وتار

موچە و کۆیلەیەتی

4/29/2020 1:57:00 PM 335 جار خوێندراوەتەوە
سەردار عەزیز

چەند ساڵێک لەمەوپێش لە گەڵ فالح عبدالجبار و حەمید بۆز ئەرسەلاندا لە کۆنفرانسێک بوین لە زانکۆی ڕێدینگ لە دەرەوەی لەندەن. لەوێ فالح باسی ئابوری-سیاسی عێراقی کرد، موچەخۆری وەک کۆیلە ناساند. بەڵام چەمکی کۆیلە بەو ئاسانیە نیە، کە لە زمانی کوردیدا هەیە.
پیش ئەوەی کەمێک ڕاڤەی بکەین لە فۆرمی نوێدا، با بگەڕێینەوە بۆ سەردەمە سەرەتاکان. هەر لە کۆنەوە، یەکێک لە بنەماکانی حوکمڕانی توانای دروستکردنی تەبایی و هاوبەشیی بوە لە نێوان خەڵکدا. بە تایبەتی ئەگەر دەسەڵات گرنگی بە خەڵك دابێت.
ئایا ئەم هاوبەشییە چۆن دروست دەبێت، قسەی زۆری لە سەرە. بەڵام ئەوەی قسەی لە سەرنیە کە پەرتی و جودایی لە هەناو کۆمەڵگادا دەبێتە مایەی ناسەقامگیریی بۆ دەسەڵات. لە سەردەمی ڕۆمانەکاندا دوو بیرمەندی بلیمەت بە دیدی جیاواز قسەیان لە سەر ئەم پرسە کردوە، ئەوانیش شیشرۆ و ئۆگستینن. بەلای شیشرۆەوە دروستکردنی بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان خەڵکدا شێوازێکی گونجاوە بۆ پێکەوە گرێدانیان. ئۆگستین ڕەخنەی لێدەگرێت و دەڵێت، ئەگەر باوەڕ نەبێت نە کۆمار دەبێت نە خەڵک. بەڵام ئۆگستین باوەڕ بە بنەمای خۆشەویستی لە قەڵەم ئەدات. ئایا دەتوانرێت ئەندامانی کۆمەڵگا لە سەر بنەمای خۆشەویستی بۆ خودا یان هەر شتێکی تر کۆبکرێتەوە. یان لە سەر بنەمای باوەڕ؟
بە هەرحاڵ ڕەنگە گرنگ ئەوەنەبێت کە کۆکەرەکەوە چیە، لە ئێستادا، ئەوەندەی ئەوە گرنگە کە کۆکبین لە سەر ئەوەی کە کۆکەرەوەیەک گرنگە. ئەوەی دۆرکهایم ناوی دەنێت چیمەنتۆ.
ئەم چیمەنتۆیە یان کۆکەرەوەیە لە سەردەمی نوێدا لە ڕێگای چاپەمەنی و تەکنەلۆجیاوە دەتوانرێت خەیاڵ بکرێت وەک ئەندەرسن لە چەمکی جڤاتی خەیاڵکراودا باسی دەکات.
بەڵام چەندێک بونی کۆکەرەوەیەک گرنگە، ئەوەندەش جۆرەکەی. میکیاڤیللی لە میردا بە ڕونی ئەوەمان پێدەڵێت کە کاتێک خەڵکێک بەبێ ئازادی بەڕێوەدەبرێن ئەوا کاتێک کەسێکی تر دێت و میرەکەیان لادەبات و دەبێت بە میریان خەڵکەکە ئەوەندە دژایەتی ناکەن، چونکە ئەوان هیچ لە دەست نادەن. بەڵام ئەگەر بە ئازادی حوکمبکرێن ئەوا کاتێک میرێکی تر دێت و ئازادییان لێوەردەگرێتەوە هەرزوو دژی دەوەستنەوە.
کەواتە جۆری پێکەوەبونەکە هێندەی بونی پێکەوەبونەکە گرنگە. لێرەوە با بێینە سەر موچە.
ئێستا وەک حەقایەتی مێشی لێهاتوە، هەمو کەس دەڵێت ئابوری عێراق و کوردستان ئابوری ڕەیعی یان کریخۆرییە. لە کرۆکی کرێخۆریدا گرێبەستێک هەیە کە دەڵێت: من بژێویت بۆ دابین دەکەم تۆ ئازادیتم بدەرێ.
لێرەوەیە فالح عبدالجبار موچەخۆری وەک کۆیلە ناودەبرد. کەواتە موچە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیە لە هەناو سیستەمێکدا کە داوات لێدەکات دەستبەرداری ئازادیت ببێت و بژێویت مسۆگەر دەبێت. یان بە مانایەکی تر دەستبەرداری سیاسەت بیت. وەک ئاگامبین لە هۆمۆ ساکەردا باسی دەکات لە سەردەمی یونانەوە مرۆڤ دابەشکراوە بە سەر دوو بەشدا: ئەوانەی بۆیان هەیە سیاسەت بکەین و ئەوانەی بۆیان نیە. کۆیلە بۆی نەبوە سیاسەت بکات، بە مانایەکی تر بەشداربێت لە چۆنێتی بەڕێوەچونی خۆی و ئەوانیتردا. ئێستا ئەم سیستەمە لە قەیراندایە. حکومەتی هەرێم دەبو وانەی لە ئەزمونی جاش خەفیفەوە وەربگرتایە کە چۆن زوو وەلائیان دەگۆڕن. ئێستا هەندێک موچەخۆر وەها بیردەکەنەوە کە گرنگ نیە کێ حاکمە، گرنگ دابینکردنی موچەکەیە. بە مانایەکی تر هەموو شتێک لە بەرامبەر موچەدا.
پرسەکە ئەوەنیە کە ئەمە عێراق، بەڵکو ئەگەر تورکیا یان ئێران یان نیوزلەندا بەو کارە هەستێت خەڵک کیشەی نیە. کەواتە پرۆسەی سڕینەوەی هەموو شتێک لە بەرامبەر موچەدا پرۆسەیەکی ئێجگار سەرکەوتووبوو. بەڵام وەک چۆن هێنانی کۆیلە سەرەتا بوو بە هۆکاری بوژانەوەی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی و دروستبونی ئەرستۆکرات. پاشان هەر کۆیلە بوو بە هۆکاری داڕمانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی.
ئەو وانانەی کە دەبێت فێربین:
یەکەم، جیاکردنەوەی دارایی و ئابوری لە سیاسەت یان حیزبایەتی.
دووەم، گەڕانەوە بەها بۆ کار و کارکردن. مرۆڤ لە سیستەمی موچەی ڕەیعیدا هەستناکات کارەکەی هیچ بەرهەمێکی هەیە. بەڵام لێی نامۆ نابێت بە مانا مارکسیەکەی.
سێیەم، دروستکردنی پێکەوەبونی کۆمەڵایەتی لە سەر بنەمای جیاواز لە پارە، لە سەر بنەمای ئازادی، ڕێز، کەرامەت. ئەمەش کاتێک دەبێت کە حکومەت شەفاف و ڕاستگۆ و خۆ بە باڵاتر نەزانێت لە خەڵک.
چوارهەم، سیستەمی موچە، نەک هەر ناتوانرێت درێژەی پێبدرێت، بەڵکو ڕێگرە لە بەردەم هەموو بوژانەوەیەکی تر و دەمێکە گەشتوەتە بن بەست. ئەگەر سەردەمێک موچە چارەسەربو، ئەوا چیدی زیان بەخشە.
شەشەم، لە هەناو خەڵکی کورددا زۆت بەهای جوان هەیە کە دەتوانرێت کاری لە سەر بکرێت کاتێک بواری بۆ دەڕەخسێت. بۆیە ترسی ئەوە نیە کە چی دەبێت هۆکاری چیمەنتۆیەکی نوێ.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement