9وتار

حیکمەتی سیاسەت

11/19/2026 1:07:00 PM
سەمیر میرانی

“فەزیلەت لە سیاسەتدا لە میانەڕەویدایە؛ نە پەلەکردن دەگەیەنێتە خێر، نە هەڵچوونیش دروستی بەدەست دەهێنێت.” بە ئیلهام لە بیرۆکەی ئەرستۆ.

هیچ ڕێگایەک بۆ تێگەیشتن لە سیاسەت نییە بەبێ تێگەیشتن لە سروشتی مرۆڤ؛ چونکە مرۆڤ زۆربەی جار بەدوای باشترین هەڵبژاردەدا ناگەڕێت،  بەڵکو مەیلی زیاتر بۆ ئەو هەڵبژاردەیە هەیە کە لە نێوان ئەو بژاردانەی لەبەردەستدان، کەمترین خراپیی تێدایە. لێرەوە حیکمەتی سیاسەت دەردەکەوێت؛ چونکە ئەزانێت هەڵبژاردنی مرۆڤ کردارێکی تەواوی وکامڵبوونی ڕەها نییە، بەڵکو هاوسەنگییەکی وردە لە نێوان ئەو ئەگەرانەدا، و هەوڵێکی بەردەوامە بۆ دوورکەوتنەوە لە خراپترین، بەو ڕادەیەی واقیع ڕێگەی پێدەدات.
لەبەر ئەوە، بڕیارە چارەنووسسازەکان ئەگەر لە ساتەکانی پەلەکاری لەدایک ببن و لەژێر قورسایی هەڵچووندا داڕێژرێن، دروستیی خۆیان لەدەست دەدەن؛ چونکە پرسە گەورەکان ئارامی و لەسەرخۆیی دەخوازن. پەلەکردن دەتوانێت ئەو بڕیارەی کە دەبێتە ڕێگای دەرچوون لە قەیران، بگۆڕێت بۆ هۆکارێک بۆ ئاڵۆزترکردنی.

بڕیاری چارەنووسساز هێز و ڕەوایی خۆی وەردەگرێت کاتێک لە ڕاوێژ و لێکتێگەیشتنی کۆمەڵایەتییەوە دەردەچێت، لەوێدا دیدگا جیاوازەکان یەکتر تەواو دەکەن و بەرژەوەندییەکان هاوسەنگ دەبن. حیکمەتی سیاسی بە پێگەیشتوویی هەڵبژاردن و هەڵسەنگاندن و تێڕامانی قووڵ دەپێورێت؛ چونکە کاریگەریی بڕیار مانای خۆی لەو ڕادەیەوە وەردەگرێت کە تا چەند لەگەڵ سروشتی ئەو کۆمەڵگایەدا دەگونجێت کە لە باوەشی خۆی دەیگرێت و لە چوارچێوەی ئەودا کار دەکات، پێش ئەوەی تەنها لە دەسەڵات و لۆژیکی هێزەوە مانای خۆی وەربگرێت.

زۆر جار واقیع ئەم مانایە دەخاتە تاقیکردنەوە؛ کاتێک دانیشتووانی هەرێمێک لەسەر شێوازێکی هاوبەش کۆدبنەوە، پاشان لە بەشێک لەو هەرێمەدا، هەندێک دەنگ هەڵدەبڕن  و بە هێزی چەک وپارە بانگەشەی نیشتمانپەروەری دەکن. و لە تایبەتمەندیی یەکێک لە شارە دێرینەکانی ئەو هەرێمەدا پاساوێک دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی بە تەنیا چارەنووسی ئەو شارە دیاری بکەن وزاڵبوونی خۆیان بەسەر سەرچاوەکانییەوە بپارێزن؛ لەبیر دەکەن کە شار، هەرچەندە پایە و شکۆیەکی بەرزی هەبێت، بەشێکە لە جەستەیەک؛ ئەگەر ئەندامێکی لێ ببڕیت، هاوسەنگیی هەموو جەستەکە تێک دەچێت.  لەو بارەیەدا ، ڕەوایی تەنها ئەوەیە کە کۆمەڵگا بە گشتی پێی ڕاز بێت ؛ چونکە کۆمەڵگا خۆی خاوەنی بریارە لە یەکگرتوویی و چارەنووسی خۆیدا. 

ئەو سیستەمەی لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی گەل و کولتوورەکەیدا دەگونجێت، توانای بەردەوامبوونی زیاترە و لە ویژدانی گشتیدا پەسەندترە؛ چونکە دەوڵەت لە بنەڕەتدا تەنها ڕەنگدانەوەیەکی فراوانی سروشتی مرۆڤە. هەروەک چۆن بوونەوەرەکان کاتێک پێوانەکانیان لەگەڵ سروشتی خۆیاندا دەگونجێت، دەگەنە تەواوی خۆیان، هەرواش سیستەمی سیاسی کاتێک بە پێگەیشتوویی دەگات کە لەگەڵ سروشتی ئەو کۆمەڵگایەدا بگونجێت کە لەسەری دامەزراوە.

لەبەر ئەوە، حیکمەت لە سیاسەتدا بریتییە لە قووڵیی تێڕوانینێک کە پێش بڕیار دەکەوێت و دەرئەنجامەکانی هەڵدەسەنگێنێت. دەوڵەت لە دامەزراوە و یاساکان پێک دێت کە دەربڕی سروشتی خودی مرۆڤن؛ گەل بە ڕاوێژ و ڕەزامەندیی خۆی، خاوەنی وشەی کۆتاییە لە دیاریکردنی ئەوەی لەگەڵ  سروشتی دەگونجێت، ئەگەر حیکمەت زاڵ بێت ، سیستەم ڕێک دەکەوێت؛ ئەگەر پەلەکاری زاڵ بێت، سیاسەت تێک دەچێت، چونکە ئەوی لە ناخی مرۆڤدا تێک دەچێت، دەنگدانەوەی لە چارەنووسی کیانەکەدا دەبیسترێت.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن