وتار

قەیرانی گەشە لەکوردستان

5/1/2021 1:48:00 PM 58 جار خوێندراوەتەوە
سەردار عەزیز

گەشەی ئابوری لەئەو جێگایانەی کە لەسفرەوە دەستپێدەکەن چەند قۆناغیکی هەیە، مامەڵەکردن و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغانە بەکۆمەڵێک هۆکاری زۆرەوە پەیوەستە، وەک پەیوەندی بەئابوری جیهانییەوە، دانیشتوان، نوخبەی سیاسی، جۆری سیستەمی ئابوری، شوێن، هەروەها هۆکاری تریش.

هەموو وڵاتێک لەمیانەی گەشەیدا بەپێی بونیادو جۆری نوخبەو سیستەم و پێگەی بەشێوازی جیاواز مامەڵە لەگەڵ ئەم پێودانگانەدا دەکات،هەندێک وڵات سەرکەوتوو دەبن و هەندێک وڵاتیش هەتا ناوەڕاست دەڕۆن، ئیتر یان لەوێدا دەگیرسێنەوە یان بەرەوخوار دێن، بەئەمە دەڵێن middle income trap.  دیارە بۆ تێگەیشتن لەدۆخی کوردستان، ناتوانرێت تەنها کوردستان وەک جێگایەکی تەنها و تاک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، چ وەک میتۆدو چ وەک ئەزمون دەبێت تەماشای ئەزمونی ئەوانیتریش بکرێت، دەکرێت چیرۆکی کوردستان بەمشێوەیە کورت بکرێتەوە.

هەموو وڵاتێک لەمیانەی گەشەیدا بەپێی بونیادو جۆری نوخبەو سیستەم و پێگەی بەشێوازی جیاواز مامەڵە لەگەڵ ئەم پێودانگانەدا دەکات،هەندێک وڵات سەرکەوتوو دەبن و هەندێک وڵاتیش هەتا ناوەڕاست دەڕۆن، ئیتر یان لەوێدا دەگیرسێنەوە یان بەرەوخوار دێن

لەپاش سەردەمێکی هەژاری بەهۆکاری جیاواز، قۆناغێکی بوژانەوە دەستپێدەکات، ئەم قۆناغە پاش ماوەیەکی کورت تووشی قەیران دەبێت، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دەتوانرێت ئەم قۆناغی گەشەیە درێژەی پێبدرێت یان لەبەر هەندێک هۆکار، گەشە گەیشتە بنبەست؟ کاتێکیش گەشە دەگاتە بنبەست، ئەوا مانای ئەوە نیە کەدۆخەکە دەچێتە قۆناغی تەختایی یان پلاتوو، بەڵکو خێرا بەرەو خوارەوە دێت، لەهەر جێگایەکی دونیا هۆکاری ئەم وەستان و داڕوخانە جیاوازە. (10-15) پانزە ساڵ لەمەوپێش وڵاتی مەکسیک لەبرەوی گەشەدابوو. بەڵام لەپڕ مەکسیک تووشی قەیران بوو. ئەوەی مەکسیکی تووشی قەیران کرد چین بوو، وەک ناتالی و سکۆت لەکتێبەکەیان دەربارەی دابەشبوونی شارو گوند لەچین ئاماژەی پێدەدەن. Natalie Hell and Scott Rozelle ٢٠٢٠ Invisible China: How the Urban-Rural Divide Threatens China’s Rise چۆن چین گەشەی مەکسیکی وەستاند؟ کاتێک مەکسیک بوژایەوە دەستی کار تیایدا گرانبوو. لەکاتەدا چین کرایەوە، کردنەوەی وڵاتێکی زەبەلاحی هەژاری وەک چین وەرچەرخان بوو. لەساڵی ١٩٨٠ رێژەی گشتی داهاتی ساڵانەی تاکێک لەچین تەنها هەزار دۆلار بوو. ئابوری جیهانگیری بەدوای بازاڕو دەستی کاری هەرزاندا دەگەڕێت، خێرا مەکسیکی لەناوەڕاستی رێگادا جێهێشت و بەرەو چین کۆچی کرد. لەئەنجامدا چی لەمەکسیک روویدا؟ ئەو ماوەیە کە گەشانەوە هەبوو، ژیانی زۆرێک گەشەی کردبوو، بەڵام نەوەی دوای ئەوان، لەکاتێکدا دەرفەتی خوێندن و ژیانی باشتری هەبوو، بەڵام رووبەڕووی بێکاری بووەوە. بێکاری کەسێکی خاوەن بڕوانامە خراپترە لەکەسێکی بێ بڕوانامە. بەگشتی کەسی بێ بڕوانامە کاتێک بەدوای هەموو کارێکدا دەگەڕێت، چانسی باشترە بۆ ئەوەی کاری دەستبکەوێت، بەڵام کەسی خاوەن بڕوانامە، بەدوای جۆرێکی تایبەت لەئیش و خاوەن جۆرێکی تایبەتە لەخەیاڵە، بۆیە کار دەستکەوتن بۆی لەکاتی قەیراندا ئاسان نیە. لەدەرئەنجامی ئەمەدا لاوانی مەکسیک روویانکردە سێ بوار، ئابوری نافەرمی، کۆچ، لەگەڵ بازرگانی دەرمان. ئەمڕۆ ئەم سێ کەرتە کۆمەڵگای مەکسیکی هێناوەتە چۆک.

بێگومان کوردستان لەمەکسیک ناچێت لەزۆر رووەوە، بەڵام ئەم ئەزمونە، لەزۆر رووەوە هاوشێوەیەکی لەدونیای ئێمەدا هەیە، بەهەندێک جیاوازییەوە، لەم ئەزمونەوە دەتوانین ئەو دیدە هەڵێنجێنین کە ئەگەر ئابورییەک نەتوانێت بەڕێژەیەکی دیاریکراو لەکاتی دیاریکراودا لەگەشە بەردەوام بێت ئەوا ئەگەری هەیە کە تووشی قەیران بێت. بەڵام بۆ ئەوەی ئابورییەک بتوانێت بەردەوامی بە گەشەی بدات، ناتوانێت لە سەر هەمان ئەو رێتم و بنەمایانە بوەستێت کەدەستیپێدەکات، بەڵکو دەبێت لەمیانەی گەشەیدا بەردەوام پەرە بەخۆی بدات و خۆی نوێ بکاتەوە. لەکەیسی کوردستاندا کۆمەڵێک هۆکار بوونیان هەیە کە بنەمای ئەم قەیرانە دادەڕێژن:

یەکەم، ئابوری کوردستان لەتەمەنی کورتی بووژانەوەیدا دۆخێکی ئابوری و کۆمەڵایەتی تایبەت بەخۆی دروستکرد، بۆ نموونە چونە زانکۆ بەڕێژەی زۆر، هەبوونی پارە لەبازاڕدا، ئاشنابوون بەخۆشییە رووکەشییەکانی سیستەمی سەرمایەداری، ئەوەی پێی دەوترێت لوکشەریی. ئەمانە هەموو لەئەنجامدا کارێگەری کوشندەیان هەیە لەسەر ئابوری لەبری داڕشتنی بنەمای گەشەی تر. زۆربوونی خوێندن شتێکی باشە، بەڵام خوێندن لەقۆناغەکاندا ئەگەر پەرە بەخۆی نەدا، ئەوا زیانی زیاترە. گەر بەسادەیی بپرسین ئایا زانکۆکانی کوردستان دەتوانن خەڵکانێک بۆ داهاتوو ئامادەبکەن؟ لەکاتێکدا ئەوان نەک لەئێستای دونیا، بەڵکو لەڕابوردوودا دەژین؟

 دووەم، دروستبونی توێژێک بەوێناو خەیاڵ و حەزی جیاوازەوە.

سێیەم، بەشاربوونێکی خێرای کۆمەڵگا، کە لەزۆر رووەوە لەئەزمونی ئێرانی سەردەمی شا دەچێت.

چوارهەم، بە بنبەست گەیشتنی کەرتی گشتی و نەزۆکبوونی کەرتی تایبەت. دیارە لەسیستەمی ئابوری کوردستاندا دابەشکاری کەرتەکان بەو شێوەیە دیارو زەق نیە، کە بتوانرێت بە ئاسانی باس لەکەرتی تایبەت و کەرتی گشتی تەنانەت بواری تایبەت و بواری گشتیش بکرێت. ئەم پانتاییانە لەکۆمەڵگایەکی نالیبرالی سەرەتای سەرمایەداری بەڕوونی دەستنیشان ناکرێن.

پێنجەم، پەرەسەندنی کۆچ و ئابوری نافەرمی و توڕەیی سیاسی، هەردوو بەرەی سیاسی، دەسەڵات و ئۆپۆزسیون مامەڵەیان لەگەڵ ئەم دۆخەدا زۆر نابەرپرسیارانەیە. دەسەڵات دەیەوێت خۆی لێبپارێزێت و ئۆپۆزسیون دەیەوێت بۆ دەستکەوتی کورتخایەن سەرمایەگوزاری لەسەر بکات. هیچ لایەک خەمی چارەسەرو خاوەن دیدی چارەسەر نین.

 ئابوری ئەمڕۆ پێویستی بەکارایی و هەرزانی هەیە، هیچ کام لە ئەم دووانە لەکوردستان دەستەبەرنین. لەهەمانکاتدا قۆرغکاریی ئابوری رێگرە لەوەی کە بتوانرێت کرانەوە دروست بێت لەسەر بنەمای ئابوری بازاڕ. نوخبەی سیاسی هەتابێت زیاتر و زیاتر بوارەکانی ئابوری کۆنترۆڵ دەکەن، هەموو ئەمانە زیاترو زیاتر دۆخەکە ئاڵۆز دەکەن. دیارە گەندەڵی کەدەرئەنجامی قۆرغکاری و دۆخی سیاسییە، هۆکارێکی کوشندەیە لەڕێگەی گەشە

شەشەم، کۆمەڵێک خەسڵەت هەن کە دۆخی کوردستان زیاتر ئاڵۆز دەکەن، بەگشتی ئابوری سامانی سروشتی یەکێک لەهۆکارو سەرچاوەکانی ململانێی نوخبە و زۆرجار شەڕی ناوخۆ. ئەمەش بۆ کوردستان راستە. بەم پێیە ئابوری کوردستان چونکە دەتوانرێت بەئاسانی کۆنترۆڵبکرێت ئەوا نوخبەی سیاسی هەوڵی کونترۆڵکردنی دەدات و ئەمەش دەبێتە مایەی گرژی، چونکە کۆنترۆڵی ئابوری ڕاستەوخۆ کۆنترۆڵی سیاسی لێدەکەوێتەوە. خەسڵەتێکی تری ئابوری کوردستان ئەوەیە کە توانای ئەوەی نیە کە تەختایی یان سەقامگیری ئابوری درێژخایەن بەرهەم بهێنێت لەبەر هەڵبەزو دابەزی نرخی نەوت، جەنگ، وەک دوو هۆکاری دەرەکی. قەیرانی ئابوری هەرێم تەنها کاتێک چارەسەر دەبێت کە بتوانرێت رێژەیەکی زۆری کار لەماوەیەکی کەمدا دابین بکرێت. ئەمەش وەک جۆرێک لە مەحاڵ دەبینرێت بە تایبەتی کاتێک کەهیچ بنەمایەک نیە بۆ فراوانبونی ئابوری و زەمینەسازی بۆ کردنەوەی کەرتی تر.

 ئابوری ئەمڕۆ پێویستی بەکارایی و هەرزانی هەیە، هیچ کام لە ئەم دووانە لەکوردستان دەستەبەرنین. لەهەمانکاتدا قۆرغکاریی ئابوری رێگرە لەوەی کە بتوانرێت کرانەوە دروست بێت لەسەر بنەمای ئابوری بازاڕ. نوخبەی سیاسی هەتابێت زیاتر و زیاتر بوارەکانی ئابوری کۆنترۆڵ دەکەن، هەموو ئەمانە زیاترو زیاتر دۆخەکە ئاڵۆز دەکەن. دیارە گەندەڵی کەدەرئەنجامی قۆرغکاری و دۆخی سیاسییە، هۆکارێکی کوشندەیە لەڕێگەی گەشە. ئەوەی جێگای مەترسییە ئەوەیە کە کاتێک ئابورییەک ناتوانێت بنەماکانی گەشە دابڕێژێت، ئەوا هەتا زیاتر لەسەر بنەما کۆنەکانی بەردەوام بێت سەختترە بۆی بتوانێت گۆڕانکاری لەخۆیدا بکات، ئابوری لەمجۆرە ناتوانێت دەستی کاری کارا بەرهەم بهێنێت. ناتوانێت دەزگاکانی نوێ بکاتەوە هەتا بنەمای داهێنان و نوێگەری و گەشە دابڕێژێت. دەترسێت لەکاریگەری سیاسی دروستبوونی چینی ناوەندی راستەقینە، روانین و بیرکردنەوە لەم بوارە کاری زۆری دەوێت، بەگشتی شەش بواری بەرفراوان دەبێت لەبەرچاو بگیرێت. دەزگاو چۆنێتییان، دیموگرافی و کارایی، ژێرخان و توانای جوڵە ، ژینگەی ماکرۆئیکۆنۆمی و کارنامە سیاسییەکان، ستراکتۆری ئابوری، دۆخی ئاسایش و پەیوەندی نوخبەی سیاسی و خەیاڵی گشتی،  لەکوردستان دەبێت دەوام بگۆڕدرێت بۆ کار، (لەماوی کۆرۆنادا ٥٠٪ ی فەرمانبەر دەوامیان نەکردووە لە عێراقدا، هیچ دائیرەیەک کێشەی کەمی فەرمانبەری نەبووە)، حکومداری لە ئامانجی سیاسی تەسکەوە بگۆڕدرێت بۆ حوکمداری کۆمەڵگا بەفراوانی، ئابوری بریتی نەبێت لەسیاسەت، بەڵکو لەدیدی چۆنێتی بەڕێوەچونی کاروباری ماڵ یان وڵاتەوە ببینرێت، ئەوەی هی هەموانە بۆ هەموان بێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement