وتار

بزوتنەوەی هەقە: خوێندنەوەیەکی تر

4/9/2019 2:43:00 PM 2044 جار خوێندراوەتەوە
سەردار عەزیز

ئەم ڕۆژانە دوا ڕەشنوسی توێژینەوەیەکم سەبارەت بە بزوتنەوەی هەقە تەواوکرد بە زمانی ئینگلیزی، بۆئەوەی ئەمساڵ لە توێی کتێبێکدا لە زانکۆی ڤییەنا بڵاوبێتەوە. لێرەدا چەند خاڵێک بە کورتی دەخەمە بەرچاو کە لە میانەی توێژینەوەدا پێی گەیشتم.
یەکەم، هەقە بزوتنەوەیەکی تایبەتی کوردیە، کە هەتا ئێستا زۆر بە ڕوکەش و زۆرجار خراپ قسەی لەسەر کراوە. ئەوانەی کە قسەیان لەسەر کردووە زۆر بەئاسانی ڕاڤەیان کردووە، بەبێ بوونی بنەمای مێژوویی و میتۆدۆلۆجی. ئەمەش وەهایکردووە کە ئەوەی لەسەریان نوسراوە، تا ئاستێکی زۆر سنورداربێت.
دووەم، هەقە وەها دەبینرێت کە بزوتنەوەیەکی سوشیالیستیە یان فیمینستیە یان پەسیفیستە ئەم ناو و ناتۆرانە، نەک هەر خراپ تێگەیشتنن، بەڵکو تا ئاستێکی باڵا رەگەزپەرستانەن. لە کتێبی لۆجیکی پراکتیزیدا فەیلەسوفی فەرەنسی  پییار بۆردیو بە جوانی باسی ئەم دۆخە رەگەزپەرستیەمان بۆ ئەکات. ئەویش بینینی دونیا لە چاویلکەی ئەوروپی و رۆژئاواییەوە، لەهەمانکاتدا بە هێند وەرنەگرتنی پراکتیزو دۆخی بەرهەمهێنانی مەعریفە لە دەرەوەی ڕۆژئاوا، یان بینین تەنها وەک درێژە یان کۆپی بیری ڕۆژئاوا. 
سێیەم، خەسڵەتەکانی هەقە، وەک هەژاری، هەژاری بە مەبەست، دەروێشێتی، سەرباری ڕەگی سۆفیەتی، هەموو دیاردەی نوێ نین، نە لە کەلتوری ناوچەکە و نە لە کەلتوری ئیسلامدا. کارەکانی ئەهمەت قەرەمستەفا لە سەر دەروێشگەرێتی و قەلەندەرەکانی سەدە ناوەندیەکان، زۆر بە سودە بۆ دەستنیشانکردنی ڕەگی ئەم دیاریدانە لە ناوچەکە و لەمێژوودا. هەروەها سودم لە کارە فیکریەکانی ئەنتۆنی نێگری وەرگرت بۆ تێگەیشتن لە هەژاری وەک بەرگری. 
چوارهەم، نوسینەکەی ئەدمۆنز، لە سەرچاوەی ترەوە وەرگیراوەو ڕاستەوخۆ کاری لە سەر نەکراوە.  هەروەها دۆخی مێژووی دەقەکەی ئەدمۆنز لە بەرچاو نەگیراوە، لە هەمانکاتدا ئۆریەنتالیست بوونی ئەو. بێگومان ئەم دەقە گرنگە، بەڵام بێ کێشە نیە. 
پێنجەم، هەقە لە سەروبەری دروستکردنی عێراقدا سەریان هەڵداوە، ساتەوەختێکی ئێجگار ئاڵۆزو پڕ لە توندوتیژی لە مێژوی ناوچەکەدا. ئەم دۆخە و ئاڵۆزیەکانی لە قسەکردن لەسەر هەقە لە بەرچاونەگیراوە. ئەدمۆنز لە نامەو کارەکانی لە زانکۆ ئۆکسفۆردە باش ئەرشیفی ئەم دۆخەی کردووە. 
شەشەم، شوێن لە میانەی توێژینەوەدا لە بەرچاو نەگیراوە. شوێن، پانتایی، تایبەتمەندی شوێن، هەموو خەسڵەتی گرنگن. شوێنی هەقە شاخە. ئیسلام لە سەرەتادا بە ئاسانی بە ناوچە شاخاوییەکاندا بڵاونەبوەتەوە. شاخ بەرگریکەرێکی سروشتیە لە بەردەم هەموو کەس و هێزێکی نوێدا. ئەمە  دەگەڕێتەوە بۆ کزینۆفۆن. ئەگەر تەماشای ئاینەکانی پێش ئیسلامی کوردستان بکەی کە ماون هەمویان لە ناوچە شاخاوییەکانن، وەک شەنگال، هەورامان، داڵەهۆ. 
حەوتەم، ئاین یان بیرو پراکتیزی ئاینی پاشکۆو دەرئەنجامی هیچ بیرێکی تر نیە. بوارو پانتاییەکی سەربەخۆیە، وەک ئەسەد دوپاتی دەکاتەوە. ئەم تێزە بەسەر هەقەشدا دەسەپێت. 
هەشتەم، هەقە لە سەردەمی هاتنی مۆدێرنەدا سەرهەڵئەدات، مۆدێرنە خۆی دەسەپێنێت. کاریگەری لەسەر هەقە دەبێت لە ڕێگای بەهێزبونی ناسیونالیزمی کوردی لە سلێمانی. گەشەی ناسیونالیزمی کوردی لە سلێمانی لەلایەن تاڵەبانیەکانی کەرکوکەوە دژایەتی کراوە، وەک ئەدمۆنز لە نامەیەکدا بۆ کرۆنوێڵ لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٢٣ باسی لێوەدەکات. 
نۆیەم، هەقە بەرهەمی پانتایی گوندە. لادێ، بەگشتی لە دونیای بیردا وەک جێگایەکی دەرەکی تەماشا کراوە، شار هەمیشە جێگای بیرکردنەوە بووە. ئەمە بە زەقی لە تێزەکانی مارکس لەسەر هیندو ستەمکاری ڕۆژهەڵاتیدا ڕوونە. بەڵام هەقە پێچەوانەی ئەم تێزەیە.
دەیەم، من بە ڕێکەوت، لەسەر داوای هاوڕێیەک کارم لەسەر هەقە کرد، سەرەتا بۆ پرۆژەیەک بە عەرەبی. دەکرێت ئەم دیاردەیە، وەک بەشێک لە کەلەپورو پرۆسەی بەرهەمهێنانی مەعریفی کوردی تەماشا بکرێت، کە چۆن درێژکراوەی کەلتورێکی دەوڵەمەندی ئیسلامی ناعەرەبیە، لە گەڵ دۆخی ناوچەکەو کەلتوری کوردی. 
یانزەیەم، وەک ئاگادار کرامەوە کە ئەرشیفێکی باش هەیە لە دەستنوس و نامەو یادەوەری، بە هیوام لە ئەرشیفخانەیەکی تایبەتدا بەردەست بخرێت بۆ لێکۆڵەرەوان. هەروەها بە هیوام کە توێژینەوەکەی من ببێتە سەرەتایەک لە خەڵکی تر کاری وردو زانستی لەسەر بکات. چونکە ئامانجی من تەنها ناساندن بوو.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن