8وتار

ترەمپ و کات

4/7/2026 3:08:00 PM
سەردار عەزیز

ترەمپ پەیوەندییەکی جیاوازی هەیە بە کاتەوە. دیارە کات وەک بوارێک بە هیچ شێوەیەک مایەی بیرکردنەوە نییە لە دونیای ئێمەدا. بەڵام کات کایەیەکی زۆر چڕی ئاڵۆزە، کە تێگەیشتن لێی زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لە هەموو دیاردەیەک. بیرمەندی سیاسیی هەنگاری ئیڤان کراستیڤ، ئاماژە بەم دیدەی ترەمپ دەدات لە بواری کاتدا، وەک دیدێکی شۆڕشگێڕانە.

 

دیارە مەبەست لە شۆڕش ئەوە نییە باشە یان خراپ، بەڵکو مەبەست لێی تەواو جیاوازە لە ئەوانی تر. بە دیدی ئیڤان لای ترەمپ ڕابردوو و داهاتوو هەموو لە ئێستادا کۆدەبنەوە. ترەمپ بە هیچ شێوەیەک پەیوەست نییە بە ڕابردوو، هەرچەندە ماگا وەک جووڵانەوەیەک بانگەشە بۆ ڕابردووێکی لەدەستچوو دەکات کە دەبێت بگەڕێندرێتەوە، بەڵام بۆ ترەمپ دونیا لە ئەوەوە دەست پێدەکات و لە ئەودا کۆتایی دێت.

 

ترەمپ وەک ئیڤان دەڵێت خاوەن بیرکردنەوەی درێژخایەن نییە، بەڵکو هەمیشە جەخت لەسەر کاتی دیاریکراو یان سنووردار یان deadlineدەکاتەوە.وەک لەم جەنگەدا دەیبینین، بەردەوام کات لەدوای کات دیاری دەکات. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە هەمیشە کاتەکانی زۆر کورتن، لای ترەمپ کاتەکان بە کاتژمێر و ڕۆژ و هەفتە دەپێورێن.

 

ئەو هەرگیز ناتوانێت باسی ساڵ و دەیە و سەدە بکات. بە دیدی من یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم بەپەلەبوونە، دروستکردنی چوارچێوەیەکی ترە جیاواز لە چوارچێوەی دیموکرات و ئەوانی تر، نەک تەنها لە شەڕدا بەڵکو لە هەموو بوارێکدا. یەکێک لە ڕەخنە گەورەکان لە دیموکراتەکان دەگیرێت ئەوەیە کە بۆ هەموو شتێک کاتی زۆری دەوێت و کار بە خێرایی ناڕوات.

ترەمپ دەیەوێت بڵێت ئەو پیاوی جێبەجێکردنی کاری خێرایە. دیارە لە هەمان کاتدا ڕەهەندی میدیاییشی هەیە. دەکرێت بڵێین کە ترەمپ کوڕی تەلەفزیۆنە. مرۆڤی تەلەفزیۆنی و میدیایی بە گشتی ئالوودەیە لە بەپەلە و هەنووکە و نها و ئەم شتانە. لە کاتێکدا تینووی خێرا هاتنە، لە هەمان کاتدا تینووی خێرا کۆتایی هاتنە. شتەکان دەبێت زوو بێن و زوو بڕۆن. هەموو دیاردەیەک پاش ساتێکی کەم مایەی بێزارییە.

بۆ نموونە لەم شەڕی ئێرانەدا ترەمپ جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرکەوتنێک بەدەست بهێنێت بە خێرایی. بە هیچ شێوەیەک بیر لەوە ناکاتەوە کە ئەوەی دەیکات لە دوورمەودادا چ کاریگەرییەکی هەیە لەسەر ئەمریکا و ناوچەکە. کات لە ئەودا چڕ بووەتەوە، کات لەدوای ئەو بوونی نییە. لەم ڕووەوە بە زۆری لە دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێت.

دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کاتێکدا دەیانەوێت داهاتوو داگیر بکەن بەوەی ببن بە ناو و نیشانەی هەموو شتێک، لە هەموو شوێنێک و لە هەموو ساتێکدا بوونیان هەبێت. بەڵام لە هەمان کاتدا دەزانن کە پاش خۆیان تەواو پێچەوانە ڕوودەدات.

ئەگەر لە سەردەمی خۆیاندا لە هەموو ساتێک و لە هەموو شوێنێکن، ئەوا لە پاش خۆیان لە هیچ کاتێک و لە هیچ شوێنێک نین. ترەمپ لەم مامەڵەیەی لەگەڵ کاتدا دەیەوێت خۆی لە سەنتەردا بێت، نایەوێت بزانین ساتێکی تر چی دەکات، بەڵکو دەبێت چاوەڕێی ئەو بین بزانین چی دەکات، بەم شێوەیە ئێمە ناچار دەبین بزانین چیمان پێدەڵێت، چونکە ناتوانین پێشبینی بکەین کە کەی شتێک دەڵێت و چی دەڵێت.

لەمەدا لۆجیکی هەموو شتێک دادەڕمێت. بۆ نموونە لە شەڕی تردا دەکرێت بزانین قۆناغەکان بوونیان هەیە، ئامانجەکان بوونیان هەیە. بەڵام لەم جەنگەدا هیچ کام لەمانە بە ڕوونی نازانرێت. سەمەرەی مامەڵەی ترەمپ بۆ کات ئەوەیە کە خۆشی نازانێت کە دەبێت ساتێکی تر چی بکات، چونکە ساتێکی تر تەواو جیاوازە. ئەم جۆرە مامەڵەیە لەگەڵ کاتدا بۆ دیموکراسی زۆر ترسناکە. کرۆکی دیموکراسیی نوێنەرایەتی بریتییە لە پەیماندان. پەیماندان لە هەناو کاتدایە. بەڵام لای ترەمپ کات تێدەپەڕێت و دەمرێت، بۆیە هیچ بنەمایەک نییە بۆ پەیمان بردنەسەر.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن