کۆمەڵگای کوردی ڕامان
8/9/2026 1:06:00 PM
سەردار عەزیز
ئەم ڕۆژانە زۆر بیر لە دەزگا دەکەمەوە. هەروەها زۆر بیر لە کایەی سیاسی کوردستان. بە گشتی کاتێک بیر لە کۆمەڵگایەک دەکەیتەوە، دەبێت سێ بوار بیر لێبکەیتەوە: خەڵک، دەزگاکانی لە گەڵ نوخبەی دەسەڵاتدار.
هەوڵی تێگەیشتنی کۆمەڵگا لە ڕێگای خەڵکەوە دەچێتە خانەی ڕەوشتگەرایی، بیهەیڤەریزم. بۆ نمونە لە زۆر کۆمەڵگا دەبینین ڕاپرسی هەیە. ڕاپرسی یان زانینی ڕای گشتی یانی هەوڵدان بۆ زانینینی ڕەفتار و ڕەوشتی گشتی بەرامبەر هەر شتێک. لەم ڕەوەوە نەک تەنها داتامان بەرامبەر ئەو بوارە دەست دەکەوێت بەڵکو هەڵوێست و ڕەفتاری کەسەکانی ناو کۆمەڵگا بە هێند و بایەخەوە وەردەگرین.
ئەم ڕەفتارگەراییە سەختە، چونکە کێشەیەک هەیە لە دونیای دەروەی مۆدێرنەدا، وەک کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەویش کێشەی زمانی ناواقیعییە. بۆ نمونە لە هەناو زماندا خەڵک بونی هەیە، وەک هاوڵاتی، هاونیشتمانی، کۆمەڵگا، جڤات و زۆر خەسڵەتی تر، بەڵام لە ڕاستیدا خەڵک لە سەر ئەرزی واقیع بونی نیە.
بۆ ئەوەی خەڵک هەبێت، دەبێت خەیاڵی خەڵک هەبێت. بۆ ئەوەی خەیاڵی خەڵک هەبێت، دەبێت دەزگا هەبێت هەتا ئەو خەیاڵە بەرهەم بهێنێت و بڵاوەی پێبکات و بەردەوامی پێبدات.
کەواتە بەبێ دەزگا، خەڵک لە دایک نابێت. بەڵام خەڵک خۆی ئاگایی بە دەزگا نیە. لێرەدا ئەوەی دەمێنێتەوە نوخبەیە.
بە کورتی: شتێک نیە ناوی نوخبەی سیاسی کوردی بێت. هیچ هێزێکی سیاسی لە مێژوی کوردستاندا لە دایک نەبوە کە توانیبێتی وێنای کۆمەڵگای کوردی بکات و بیکاتە بنەمای کایەی سیاسی.
بۆیە هەتا لە خیتابی سیاسی تێبگەیت نابێت بە بەکاربردنی چەمکی وەک کورد و خەڵک و کوردستان و ئەم شتانە فریو بخۆیت. چونکە ئەمانە بە گشتی دەستەواژەی بەتاڵن. هەمیشە مەبەستەکە شتێکی ترە، کە زۆر بچوکترە.