وتار

عێراق بەرەو کوێ؟

8/3/2022 9:54:00 AM 357 جار خوێندراوەتەوە
سەردار عەزیز

چەند ڕۆژێک لەمەوپێش لە سایتێکی هەواڵگرییەوە ئاگادار بومەوە کە وەزارەتی بەرگری فەرەنسی، بڕیاری داوە لەمەودوا ئەو سێ وڵاتەی کە بە شام یان لێڤانت ناسراون وەک سێ وڵاتی شکستخواردوو مامەڵە بکات. ئەم سێ وڵاتە عێراق و سوریا و لوبنانن.

لەم نوسینەدا تەنها قسە لە سەر عێراق دەکەم. لێرەدا دوو پرس جێگای سەرنجە، یەکەم، گەشتنە باوەڕی وەزارەتی بەرگری فەرەنسی کە دۆخی دەوڵەت یان دەوڵەتداریی لە عێراقدا لە دۆخی شکستدایە. چەمکی دەوڵەتی شکستخواردوو، چەمکێکی تا ڕادەیەک نوێیە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا، پاش کۆتایی جەنگی سارد زیاتر بڕەو دەسێنێت. وەک چەمکێک پێناسە و ئەدەبیاتی زۆرە. بە کورتی چەمکی دەوڵەتی شکستخواردوو یانی دەوڵەت کۆمەڵێک بەرپرسیارێتی هەیە، ئەگەر نەتوانێت ئەو بەرپرسیارێتیانە لە ئەستۆ بگرێت، یان نەخوازێت ئەو بەرپرسیارێتیانە جێبەجێ بکات ئەوا دەبێت وەک شکستخواردوو مامەڵە بکرێت. ئەم بەرپرسیارێتیانە بریتین لە ئاسایش، سەروەریی، خزمەتگوزاریی، ڕۆڵی دەوڵەتی لە هەناو سیستەمی نێودەوڵەتیدا.

لە عێراقدا زۆربەی ئەم خەسڵەتانە ئامادەن، بۆیە ڕەنگە پێویست نەکات بپرسین ئایا عێراق شکستخواردووە یان نا؟ ئەوەی لە بەکاربردنی ئەم چەمکەدا گرنگە، کاتێک لە لایەن وڵاتێکی وەک فەرەنساوە بەکاردەبرێت، ئەوەیە کە عێراق ناتوانێت حوکمی خۆی بکات. کاتێک ناتوانێت حوکمی خۆی بکات، ئەوا ئایا سود و زیانی بۆ فەرەنسا چیە و دەبێت فەرەنسا چۆن مامەڵە لە گەڵ ئەم دۆخەدا بکات؟ دیارە لێرەدا مەبەستم ئەوەنیە باس لە سیاسەتی فەرەنسی بکەم لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە دەتوانین زۆر بە کورتی خەسڵەتێکی سەرەکی ئاماژە پێبدەین، ئەویش وەک ڕۆژنامەی لۆمۆند نوسیبوی، لە هەرکوێ ئەمریکا لاوازبێت فەرەنسا هەوڵدەدات جێگای خۆی بکاتەوە، بەڵام ئەوەی لۆمۆند ئاماژەی پێنەدابوو، ئەوەبوو کە لە هەرکوێ ئەمریکا نەمێنێت فەرەنساش ناتوانێت بمێنێتەوە.

دووەم، ئایا دۆخی شسکت لە داهاتودا زیاتر بەرجەستە دەبێت؟ بە چاودێریکردنی دۆخەکە نەک تەنها لە ئاستی ڕوکەشدا، بەڵکو بە گرێدانی بە گۆڕانکارییە ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکانەوە، دەتوانین بڵێین زەمینەی ئەوە هەیە کە شکست ببێتە دۆخێکی درێژخایەنی دەوڵەتی عێراقی. ئەمە لە کاتێکدا بە پشت بەستن بە ئەدەبیاتی دەوڵەتی شکستخواردوو، ئەو ڕاستیە ڕونە کە دەربازبون لە شسکت کارێکی ئێجگار سەختە.

ئایا بینینی عێراق وەک شکستخواردوو یانی چی؟ پێش هەموو شتێک یانی نوخبەی حوکمداری عێراق نایانەوێت دەوڵەت دروست بێت، چونکە دروستبونی دەوڵەت دژ بە سود و مانەوەیانە. بەم پێیە دەوڵەت شکستدەخوات و نوخبەی سیاسی دەتوانێت لە سایەیدا مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات. بەڵام ڕەهەندێکی تری گرنگی ئەم پرسە ئەوەیە کە دەوڵەتی شکستخواردوو بە ئاسانی لە شکست دەربازی نابێت، بە تایبەتی دەوڵەتێکی وەک عێراق کە زۆر جێگای بایەخی دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهانیشە. ئەم جێگای بایەخە وەهایکردوە هەموو هەوڵبدات کە سەنگ و دەستی هەبێت تیایدا، لە ئەنجامدا دەوڵەت وەک خۆی نەمێنێت.

گەشتنە قەناعەتی فەرەنسییەکان بەوەی عێراق شکستخواردووە، مانای وەهایە کە واقیعێکە و دەبێت مامەڵەی لە گەڵدا بکەین و درێژەی هەیە. کەواتە بۆ وەڵامی پرسیارەکەمان کە دەڵێین عێراق بەرەو کوێ، بەرەو بێتوانایی لە پیادەکردنی خەسڵەتی دەوڵەتیی.

بۆ عێراق شکستدەخوات؟ لە سەردەمی سەدامدا عێراق کەسێکی دیکتاتۆر بەڕێوەی دەبرد. پاش سەدام، کۆمەڵێک هێز دروستبون بەڵام بەڕێوەبەری سەرەکی ئەمریکا و ئێران بوون. ئێستا ئەمریکا ڕۆڵی لاوازبوە لە ناوچەکە و ئێرانیش توانای سنورداربوە، بۆیە نوخبەی سیاسی عێراقی ڕۆڵ پێگەیان بۆ پەیدابوە. ئەم دۆخە نوێیە وەهایکردوە کە هێزە سیاسیەکانی ناو عێراق کەمێک سەربەخۆیی وەربگرن لە بڕیاردا. ئەم سەربەخۆییە نەبوەتە هۆکاری ئەوەی کە عێراقیانە یان دەوڵەتیانە یان بونیادنەرانە ڕەفتار بکەن، بەڵکو زیاتر بەو ئاراستەیەدایە کە چۆن قۆرخکاریی زیاتر بکەن، یان چۆن ئەوانیتر پەراوێزبخەن. ئەمەش مایەی ئەوەیە کە دۆخێکی پشێویی دروست بێت بە تایبەتی کاتێک لە هەناو هەموو هێزەکاندا هێزێک نیە لە سەرانسەری وڵاتدا بونی هەبێت. لە ئەنجامدا دۆخی نادەوڵەت دێتە ئاراوە.

ئەو دۆخە نێودەوڵەتییەی کە بەرەوروی دەبینەوە دۆخێکە کە هیچ وڵاتێکی تر ناتوانێت و نایەوێت ڕۆڵی ئەمریکا ببینێت بە تایبەتی لە ناوچەکە. بۆیە شکستخواردنی عێراق، لە سیستەمی نوێی نێودەوڵەتیدا، ڕەنگە بۆ هەندێک مایەی ترس بێت، بەڵام بۆ نمونە بۆ وڵاتێکی وەک چین ئەگەر نەبێتە مایەی پەککەوتنی کەرتی نەوتی ئەوا مایەی مەترسی نیە. بەمجۆرە وەک لە دیدی فەرەنسییەکانیشدا دەیبینی، ڕەنگە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ئەو ئاراستەیەدا بڕوات کە چۆن دەستوپەنجەی نەرم بکات لە گەڵ ئەم دۆخی شکستەدا.

دۆخی نانیزامی ڕەنگە خەسڵەتێکی سەرەکی ئەم سەدەیە بێت بە تایبەتی ئەگەر لە ڕوی نەوتەوە لێی بنواڕین. پرۆفیسۆر هێلین تۆمپسن لە زاننکۆی ئۆکسفۆرد ناونیشانی دوا کتێبی بە ڕونی ااماژە بە ئەم دۆخە دەدات: نانیزامی: سەردەمێکی سەدەی لە سەدەی بیست و یەکدا.

Helen Thompson. Disorder: Hard Times in the 21st Century
کۆمەڵێک فاکتەر لە ناو عێراقدا بونیان هەیە، کە هۆکاری شکستنن و هەروەها هۆکاری درێژە پێدانین، یەکێک لە ئەو هۆکارانە نەوت و سامانی سروشتییە. نەوت داهاتێکی زۆر بۆ عێراق دابین دەکات، ئەم داهاتە تەماحی زۆر دەخاتە بەردەم هێزە سیاسییەکان بۆ ئەوەی دەستبەرداری بەرژەوەندیەکانیان نەبن. هەروەها داهاتەکە کە بە ئاسانی دەستی پێدەگات دەبێت سوتەمەنی جەنگ، یانی تەنها مایەی ئەوەنیە کە شەڕی لە سەر بکرێت، بەڵکو دەبێت مایەی دابینکردنی زەخیرەی جەنگ. هەبونی ئەو هەموو میلیشیایە لە عێراقدا هۆکاری هەرە سەرەکی نەوتە. پەیوەندی نەوت و شەڕی ناوخۆ، مایەی مشتومڕێکی زۆرە لە ئەدەبیاتی ئابوری سیاسیدا.

بە پوختی، ئەگەر دەزگا هەبێت ئەوا دەتوانێت ڕێگربێت لە بە سوتەمەنی بونی نەوت بۆ شەڕی ناوخۆ، بەڵام ئەگەر دەزگا نەبێت، ئەوا نەوت دەبێت سوتەمەنی کڵپە سەندنی شەر. میخاێیل ڕۆس Michael L. Ross لە هەموان زیاتر لەمبوارەدا کاری کردوە.

یەکێک لەو ئەو بژاردانەی کە دەخرێتە بەردەست یان عێراقییەکان لە سەری ڕاهاتوون، هاتنی هێزێکی دەرەکییە بۆ ئەوەی پرسەکە چارەسەر بکات. ڕەنگە بە هۆی بایەخی ئەمریکا لە چەند دەیەی ڕابوردودا، دیدێکی وەها دروست بوبێت، بەڵام ئەو سەردەمە تێپەڕی. دیدی فەرەنسییەکانیش مانای ئەوەیە کە دەیانەوێت چۆن خۆیان لە زیانەکانی بپارێزین و لە گەڵیدا بژین.

عێراق لە ناوەوە کۆمەڵێک فاکتەری تری شکستخواردنی هەیە. فاکتەری هەرە سەرەکی گۆڕانی دۆخی ژینگەیە. عێراق لە زۆر وڵاتانی تر کاریگەرە بە گۆڕانی ژینگە، بەڵام لە بەر نزمی ئاستی ئاگایی و کەلتوری عێراقیەکان، خەڵک نەک هەر ئەوەندە بە تەنگ ئەم پرسەوە نایەن، بەڵکو هەرچەندە بەردەوام بە دەست ئەنجامە خراپەکانیەوە دەناڵێنن، بەشداریی دەکەن لە خراپکردنیدا و هیچ فشارێک ناکەن بە ئاراستەی وەستانی یان کەمکردنەوەی. ژینگە پاڵنەرێکی سەرەکی بەشاربونی خێرای کۆمەڵگای عێراقە.

بەشاربون گەورەترین وەرچەرخانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسییە کە لە عێراقدا رودەدات. شار نزکبونەوەیە لە دەسەڵات، بەرکەوتنی ڕۆژانەیە لە گەڵ خواستە گشتییەکاندا و پشتبەستنە بە دەوڵەت بۆ زۆربەی پێداویستییەکان. شار هێشتا وەک کەلتور و واقیع بونی لاوازە، بەڵام هەتا بێت کاریگەری زیاتر دەبێت. هەڵاوسانی شارێکی وەک بەغدا و بونی ژمارەیەکی زۆری لاوی هەژار یەکێکە لە ئامرازە خێراکانی فشار لە سەر دەوڵەت و هەوڵدان بۆ ئاراستەکردنی و زۆرجار پەکخستنی.

هۆکارێکی گرنگ کە کەم بایەخی پێدەدرێت دۆخی پەرتەوازەیی بونی هەموو کۆمەڵگاکانی عێراقە. لە عێراقدا نەک شوناسی عێراقی بونی نیە، بەڵکو شوناسە تەقلیدییەکانیش لە بەردەم هەڵوەشاندان. چیرۆکە کۆنەکان هەتا بێت کەمترین خەڵک دەوروژێنێت. چیرۆکی تازەش بە ئاسانی ناهۆنرێتەوە.

ئەگەرعێراق ئەگەر بەرە و دەولەتێکی شکستخواردوو دەڕوات لە داهاتودا، ئەوا چۆن مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت؟ یەکێک لە بژاردەکان مامەڵەکردنە وەک بەشبویەک، بەڵام دابەش نەبویەک. ئەمە لە جێگاکانی تریش دەبینین، بۆ نمونە سۆمال.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن