وتار

بۆ گۆڕانکاری ڕونادات؟

4/15/2022 12:49:00 PM 168 جار خوێندراوەتەوە
سەردار عەزیز

سیحرێکی زۆر لە دەوری وشەی گۆڕان تەنراوە. یەکەمجار ئەم وشەیە بوو بە ناوێک و ناونیشانێک و خواستێک لە لایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە. پاش ئەوە چەندین رەهەندی جیاوازی وەرگرت. ئەمڕۆ دەپرسین بۆچی گۆڕانکاری ڕونادات، لەکاتێکدا باسێکی بەردەوام و ئێجگار زۆر هەیە دەربارەی گۆڕان یان خواست بۆ گۆڕانکاریی. گۆڕان چەمکێکی ئێجگار نوێیە لە دونیای کوردیدا، بەگشتی ئەم چەمکە ڕەهەندێکی چەپیانەی هەیە، [بەڵام ڕەهەندە چەپییەکەی هەمیشە میتافیزیکی بووە، بە زمانێکی دوور لە خەڵک، باس لە نەبوویەک و تەواو دەستەبژێریی] بەڵام فراوانبون و گشتی بوونی تەواو نوێیە. ئەم نوێبونەی وەهای کردووە کە تێگەیشتن و ڕامان و تێفکرینێکی زۆر کەم هەبێت دەربارەی.

لێرەدا چەند سەرنجێکی خێرا دەخەینە بەرچاو، بە هیوام لە داهاتوودا بتوانم زیاتر قسەی لە سەر بکەم.

یەکەم، ئایا لە کۆمەڵگای کوردستاندا گۆڕانکاری ڕودەدات؟ یان ڕونادات؟ ئەمە پرسیارێکی ئێجگار سەختە. بەڵێ گۆڕانکاریی گەورەو ئێجگار کاریگەر ڕویداوە. بەڵام زۆرینە هەست دەکەن کە هیچ ڕوینەداوە، یان هیچ ڕونادات [بازرگانی بێهیواکردن]؟ ئەم پرسە کە خۆی لە ڕودان و ڕونەداندا دەبینێتەوە، جیاکارییکردنی زۆر قورسە. بۆ نمونە یەکێک لە ئەو گۆڕانکارییە گەورانە کە ڕویداوە بە شاربوونی کۆمەڵگای کوردییە هەروەها بە شاربوونی مرۆڤی کوردییە. شار بە پۆلێنە مارکسییەکەی، بەپێچەوانەی گوندەوە، پانتایی جوڵەو گۆڕانکاریی و نوێبونەوەیە. بە بە شاربوون یانی هەڵکەندنی مرۆڤ لە ژینگە و ژیارو کێڵگەو دونیابینی و بەهاو پەیوەندییەکانی بۆ دونیایەکی تر کە تەواو تەواو پێچەوانەیە. لە شار مرۆڤەکان و خێزانەکان لە پانتاییەکی کۆنکریتی بچوکدا دەبێت هەموو شتێک بە پارە بکڕن. بە سەنتەربوونی پارە لە دونیای ئێمەدا لەم ڕوانگەیەوە دێت. دەتوانین بڵێین کە ئەگەر تاکە ئایدەلۆجیایەک هەبێت لە کۆمەڵگای کوردستاندا کە زۆرینەی باوەڕی پێهێنابێت، سەرقاڵی بێت، خوازیاری بێت، پارەیە. پارە ئێجگار ئێجگار ئاڵۆزە. بەڵام لێرەدا چەند سەرنجێکی سادە دەربارەی دەخەینەڕوو. کاتێک هەموو شتێک دەبێت بە پارە، تەنانەت هەوای پاکیش، ئەوا مرۆڤەکان پێویستیان بە دەست گەیشتنە بە ئەم بوونە. ئەمەشە هۆکاری ئەوەی کە قۆرغکارییەکی ئێجگار گەورە هەیە لە دونیای ئێمەدا. پارە ئامرازی سەرەکی سیاسەتەو سیاسەت بۆ پارەیە. زاڵبونی ئایدەلۆجی پارە، یان لە دایکبونی تاکگەرایی، بە کورتی یانی نەمانی سیاسەت لە دونیای ئێمەدا. گەندەڵی کە بریتییە لە بردنی پارەی هەموان بۆ خۆت، لە نێوان تاوان و پێداویستی و ئاسایی بونەوەدا جۆلان دەکات. [زۆربەی سیاسەتمەدارانی دەرەوەی ڕۆژئاوا گەندەڵی وەک پێداویستییەکی سیاسەتکردن دەبینن. بە تاوانبونی بردنی سامانگی گشتی نامۆیە بە کەلتورەکانی درەوەی ڕۆژئاوا].

تاکگەرایی کە زۆرێک وەک یەکێک لە دەستکەوتەکانی شارستانی ڕۆژئاوای دەبینن، لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە جۆرێکی تر بەرجەستە دەبێت و بوەتە مایەی هەڵوەشاندنەوەی هەموو بنەماکان. کاتێک مرۆڤەکان بۆ خۆیان هەوڵدەدەن، ئەوا هیچ ناگۆڕێت لە ئاستی گشتی و گەورەدا. کاری پێکەوەیی ناکرێت، بەردەوامی نامێنێت، پشو درێژی وون دەبێت. لە ئەنجامدا هیچی گەورە ناگۆڕدرێت. کەواتە شار، پارە، خۆپەرستی هۆکارەکانی نەگۆڕانن. ئەوەی زیاتر قوڕەکەی خەستکردوەتەوە سامانی سروشتییە. نەوت سیستەمی سیاسی پریدۆتەری بەرهەم دەهێنێت. کە تیایدا سیاسەت دەبێت بە سەرچاوەی پارەپەیداکردن.

لە دۆخێکی وەهادا سیاسەت قۆرغدەکرێت، چیدی ناتوانرێت باس لە گۆڕانکاری بکرێت. بە کورتی، بە شاربون، بە خودابوونی پارە، ڕەفتارو هەڵسوکەت و زمان و خەون و ئاگایی خەڵکی بە تەواوی گۆڕیوە. بۆ نمونە ئەگەر بڕۆیتە هەر جێگایەک لە کوردستان، لە سەرجادە، هەر حەمەجانێک بگریت (مەبەستم کەسێکی ئاسایی) داوای لێبکەیت پێنج خولەک قسەت بۆ بکات، ئەوا زۆربەی کاتەکەی باسی پارە دەکات. نمونەیەکی زەقتر: بۆ لە کوردستان لە پانزە بیست ساڵی ڕابوردودا هەموو بایەخێک بە ماف، بە یاسا، بە هونەر، بە ئەدەب، بە جوانی، بە کەلتور، بیری قوڵ، بە کۆتاییان هات و هەموو ئەمانە پارە بوو بە جێگرەوەیان؟ لەکاتێکدا بۆ نمونە بۆ ئەوەی گەندەڵی نەمێنێت، دەبێت یاسا بوونی هەبێت و سەروەربێت، دەبێت سیستەمێکی حوکمڕانی جیاواز لە ئارادابێت، دەبێت پانتایی گشتی و زانیاری پەیوەست و قوڵ بە دۆخەکە هەبێت، دەبێت سیستەمێکی هێزو ئابوری جیاواز بێتە ئاراوە. ئەمە وەک ئەوە وایە بتەوێت ماڵێکی تازە دروست بکەیت، بەڵام تاقەتی خشت و چیمەنتۆ و ئاسن و شوشەو کرێکارو کار تڕو فیزی وەستات نەبێت.

بە کورتی خەڵک بە گشتی پێچەوانەی خواستەکانیان ڕەفتار دەکەن، بەڵام زۆرینە هەستی پێناکات. بۆیە گۆڕانکاری ڕودەدات، لە هەمانکاتدا هەستی ئەوە زاڵەک کە گۆڕانکاری ڕونادات. لێرەوە دێینە سەر خاڵی دووەم.

دووەم، دۆخی گۆڕانکاریی باسکراو، بەڵام ڕونەداو. ئەم دۆخە هەتا ئاستێک جیهانییە. زۆر زۆر قسە و باس لە سەر گۆڕانکاریی هەیە، بەڵام ئەوەی باس دەکرێت ڕونادات. ئایا ئەم دۆخە چیمان پێدەڵێت؟ دەتوانین لێرەدا باس لە ئابوری گۆڕانکاریی بکەین. یەکەم سەرنج لێرەدا ئەوەیە کە گۆڕان بوەتە بەهانەیەکی سیاسی، بەڵام سیاسەت ئامانجی سەرەکی پارەیە. بەم پێیە ئەو گۆڕانکارییانەی کە سیاسییەکان باسی دەکەن، لە هەمانکاتدا ناخوازن ڕوبدات، چونکە ئەگەر ڕوبدات ئەوا وەک ئەوە وەهایە پەلکە دارەکەی ژێر خۆیان ببڕنەوە. لەم پێناوەدا چیدەکەن. ئەوەی لە کوردستان و دونیاشدا دەیبینین ئەوەیە کە خەڵکی لێدەخوڕن بەرەو دۆخێکی دەرونی ئاڵۆزو سەخت، کە ناوی دەنێین هیستیریا. لەم دۆخەدا خەڵکی وەها لێدەکەن کە وەها هەست بکات لە خراپترین جێگای دونیادا دەژی، هەموو شتێک لە دەوری خراپ دەبێت، بارودۆخی ئەو تاقانەو بێوێنەیە. هەموو ئەمانە درۆن، بەڵام درۆی مەبەستدارن لەپێناو دروستکردنی دۆخێکدا کە گۆڕانکاری پێویستە بەڵام مەحاڵە. ئەمە کرۆکی ئەو هێزانەیە کە بازرگانی بە گۆڕانەوە دەکەن. مەحاڵکردنی گۆڕان و نەخۆشخستنی خەڵکی لەپێناو ئەوەدایە کە بازرگانیی بە باری دەرونییانەوە بکرێت بەبێ ئەوەی هیچ ڕوبدات. چونکە هەموو پەیامەکە ئەوەیە، دۆخی تۆ زۆر خراپە بەڵام گۆڕانکارییش سەختە. هەردوو ئاڵۆزکردن و بێدەسەڵاتکردن لەپێناو ئەوەدایە کە مرۆڤەکان بچوک ببنەوە، توشی سەرلێشوان ببن، نەتوانن دۆخی ڕاستەقینە ببینن، لە ئەنجامدا تەسلیم ببن. ئەم دۆخە وەک لە ئەدەبیاتی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بۆمان دەردەکەوێت هەمیشە مرۆڤەکان لە ئەنجامی دەستەپاچەیی خۆیان بە دوای ڕزگارکەرو فریودەرو قارەمانی ساختەو تەڵەکەبازدا دەگەڕێن. ئەمەش وەها دەکات بپرسین ئایا گۆڕانخوازەکان گۆڕانخوازن، لەکاتێکدا ئەگەری هەیە گۆڕانکاری ببێتە هۆکاری خراپبونی ژیانیان؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر. بەم پێیە ئێمە لە بەردەم یاریی و بازرگانی گۆڕانداین.

هۆکاری سێیەم، بۆ ئەوەی گۆڕانکاری ببێت، دەبێت وەک بنەمایەک سەروەرێتی دیموکراسی بێتە ئاراوە. سەروەرێتی دیموکراسی لە زۆر شوێنی دونیا ئامرازەکانی یان شۆرش بووە یان جەنگ. بەڵام ئەم دوو ئامرازە بەهیچ شێوەیەک گەرەنتی نیە کە دەبنە هۆی هاتنە ئارای سەروەریی دیموکراسی. یەک خەسڵەت ئەمڕۆ لە دونیادا گۆڕاوە، کە دەبێت لە بەرچاوی بگرین ئەوەیە کە دونیا بووە بە یەک یەکە. جاران کە شۆرشی فەرەنسی یان ئەمریکی ڕویدا، دونیا هێندە بە خێرایی و بە چڕی و بە بایەخەوە بە ئاگاو دەستوەردان نەبوو، ئەمڕۆ لە هیچ کوێی دونیا ناتوانرێت شتێک ڕوبدات بەبێ دەستوەردانی خێراو ڕاستەوخۆی هێزە جیاوازەکانی دونیا. ئەمەش وەهایکردوە چیدی ناتوانیت بیر لە ئەوە بکەیتەوە کە چۆن دۆخی ژیانت بگۆڕیت، بەڵکو دەبێت وەها بیر بکەیتەوە ئایا لە دۆخی ئێستای هەرێمی و جیهانیدا دەتوانیت چی بکەیت؟

گۆڕانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری سەختە. هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی بە موژدەی خێرا دەرئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە. ١٧ی شوباتی کوردستان و تەشرینی باشور نیشانەی ئەوەن کە دەکرێت جوڵە هەبێت بەڵام گۆڕانکاریی ڕونەدات. ئەو گۆڕانکارییەی کە کۆمەڵگای کوردی دەیەوێت ئەوەیە کە پارەکە یان داهاتەکە بە باشی دابەش بکرێت. بەڵام بۆ ئەوەی ئەمە ڕوبدات دەبێت ململانێی سیاسی بەتەواوی بگۆڕدرێت. هەروەها دەبێت لەبڕی شەخس دەزگا زاڵ بێت. لە بڕی هێز یاسا باڵادەست بێت. لە بڕی ترس و قۆرغکاریی کرانەوەو لە خۆگریی بەرهەم بێت. دەیان بواری تریش.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن