وتار

بیرکردنەوە لە شوێن: بیرکردنەوەی شوێنیی

2/13/2019 4:59:00 PM 1084 جار خوێندراوەتەوە
سەردار عەزیز

بیرکردنەوەی شوێنی، جۆرێکە لە بیرکردنەوە کە لە دونیای ئێمەو دەوروبەرماندا بە ئەستەم بوونی هەیە. ئێمە بە زۆری وەها جۆش کراوین کە لە میانەی کاتدا بیربکەینەوە. دیارە دەبیت ئەوەش بڵێم کە بیرکردنەوەی کاتی-ش، وەک پێویستە گەشەی نەکردووە. کۆمەڵە چەمکێکی زۆر هەیە لە بواری بیرکردنەوەی کاتیدا لە دونیای ئێمەدا باسی لێوە نەکراوە. 


بیرکردنەوەی شوێنی یانی چی؟ هەموو شوێنێک کە ئێمە تیایدا دەژین بەرهەم هێنراوە، ماڵ، گەڕەک، شار، چاخانە، شوێنی کار، شەقام هەتا وڵات و نیشتمان و تیرەتۆری. کەواتە یەکەم، بنەمای بیرکردنەوەی شوێنی ئەوەیە کە هیچ شوێنێکی سروشتی بوونی نیە. هەموو شوێنێک ناوی هەیە، سنوری هەیە، خاوەنی هەیە، کە لە گەڵیدا هێزو تیرەتۆری و پەیوەندی دادەڕێژێت.


دووەم، شوێنەکان تەنها وەک جێگایەکی فیزیکی بوونیان نیە، بەڵکو هەمیشە سیمبوڵ و ڕۆڵی تایبەت بە خۆیان هەیە. میشێل فۆکۆ ئەمە ناودەنێت هیترۆتۆپیا، بەمانای جێگایەکی تر. زۆر جێگا هەن بۆ ئەوەی بمانگەیەننە جێگای تر: مزگەوت، تەکێ، بارەگا، نوسینگە. 


سێیەم، شوێنەکان دەبنە لە قاڵبدەری شوناسی کەسەکان، کەسێک لە کەناڵێکەوە دەردەکەوێت، لە چوارچێوەیەکی تایبەتدا دەردەکەوێت، لەژێر لۆگۆیەکدا، بە زمان و خیتاب و ئاراستەی تایبەت. وشەیەک لە کەناڵێک مانایەکی جیاوازی هەیە، لە هەمان وشە لە کەناڵێکی تر. 


چوارهەم، زۆرشوێن هەن ناشوێنن: وەک فڕۆکەخانە، فڕۆکە، تێرمیناڵ، کەشتی. ناشوێن هەروەها بە مانای نەبوونی توانای پەیوەست بوون یان تێگەیشتن لە ئەو شوێنەی کە تیایدای. وەک بەختیار عەلی ناوی دەنێت، زۆربەی کوردەکانی هاندەران لە کوردستانن لە هاندەران، لە جێگایەکدا لە دەرەوەی شوێن، وەک ئیدوارد سەعید باسی دەکات. ئەمەش هۆکارێکی گەورەیە لە یوتوپیایی بوونی مرۆڤی غەریبدا.


بەڵام لەگەڵ گەشەی تەکنەلۆجیدا شوێنی نوێ هاتوەتە ئاراوە، شوێنی ڤێرچواڵ (ئیفترازی). مرۆڤەکان نیشتەجیی فەیسبوک و تویتەرو پانتاییە هاوشێوەکانی تری .


مرۆڤەکان لە جێگاکاندا بە جیاواز ڕەفتار دەکەن، بیردەکەنەوە، مامەڵە دەکەن. شوێنەکان بەردەوام وەها دادەڕێژرێن کە یادەوەری مرۆڤەکان ئیدارە بدەن، کاتێک بە شارێکدا دەڕۆیت، پەیکەر دەبینیت، کە میتۆدێکە بۆ ئەوەی پێت بڵێت کە دەبێت چیت لە یادبێت، چیت لەبیرنەچێت. لە ئەنجامدا چۆن هەڵسوکەوت بکەیت. بە هەمانشێوە ناوەکان، ڕەنگەکان، نەخشەکان. 


بەڵام گەر لە ئاستی تاکەکەسی بچینە دەرەوە: ئایا لە جێگایەکی وەک کوردستاندا، چۆن بیردەکەیتەوە؟ ئەوەی من هەستی پێدەکەم، جێگایەکی وەک کوردستان لە ئاگایی گشتیدا بوونی نیە. ئەمە بەشێکە لەو پرۆسە ئاڵۆزەی کە نزیکەی سەدەیەک لەمەوپێش ڕۆژئاواییەکان لە میانەی پرۆسەی کۆلۆنیالیدا هێنایان بۆ وڵاتی ئێمە. پێش ئەوروپاییەکان نەخشە نەبوو، سنور نەبوو حکومەت نەبوو. حکومەت تیرەتۆری دروست دەکات. دروستکردنی تیرەتۆری پرۆسەیەکی ئاڵۆزە لە پێکەوە گرێدانی خەڵک لەگەڵ خاکدا بە باڵادەستی حکومەت لە میانەی هێزەوە. عێراق هەمان کێشەی هەیە. پێکەوە نوسان نیە لەنێوان خەڵک و خاک و حکومەتدا. تێڕوانین لەمە پاڵنەری ئەوەبوو کە چەمکی پانتایی یان تیرەتۆری جڤاتی هەڵبژێرم، وەک چەمکێک بۆ تێگەیشتن لە پرسی خاک لە عێراقدا، لە بەرامبەر نەهاتنەئارای چەمکی یان واقیعی تیرەتۆری دەوڵەتیدا. بیرمەندی فەرەنسی هێنری لێڤیبفیر تیرەتۆری دەوڵەتی بە تیرەتۆری ئەبستراکت ناودەبات. ئەم جۆرە تیرەتۆرییە بەرهەمی توندوتیژی و شەڕە، پانتاییەکە کە دەوڵەت وەک تابلۆراسا مامەڵەی لە گەڵدا دەکات. تابلوراسا بە مانای ئەوەی وەک کاغەزی سپی وەهایە هەرچیەکی بوێت لەسەری دەنوسێت.


لە ئاستی گەردونیدا شوێن دەبێتە جێگایەکی شل، هەتا بێت زیاتر وەک شمەکێک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. بە جۆرێک دوفاقیەکی سەیر لە ئارادایە، لەکاتێکدا کە شوێن دەکرێتەوە بە رووی مرۆڤەکاندا، بەڵام لەهەمانکاتدا جۆری جیاواز لە بەربەست و سنورو رێگری و خاوەندارێتی دێتە ئاراوە. 


مرۆڤ هەتابێت بە رووی زەویدا دەڕوات بەبێ ئەوەی ڕەگ دابکوتێت، ئەمە تیورەی ژیل دۆلۆزو گواتاری بوو لە چەمکی رایزۆمدا. بە مانای ئەوەی وەک هەرێز لە ئاستی روکەشدا بە ڕەگێکی کورتەوە بکشێ. ئەمە کۆتایی میتۆدی دارە، کە ڕەگ دابکوتیت لە جێگایەکداو بچیتە قوڵایی و ئیتر نەچیت بۆ هیچ کوێ. 


بیرکردنەوەی شوێنی بیرکردنەوەی جیاوازە لە ئاستی میتۆدو بینین و مامەڵەو تێگەیشتنەوە. لە چەند هەفتەی داهاتوو لە خانەی بیری روسی لە شاری لەندەن ناوچە جێناکۆکەکان وەک چەمکێک بۆ خوێندنەوەی عێراق بەکاردەبەم لە دیدی خوێندنەوەی شوێنەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن