941وتار

تورکیا و ناتۆ و کورد

11/29/2019 5:14:00 PM
سەردار عەزیز


یەکەمجار کە سەردانی ناتۆم کرد لە برۆکسل خوێندکاری بەکەلۆریوس بووم. بنکەی ناتۆ لە ناوەندێکی توێژینەوە دەچێت، بیرم دێت ئەو کاتە ناتۆیان وەها بە ئێمە ناساند کە وەک ڕێکخراوێکی پاراستنی ئاسایش و ئارامی بێت.

بەڵام ناتۆ زۆر لەوە زیاترە. ڕۆژی سێی مانگی داهاتوو ناتۆ لە لەندەن کۆدەبێتەوە. ئەم کۆبونەوەیە جیاواز لە کۆبونەوەکانی جاران بۆ کورد گرنگە. بە کورتی چەند پرسێک لە ئارادایە کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە کوردەوە هەیە:

یەکەم، ئەندامێتی تورکیا لە ناتۆدا یەکێکە لە کۆڵەکە تۆکمەکانی هێزی تورکیا لە سەرەتای پەنجاکانەوە هەتا ئەمڕۆ. ئەم ڕۆژانە ئەم کۆڵەکەیە لە هەمو ساتێک زیاتر لە قەیراندایە.

وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و سۆڤیەتی پێشو کە ئێستا ئەندامی ناتۆن، داوای هێزی پاراستن دەکەن لە مەترسی ڕوسیا. بۆ ئەمە دەبێت هەر ٢٨ ئەندامەکە ڕازی بن، بەڵام تورکیا مەرجی هەیە. مەرجەکەی ئەوەیە کە ناتۆ پشتگیری بکات لە شەڕی دژ بە کورد.

دووەم، ئەم خواستەی تورکیا بەشێکە لە مامەڵەی نوێی تورکیا لە گەڵ ئەوروپا و ناتۆدا، کە دەتوانرێت بە مامەڵەی هەڕەشەیی ناوبنرێت.

تورکیا لە هەوڵەکانی پێشوی سەرکەوتوبوە بە تایبەتی لە پرسی پەنابەراندا. بە هەڕەشەی پەنابەر یەکێتی ئەوروپای خەساندوە. ئایا لەم پرسەشدا سەرکەوتو دەبێت؟

سێیەم، خۆی ناتۆ لە دۆخێکی ئاڵۆزدا دەژی. ماکرۆن، کە ئێستا وەها دائەنرێت کە سەرکردایەتی ئەوروپا بکات پاش ڕۆشتنی بەریتانیا و
ماکرۆن قسەی دڵی بەشێک لە ئەوروپییەکانی کرد، کە گومانیان هەیە لە پشتیوانی ئەمریکا بۆیان لە کاتی هەڕەشەدا. کە خۆی لە پیادەکردنی بڕگەی پێنجی ڕێککەوتنی ناتۆدا دەبینێتەوە.

چوارهەم، وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات دژی ئەوەن کە ئەوروپا هێزی خۆی هەبێت، کە ماکرۆن داوی دەکات، چونکە بڕوایان وایە بەبێ ئەمریکا ناتوانرێت ڕێگری لە روسیا بکرێت. دۆخی ئۆکرانیا نمونەیە.

پێنجەم، ئەمریکا، ئیدارەی ئێستا، هێندە بڕوای بە ناتۆ نیە. هەمیشە باڵێک هەبوە لە سیاسەتی ئەمریکیدا کە ئەوروپیەکانی وەک موفتخۆرە، یان فریڕایدەر بینیوە. ئەم باڵە مەبەستیان ئەوەیە کە ئەمریکا ئاشتی بۆ ئەوروپا دابین دەکات بەڵام ئەرووپاییەکان لە بەرامبەردا دژایەتی ئەمریکا دەکەن. ترەمپ نزیکە لەم دیدەوە، بەڵام ئەو زیاتر لە ڕوانگەی خەرجییەوە دەیبینیت. بۆیە دەبینین کە چەند ڕۆژێک پێش کۆبونەوەی ناتۆ، بڕیاری دا کە بودجەی ناتۆ کەمبکاتەوە، وەک پەیامێک بۆ ئەروپاییەکان کە دەبێت خۆیان تێچونی پاراستنی خۆیان بگرنە ئەستۆ.

شەشەم، ئەم دۆخە نەک هەر تورکیا و ناتۆ بەڵکو پەیوەندی نێوان تورکیا و ئەوروپای زیاتر ئاڵۆزکردوە، بە تایبەتی فەرەنسا. تورکیا فەرەنسا بە تیرۆریست ناو دەبات و فەرەنساش هەڕەشە لە تورکیا دەکات کە ناتوانیت ناتۆ بە بارمتە بگرێت.توندی فەرەنسا کۆمەڵێک هۆکاری ناوخۆیی و هەرێمی هەیە، کە پەیوەستە بە پرسی تیرۆر و فەرەنسا.

ئایا چی دەبێت؟
یەکەم، ئەستەمە خواستی تورکیا جێبەجێ بکرێت، چونکە وەها دەبینرێت وەک ئەسپی تەروادەیە بۆ ڕوسیا.

دووەم، جێبەجێکردنی خواستی تورکیا فروانکردنی سیاسەتی هەڕەشەیە لە یەکیتی ئەوروپاوە بۆ ناتۆ، کە ئەگری هەیە بگوێزرێتەوە بۆ ناوەندەکانی تریش.

سێیەم، خواستی تورکیا گومانی ئەوانە دوپات دەکاتەوە کە چیدی تورکیا دۆست نیە و ناتوانرێت پستی پێببەسترێت. بە تایبەتی تورکیا چیدی ناتوانێت بەرامبەر ڕوسیا بێلایەن بێت.

چوارهەم، هەرچەندە ئەگری دەکردنی تورکیا سەختە، چونکە ناتۆ هیچ میکانیزمێکی یاسایی نیە بۆ دەکردنی ئەندامێک، بەڵام ڕەنگە بە نافەرمی وەک ئەندامێک هەڵبەستراو مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت، چونکە رەنگە ناتۆ وەها بیربکاتەوە کە پرسەکە پەیوەستە بە ئەردۆگانەوە نەک تورکیا.
پێنجەم، ئەگەر سەرکەوتونەبێت ئەوا ئایا تورکیا چۆن مامەڵە دەکات؟ تورک هەوڵیکەو دەیدەن، بەڵام بژاردەیان کەمە چونکە ئابوری تورکیا زۆر ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئابوری ئەوروپاوە.

شەشەم، ئەگەر بگاتە گرژی، ئەوا بە سود بۆ کورد دەشکێتەوە چونکە کوردی ناو ناتۆ هەمیشە سەرکوتکراوە، بەڵام ئەم هەنگاوە ڕەنگە دەروازەیەکی لێبکاتەوە.

حەوتەم، هەمو ئەمانە نیشانەی قۆناغی پێشویین کە داهاتوی ناوچەکەیە.

هەشتەم، ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە ئایا هیچ وڵاتێک دەتوانێت سەربەخۆبێت؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن