کۆچی دوایی سلێمانی
8/23/2025 3:03:00 PM
سەردار عەزیز
بۆ من سلێمانی ئەو بەردەبازە بوو، کە فێری کردم لە ماڵ دوور بکەومەوە، پاشان بۆ هەمیشە ماڵ لە دەست بدەم. جەیمس وود لە نوسینێکیدا زیاتر لە دەیەیەک لەمەوپێش دەنوسێت، ئاساییە، شوێنێک بە ماڵ بزانیت و بیری بکەیت و نەتەوێت بۆ بڕۆیت.
بۆیە بۆ من هەمیشە سلێمانی جێگایەک بوو، نە لێت دەگەڕێت خۆت بیت، نە هەرگیز دەتکات بە بەشێک لە خۆی.
سەرباری بوونی ئەم پەیوەندییە، ئێستا هەست دەکەم ئەو شارە دەمرێت. دوێنێ ئەو دیمەنانەی کە دیمان، جێگای سەرسورمان نەبوو. بەڵکو بردینییەوە بۆ سەردەمی نەوەدەکان، کە شەڕ و برسێتی وەک چڵکی بن گوێ لێمان نەدەبونەوە. بەڵام نەوەدەکان باشتر بوو، چونکە لە خەڵدا تامەزرۆیەک هەبوو بۆ بینین، بۆ فێربوون، بۆ گوێگرتن، بۆ گفتوگۆ. بەڵام چونکە هێزە نوێخوازەکانی دونیای ئێمە لاوازتر بوون، شەڕەکانی کەپکی حەمەد ئاغا و جێگاکانی تر بوون بە ڕوداوی ئەو سەردەمە.
شەڕی ناوخۆ، لە ئەو رۆژگارە دەستی پێکرد، نە واشنتۆن کۆتایی هات، نە لە بیست و یەکی ئابدا هەڵگیرسایەوە، نە سی و یەکی ئابدا کۆتایی دێت. کەم کورد دەناسم بە جۆرێک لە جۆرەکان بەشێک نەبێت لە شەڕی ناوخۆ، لە جوێنێکەوە هەتا سەنگەر گرتن.
سلێمانی هەمیشە لەوەدا قارەمان بوو کە ئەفسانە بۆ خۆی دروست بکات. شاری هەڵمەت و قوربانی، شاڕی ڕۆشنبیری، شاری کوردایەتی، شاری ئەدەب و نوسەران، و زۆری تر. بەڵام ئەم ئەفسانانە گەرچی ڕەگیان لە ڕاستیدا هەیە، بە گشتی ڕۆپۆشن. دڵخۆشبونێکی تلیاکیانەیە بە دۆخێک کە دەخوازرێت نەک بونی هەبێت. بەڵام بێگومان کە لە کوردستان دەڕوانین بێگومان سلێمانی پێشەنگە.
سلێمانی ئێستا لە ترسێکی قوڵدا دەژی. ترسێک کە ناتوانێت گوزارشتی لێبکات. ئایا ئەم ترسە بەرەو کوێ دەچێت. دەڕەوێتەوە، یان بە تەواوی خامۆشی دەکات. ئەم دۆخە کاریگەری نەک لە سەر سلێمانی بەڵکو لە سەرتاپای کوردستان و پرسی کورد هەیە.
دەکرێت یەک هێز هەبێت و لە سایەیدا سیاسەت وەک سیاسەتی راستەقینە لە دایک بێت. بەڵام ئەم ئەستەمە لە کەلتورێکدا کە ڕۆژێک لە ڕۆژان سیاسەتی نەکردوە. سیاسەت بەومانایەی بە دەر لە توندتیژی پێکەوە لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی پانتایی گشتی و تایبەتدا بن. دۆخێک کە مرۆڤ وەک خۆی سەنگی هەبێت، نەک سەنگی پەیوەست بێت بەوەی سەر بە کێیە، یان دوژمنی کێیە.
حوکمی بنەماڵەیی هەمیشە هەڵگری ئەگەری بەکارهێنانی هێزە بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی. حوکمی بنەماڵەیی هەڵگری تۆوی ئەم شەڕانەیە. چونکە بە تایبەتی کاتێک بنەماڵە بە دەزگایی نەکراوە، هەمیشە کێشەی ئەوە دروست دەبێت کە کێ خاوەنی ڕاستەقینەیە. چاوەڕوانکراوە کە هەمیشە لە کەسێک زیاتر بە مافی خۆی بزانێت کە شایستەی هەموو دەسەڵاتەکانە. لە هەمانکاتدا ئەم یەکلانەبونەوەی مافی هەبونی دەسەڵات وەها دەکات، ئەوانەی کە زیاتر لە یەکەوە نزیکن، زۆرتر لە یەکتر بترسن. مێژوی عوسمانییەکان سەرتاپای ئەم دیاردانەیە.
بنەماڵەی تاڵەبانی ڕەنگە وەها ببینن کە ناچار بوون ئەوەی چەند ڕۆژی ڕابوردوو کردیان بیکەن. چونکە لە لایەک، لە لەدەستدانی دەنگ دەترسان لە هەڵبژاردنی داهاتودا، بۆیە شاسواریان دەستگیرکرد. لە هەمانکاتدا لە بەکارهێنانی زەبر دەترسان بەرامبەریان بۆیە لاهورییان دەستگیر کرد. بەڵام بە هەمان پێوەر، دەبێت ئەوش بزانن کە لە جێگایەکی پڕ ناسەقامگیری جیوپۆلەتیکی و ئابوری و سیاسی وەک سلێمانی یان کوردستان یان عێراق، یان ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، ئەستەمە بتوانیت تەنها بە زەبر حوکم بکەیت.
هەندێک چاودێر وەهای دەبینن کە قۆناغێکی هێمنی یان خامۆشی باڵ بە سەر شارەکەدا دەکێشێت. ڕەنگە یەکێتی و پارتی زیاتر لە یەکتر نزیک ببنەوە. هێندە ناچار نەبن گوێ بە خەڵک بدەن.
بەڵام ئەمە ئەستەمە، لە کوردستانێکدا کە نزیکەی هەشتا لە سەدی خەڵکەکەی لە شارەکاندا دەژین.
لە دۆخێکی وەهادا ساتی ئەوەیە چاوەکانت بشۆیت و دونیا بە جیاواز ببینیت.
یەکەم، وەک لە ڕۆژانی ڕابوردودا دەرکەوت، جیاوازی زۆرە لە نێوان دەزگا و ئامرازدا. دادگا وەک دەزگایەکی مۆدێرن، زۆر بە زەقی ئامرازبونی ڕووت بوەوە. تۆ دەبێت چەند شتێک فێربیت. یەکەم، پێویستت بە دادگایە، بەڵام دەدگایەک کە دەزگابێت، نەک ئامراز.
دەبێت ئێستا دەرک بکەیت کە جیاوازی زۆرە لە نێوان دەزگا و ئامرازدا. ئەگەر هاتوو وەها بیرتکردەوە کە پێویستت بە دەزگا نیە، ئەوا وەک چۆن لە سی ساڵی رابوردودا دۆڕاوبویت، لە سی ساڵی داهاتوشدا دەدۆڕێیت.
دووەم، ئەو خیتابەی کە دەڵێت خەڵک ماندوە و هەموو شتێکی تاقیکردەوە، یان بێئاگایە لە دۆخەکە یان دەخوازێت ملکەچی بکاتە نۆرم. لە مێژوی کوردستان یەک تاکە خۆپێشاندان بۆ حوکمی یاسا نەکراوە. یەک جاریش خەڵک ناڕەزایی لە سەر حوکمی میلیشیایی نەبونی بودجە و گەندەڵی دەرنەبڕیوە.
بۆیە مێژویەکی درۆینە هەیە بۆ خەباتی مەدەنی کە گەشتە بنی قاپەکە.
سێیەم، لە هەناو کەلتوری کوریدا زوو ماندووبونێکی سەیر هەیە. ئەمەش مایەی تەسلیم بونی خەڵکە بە سیستەمەکانی ستەم. بۆ نمونە خەڵک پێت دەڵێن دیموکراسیمان تاقیکردەوە، بەبێ ئەوە بزانێت دیموکراسیی چییە. کرۆکی دیموکراسی یانی بە سیاسییبونی هەموو تاکێک لە کۆمەڵگادا. یانی هەموو کەسێک بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە بەشداربێت لەوەی کە چۆن کۆمەڵگا و ئابوری و هەموو بوارەکانی تر بەڕێوە دەچن. لەم ڕوەوە ئەرکیەتی بزانێت، بیەوێ فێربێت، چالاک بێت، لە سەروی هەمویەوە بەرپرسیار بێت. لە کرۆکدا دیموکراسی یانی ڕەخنە. رەخنە بە مانای باشورییەکەی نا. رەخنە یانی چۆن حوکمبکرێم بەو شێوەیەی کە خۆم دەمەوێت. بۆیە دەبێ بزانیت کە ئەویتر دەیەوێت چۆن حوکمت بکات، چۆن ڕاستیت لێ بشارێتەوە، چۆن، چپن، چۆن.
چوارهەم، کە تەنها دوای موچە دەکەیت، موچەش وەرناگریت و هەموو شتەکانی تریش لە دەست دەدەیت.