسرائیل. ئیسرائیل پێی وایە بە لاوازکردن یان کۆتایی ئێران دەتوانێت لە گەڵ عەرەبدا ئاشتی بکات و ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ بێتە کایەوە. بەڵام وەک هەوڵەکانی تر ئاسان نیە و هیچ گەرەنتی سەرکەوتنی نیە. بەڵام ئەوە رون دەکاتەوە کە ئەجیندای سەرۆکی داهاتوو پڕ دەبێت لە ڕوداو و قەیران.

 

دیارە ئەمریکایەکی بەهێزی ئامادە لە سودی کورددایە. چونکە هەتا ئەمریکا دوور بکەوێتەوە کورد زیاتر دەچنە باوەشی هێزە ئیقلیمیەکانەوە. ئەمەش بە سودی کورد نیە. لە هاتنەوەی کەمالادا هەرچەندە ئەمریکا هەوڵدەدات خۆی لە سەرکێشیی بەدوور بگرێت، بەڵام ڕەنگە ئەگەر کورد بیەوێ بتوانێت سود لە هاوپەیمانی وەربگرێت بەتایبەتی لە روی سەربازییەوە. بەڵام ئەگەر بۆ هاتنەوەی کەمالا دڵنایی نیە، ئەوا لە هاریکاریی نەکردنی کورد دڵنیاییمان هەیە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن