358وتار

دیسانەوە هەڵبژاردن

2/4/2023 2:27:00 PM
سەردار عەزیز

لە دەرئەنجامی فشار دەرەکی ڕەنگە هەرێمی کوردستان لەمساڵدا هەڵبژاردن ئەنجام بدات. لە دوای کەوتنی سۆڤیەت، هەڵبژاردن وەها دەبینرێت کە رێگایەکە خەڵک دەتوانن لە میانەی پیادەکردنیدا، نەک تەنها نوێنەریان هەڵبژێرن بەڵکو فێری کۆمەڵێک ڕەفتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی ببن کە لە دەرئەنجامدا بە سودی دیموکراسی و ئازادییەکان و رێزگرتن و دانوستان بشکێتەوە. لەم دیدە ڕەفتارگەراییەوە، بەردەوامی و دوبارەبونەوەی هەڵبژاردن دیاردەیەکەی پێویستە بۆ دیموکراتیزەبون.

 

بەڵام ئەگەر ئایدیالیانە سەیری هەڵبژاردن بکەین، لە ڕاستیدا دیاردەیەکی دیموکراسی نیە. چونکە دیموکراسی یانی دەسەڵاتی خەڵک، بەڵام هەڵبژاردن یانی هەڵبژاردنی خەڵکانێک بۆ پێدانی دەسەڵات پێّیان. بەڵام لە ڕوی کردارییەوە ناکرێت هەموو خەڵک دەسەڵاتی هەبێت بۆیە پرۆسەی نوێنەرایەتی هاتوەتە ئاراوە، وەک چارەسەرێک بۆ ئەم مەحاڵە.

 

 نوێنەرایەتی کە جۆری دیموکراسیی باوەوە، بە کوردستانیشەوە، بۆ خۆی بوارێکی ئێجگار فراوان و مەحاڵە.  ئەدەبیاتێکی بەرفراوان لەم بوارەدا هەیە، هێشتا ئاگایی کوردی پێی ئاشنانیە. بە رای من یەکێک لە کێشە گەورەکانی دیموکراتیزەبون، پرسی مەعریفەبوو. بەڵام ئەوانەی لە پشت پرۆسەکەوە بوون، وەها بیردەکەنەوە کە خەڵکی ئەم ناوچەیە توانای تێگەیشتنی نیە، بۆیە دەبێت ڕابهێنرێت. کرۆکی ڕاهێنان، وەک لە وەرزشدا دەیبینین، دوبارەکردنەوەیە.

 

بەڵام لە زۆر کۆمەڵگادا دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لە بڕی ئەوەی ببێتە مایەی پتەوکردنی کەلتوری دیموکراسی دەرئەنجامی پێچەوانەی هەبوە. لە زۆر جێگادا بەردەوامی لە هەڵبژاردن و دیموکراسی دەبێتە مایەی هەڵوەشان و پەرتبون و مەرگی سیاسەت وەک کردەیەکی گشتی. دیموکراسی دەکرێت دەرئەنجامی پێچەوانەی هەبێت کاتێک دەزگا و کەلتور و هێز لە ئاستێکدا نین کە بنەماکانی دیموکراسی بپارێزن و پتەوی بکەن. هەندێک شارەزا بوارەکانی تری وەک بازاڕ و سیستەمی ئابوری وەک بنەمای پێویست بۆ دیموکراسی لە بەرچاو دەگرن.

 

ئێمە دژ بە کردەی هەڵبژاردن نین، بەڵام نابێت دۆگماییانە بیربکەینەوە کە هەمیشە هەڵبژاردن کردەیەکی دیموکراسی ئەرێییە. لە هەمانکاتدا ئەگەر بڕوامان وەها بوو کە دیموکراسی لە میانەی بەردەوامبونیدا بنەماکانی خۆی دادەڕێژێت هەڵەین، ڕەنگە دیموکراسی لە کەشی نادیموکراسیدا زیان لە خۆی بدات.

 

بەڵام بۆچی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ئێستادا فشار دەکات بۆ هەڵبژاردن؟ لە خوارەوە هەوڵدەدەم بە کورتی وەڵامی بدەمەوە.

 

یەکەم، حکومەتی ئێستا لە دۆخێکی گرژی و نیمچە پەککەوتەییدا دەژی. هەرچەندە هۆکاری ئەمە لە دەرەوەی حکومەتە، پەیوەستە بە کۆمەڵێک گۆڕانکاریی تر، بەڵام کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەڵبژاردن وەک دەریچەیەک دەبینێت بۆ دروستکردنی پچڕانێک لە گەڵ ئەم ژینگەیەدا و بە هیوای هەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ. ئەمە ئەگەرێکە، هەڵبژاردن دەتوانێت دەستەبەری بکات، بەڵام هەڵبژاردن لە کوردستان بونیادی هێز و خەسڵەتی هێز ناگۆڕێت، بەڵام هەڵبژاردن بۆ گۆڕینی کادیرە مامناوەندییەکانە، کە کاریان داڕشتنی پۆلەسی نیە، بەڵام جێبەجێکردنە یان جێبەجێنەکردن. بۆیە ڕەنگە هەڵبژاردن هەناسەیەکی نوێ یان ئاهێکی نوێ وەبەر سیستەمەکەدا بهێنێت، بەڵام مەرج نیە ببێتە مایەی گۆڕانی. تەنها لە دۆخێکدا نەبێت. ئەو دۆخەش ئەوەیە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی فشار دەکات بۆ نوێبونەوە و دەرچون لە بنبەست، هەڵبژاردن و حکومەتی نوێ دەبێتە مایەی ئەوەی زەمینە بسازێت بۆ ئەوەی ئەو فشارانە تەرجەمە بکرێت بۆ واقیع.

 

دووەم، ئەگەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەیەوێت هەرێم بەهێزبێت لە بەر هۆکاری هاوپەیمانی و جیوپۆلەتیکی، ئەوا پرسی پەرتبون و دابران و نەبونی پەیوەندی لە نێوان جوت زۆنەکەدا دەبێت کۆتایی بێت. چونکە هەرێمی پەرتبوو، نە دەتەوانێت خۆی بپارێزێت و نە دەتوانێت سودی هەبێت بۆ هاوپەیمانان و بگرە ڕەنگە ببێتە زۆنێکی ناسەقامگیر لە ناوچەکەدا.

 

سێیە، پرسی ئابوری کوردستان، کە پرسی شەرعیەت و پەیوەندی حکومەت و خەڵکیش دادەڕێژێت، پرسێکە پێویستی بە هەماهەنگی کەرتی وزە و سەقامگیری دۆخی سیاسی هەیە. ڕەنگە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەها بیر بکاتەوە کە ڕەنگە هەڵبژاردن وەنەوزێک بە شەرعیەت بدات، بەڵام لە راستیدا وەها نیە. سیستەمی ئابوری سیاسی هەرێم، لە سەر بنەمای بەشی من دروست بوە. بیرم دێت کاتێک کە کاندیدبووم بۆ پەرلەمان زۆرترین پرسێارێک کە ڕوبەڕوم دەبوەوە ئەوەبوو کاکە چیمان بۆ دەکەیت. ئەم پرسیارە وەها نابینرێت کە هیچ هەڵەیەکی تیادابێت، بەڵکو هەموو هاوڵاتییەک وەهای دەبینێت کە هەوڵدەدات بۆ بەدەستهێنانی مافی خۆی یان بەشی خۆی.

 

پرسی بەشی هاوڵاتی، پرسێکی ئاڵۆزە، ڕەگی هەیە لە ئابوری کرێخۆری و سیستەمی کرێخۆری و سیستەمی سیاسیدا. ئەم دیاردەیە لە ئەدەبیاتی  ئابوری سیاسیدا بە عەقڵیەتی کرێخۆری ناسراوە. لە ڕاستیدا هەڵبژاردن ساتەوەختێکە لە پرسی بەشی من و خواستی بە دەستهێنانی داهات یان دەستکەوت زیاتر چڕ دەکاتەوە. هەڵبژاردن ساتەوەختێکە کە پارە تیایدا دەبەخشڕێتەوە، خەڵک یانەکانیان، ببورە حیزبەکانیان دەگۆڕن بۆ بۆندی باشتر. هەرچەندە دەمێکە سەنگەر نەماوە، بەڵام سەنگەر گواستنەوە گیانێکی وەبەردا دێتەوە. دیاردەی سەنگەر گواستنەوە دیاردەیەکی سیاسی و فیکریی نیە، پێش هەموو شتێک دیاردەیەکی ئابورییە، بۆ بە دەستهێنانی بەشی زیاتر.

 

سیستەمی سیاسی هەرێمی کوردستان وەک زۆر سیستەمی تری دەرەوەی ڕۆژئاوا، بنەمای شەرعیەتی خۆی لە سەر بنەمای دارایی یان ئابوری داڕشتوە. خەڵک ئەگەر سودمەندبن لە گەڵ سیستەمەکەدان، ئەگەر سودمەند نەبن نەیارن. بەڵام ئەوجۆرە مۆدێلەی کە سیستەمەکە گرتویەتیە بەر بۆ سودمەندبون و سودمەند نەبون، هەرگیز ناتوانێت کۆمەڵگا هەموی لە خۆی بگرێت، بۆیە شەرعیەتی سیستەمەکە هەتابێت قەیراناوی دەبێت. بەڵام سیستەمەکە لە جۆری سیستەمی ڕەقەکانە، کە بە ئاسانی ناتوانێت گۆڕانکاری لە خۆیدا بکات.

 

بۆ نمونە ئازادکردنی بازاڕ لە سایەی ئەم سیستەمەی ئێستادا بە ئاستێکی زۆر مەحاڵە. ئەم پێکەوەگرێدانەی نێوان داهات و شەرعیەت ترسناکە، چونکە دەبێتە مایەی ئەوەی کە خەڵک حکومەت تەنها وەک دابینکەری داهات یان دابیننەکەر ببینن. بۆیە هەموو ڕەهەندەکانی تری حوکمڕانی بە پەراوێز و فەرامۆشکراوی دەمێنێتەوە. لە کاتێکدا بە بێ بەهێزکردنی بوارەکانی تری وەک خوێندن، حوکمی یاسا، بونیادی کۆمەڵایەتی و کەلتوری ئەستەمە بتوانرێت سیستەمێکی ئابوری وەها بێتە کایەوە کە هەموان یان زۆرینە ڕازی بکات. پێش هەموو شتێک هیچ سیستەمێکی ئابوری نیە هەمیشەیی بێت، هەموو سیستەمێکی ئابوری تەمەنی دیاریکراوی هەیە. ئەمە بۆ هەموو شتێک ڕاستە. بۆ نمونە ئەگەر ئیشی سەرەکیت قسەی خۆش بێت، ئەوا هەر دە پانزە ساڵ قسەت خۆشە، پاش ئەوە خەڵک دڵخۆش ناکەیت، ئەمە بۆ سیستەمی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیش ڕاستە.
دەکرێت بڵێین کە ڕەنگە هەڵبژارنی ئێستا لە هەرێم زیاتر نادیموکراسی بێت لە دیموکراسی، نەک تەنها لە بەر نەگۆرانی خاوەن دەسەڵات ڕاستەقینەکان، یان دەنگدانی مردوان، یان تەزویر، بەڵکو لە بەر هەندێک هۆکاری تر.

 

هۆکاری یەکەم، دەنگنەدانە. دەنگنەدان لە هەناو پرۆسەی هەڵبژارندا چەندین مانای هەیە، بەڵام لە ئێستای کوردستاندا، مانای سەرەکی ئەوەیە کە دەنگدەر؛ یان بژاردەی نیە یان وەهای دەبینێت کە هیچ گۆڕانکارییەک دروست ناکات. لە ئەنجامدا پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ زۆرینە پرۆسەیەکە کە تیایدا دەرفەتی هەڵبژاردنیان نیە، بۆیە لە ئەنجامدا هەڵبژاردن دەبێت ئەو پرۆسەی کە تیایدا ناتوانیت هەڵبژێریت.

 

دووەم، خەڵکی کوردستان زیاتر لە پێویست وابەستەی سۆشیال میدیان. ئەم زۆرییە وەها دەکات کە ئەگەری زۆری ئەوە هەبێت کە بکەونە ژێر کاریگەری هەواڵی ساختەوە. هەواڵی ساختە، ڕەنگە هانت بدات دەنگ بدەی یان دەنگ نەدەی، بەڵام لە هەردوو دۆخەکەدا بڕیارەکەی لە سەر بنەمایەکی هەڵە بووە.

 

سێیەم، پەرچەکردار یان دەنگدانی ناڕەزایی یان بە کوردییەکە لە داخا. زۆر کەس وەک نارەزایی دەربڕین و لە داخا بەو شێوەیە دەنگ دەدەن کە دەنگ دەدەن. ئەمەش لە ئەنجامدا پرۆسەیەکی عەقڵی و سودمەند نیە.

 

چوارهەم، جوگرافیای دەنگدەر. ئەگەر تەماشای نەخشەی دەنگدان بکەی لە کوردستان دەبینیت دەنگ و دەرفەت هاو تەریبن. هەتا دەرفەت زیاتر بێت رێژەی دەنگدان زیاتر دەبێت. بەڵام نەخشەی دەرفەت، لە سەر بنەمای ڕاستەقینەی دەرفەت نەوەستاوە، بەڵکو لە سەر بنەمای هەستکردن بە بونی دەرفەت یان نا. لە کوردستاندا فەرامۆشکردن پرۆسەیەکی سیاسیە، وەک کارتێکی سزا بەکار دەهێنرێت. خراپترین جێگا ئەو شوێنانەن کە لە نێوان زۆنەکاندا ساندویچ بوون و کەس خۆیان ناکات بە خاوەنی، وەک چۆمان، کۆیە و شوێنە هاوشێوەکانیان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن