857وتار

کورد و تورک و خاڵە سام

3/5/2019 9:07:00 AM
سەردار عەزیز

ڕۆژانی داهاتوو شاندێکی ئەمریکی بەرەو ئەنکەرە بەڕێدەکەوێت. ئامانجی سەرەکی گۆڕینەوەی بیروڕایە دەربارەی ناوچەی ئارام. ئەم پرسە لە هەمانکاتدا یانی چۆنێتی داڕشتنی پەیوەندی نێوان کورد و تورک. دیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنی ناوخۆیی تورکیا بەڕێوەدەچێت، بۆیە ناکرێت کاتێک بێت چاوەڕوانی هیچ سازشێکی لێبکرێت، بە تایبەتی بە ئاشکرا. بەڵام پاش کۆتایی ئەم هەڵبژاردنە، تورکیا هیچ هەڵبژرادنی تری نابێت هەتا چوار ساڵی تر، بۆیە دەکرێت کاتی سازش بێت.
ئەمە لە ڕەهەندی ناوخۆوە. لە ڕەهەندی نیودەوڵەتیەوە، تورکیا لە نێوان ئەمریکا و روسیادا جۆلانی دەکات بۆ گەیشتن بە ئامانجی، کە ئامانجی هەرە سەرەکی بریتیە لە سنوردارکردن یان کۆنترۆڵکردنی پەکەکە. لە گەڵ ئەمریکاییەکاندا ئەمە لە سەر چۆنێتی ناوچەی ئارام وەستاوە، لە گەڵ روسەکاندا لە سەر زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەدەنە. گەرچی ئێستا روسیا فسار بۆ زیندوکردنەوەی ئەدەنە ئەدات، بەڵام ئەمە مانای سەرلەنوێ دروست بونەوەی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەردوو حکومەتی سوریا و تورکیا و هەماهەنگیکردن بۆ دژایەتی کورد. دیارە لە ١٩٩٨ کە ڕێکەوتنەکە کراوە بۆ دژایەتی پەکەکە و دەرپەڕاندنی ئۆجەلان کراوە. ئەم ڕێککەتنە لە ساڵی ٢٠١١ لە لایەن ئەردۆگانەوە نوێکراوەتەوە.
بژرادەنی تورکی لێرەدا ئاسان نیە، زیندوکردنەوەی ئەدەنە هیچ گەرەنتیەکی نیە کە بتوانێت کاریگەری هەبێت لە سەر یەپەگە یان پەکەکە، چونکە ئێستا بە پێچەوانەی ١٩٩٨ ئەمریکا وەک ئەکتەرێکی سەرەکی لە نێواندایە و دژ بەم هەنگاوە دەبێت. 
شەعبان کارداش، لێکۆڵەرەی تورک، نزیک لە ئاک پارتی دەڵێت، مەترسی ئەم قۆناغە لەوەدایە کە هەر هەنگاوێک ڕەنگە پێودانگی درێژخایەنی هەبێت و کاریگەری ستراتیژی بکاتە سەر پێگەی تورکیا. بەڵام قەیرانی گەورەی تورک لە سەرەتای روداوەکانی سوریاوە ئەوەیە کە بەرژەوەندییەکانی لە گەڵ بەرژەوەندیەکانی ئەوانیتردا ناگونجێت و خۆی بە تەنها یان لە گەڵ هاوکارە ناوخۆییەکانی توانای فەراهەمکردنیان نیە. بۆیە بۆ هەرهەنگاوێکی گەورە پێویستی بەوەیە کە هاوکاری و رەزامەندی هێزێکی گەورە وەربگرێت. هەتا ئەمڕۆ کەس ئامادەنیە بەو شێوەیەی تورک دەیەوێت هاوکاری تورک بێت، چونکە دۆخی ناوچەکە شلە و تورک خاوەنی هێزی هێندە نین کە ئەوانی تر ناچاری سازش بکەن.
ئەم دۆخە وەهایکردوە کە تورک گومانیان هەیە لەوەی کە دەرئەنجامی هەر سازشێک ببێتە دەستکەوت. ئێستا بە پێی سۆنار کاگاپتەی دۆخەکە بەمجۆرەیە: پەکەکە تەنها کاتێک دێتە سەر مێزی ئاشتی کە یەپەگە لاوازبیت لە سوریا، هەروەها تورکیا دەتوانێت هەماهەنگ بێت لە گەڵ کوردانی سوریا ، کە ئەنکەرە لە ئاشتیدابێت لە گەڵ پەکەکەدا. بەرای ئەو پرۆسەکە بە لاوازکردنی یەپەگە دەستپێدەکات. هەروەها دەڵێت ڕێگاچارەی تر نیە. 
ئەم دیدە چیمان پێدەڵێت: یەکەم، تورکیا دوو بەشی کوردستانی ڕۆژئاڤا و باکور وەک دوو یەکەی جیاوازی پێکەوەبوو دەبینێت. لە هەمانکاتدا بەردەوام ئەو وێنەیەی لە خەیاڵدایە کە چۆن هەرێمێکی تری وەک هەرێمی کوردستانی باشور لە ڕۆژئاڤا دروست نەبێت. پەیامەکەی سۆنار بۆ ئەمریکیەکانە کە یەپەگە لاوازبکەن بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەراربێت. ئەم پەیامە ڕوونە، بە تایبەت کاتێک لە تورکێکەوە دێت. بەڵام قازانجی ئەمریکا لەوەدا نیە. پرسی ئەمریکا پرسی کورد نیە یان لە هەوڵی چارەسەری پرسی کورددا نیە، بەڵکو دەیەوێت پرسی کورد بەجۆرێک بێت کە فشار لە یەپەگە کەمبێتەوە هەتا بطوانێت بەو ڕۆڵەی هەستێت کە ئەمریکای لێی دەخوازێت. لێرەدا لە سودی ئەمریکا نیە کە یەپەگە لاوازبێت، لە کاتێکدا کە کەسی تر ناتوانێت کە قەرەبوی ئەو لاوازییە بکاتەوە. 
ئەگەر کوردانە بیر بکەینەوە، ئایا بەهێزی یان پێداویستی ئەمریکا بۆ پەیەدە بە چ ئامانجێکی درێژخایەن سودی لێوەردەگیرێت؟ یان ئایا هەوڵ یان توانا هەیە کە ئەم پەیوەندییە بکرێتە ستراتیژی یان درێژخایەن؟ ڕونە کە پەیوەندیەکە ڕاستەوخۆ نیە، بەڵکو دەرئەنجامی دۆخێکە، بە تایبەت کە ئەمریکا خاوەن هیچ مێژوو و هاوپەیمانی و پەیوەندی تایبەت نیە لە سوریا. ئایا کورد ئامادەیە کە سوریا لە تورکیا جودا بکاتەوە؟ ئەم پرسە لە دۆخی باشوردا زۆرجار دەبوە مایەی گفتوگۆ لە گەڵ دیپلۆماتە ڕۆژئاڤاییەکان، تێگەیشتنێک هەبوو کە باشور و باکور لە پەیوەندیی ئۆرگانیدانین. ڕەنگە ئەم تێڕوانینە گۆڕانکاری بەسەردا هاتبێت، پاش روداوەکانی ئەم دواییە.
بەڕای من ئاشتی لە باکور نەک بنەمای سەقامگیری و سودی تورکیایە لە ناوەوە، بەڵکو بنەمای پەیوەندیشیەتی لە گەڵ باشور و ڕۆژئاڤادا. بونی ئەم پەیوەندییە لای هەریەکێک لە کورد و تورک بە پێچەوانەوەیە. لای تورک دەبێت باشرو رۆژئاڤا لاوازبکات بۆ ئەوەی پەکەکە لە ناوەوە بەهێز نەبێت، لای کورد، ئاشتی لە ناوەوە بنەمای ئاشتیە لە گەڵ دەوروبەردا. بە کورتی ئایا بە پەرتی یان پێکەوە، پرۆسەی ئاشتی دێتە دی؟ لە بیری ئیمپراتۆریدا بە پەرتی، چونکە ئاشتی تەنها کاتێک قابیلی قبوڵە کە هێز نیە یان لاوازە، هەرکاتێک هێز هەبوو ئاشتی نیە. 
ئەوەی تورکەکان ناتوانن بیری لێبکەنەوە کە چۆن ئاشتی لە ناوەوە دەبێتە هپکاری ئەوەی کە پێویست نەکات بچنە دەرەوەی سنوریان، چونکە لە چونە دەرەوەی سنور وەهایان لێدەکات کە دەبێت مەرجی ئەوانی تر قبوڵ بکەن، کە زۆرجار نە دەبێت هۆکاری کێشەکە و نە هیچ سودێکی دەبێت بۆ تورک.
ئەمە بنەمای ئەو دیدەیە کە پەکەکە بڕوای وەهایە کە بەربەستی بەردەم کێشەی کورد ئەمڕۆ تورکیایە. ئەم دیدە تەنها بەشێک لە ڕاستی تیادایە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن