وتار

یەکشەممەی کۆرۆنا

4/20/2020 12:33:00 PM 138 جار خوێندراوەتەوە
سەردار عەزیز

وەک هەر ڕۆژێکی تر کاتژمێر شەشی بەیانی لە خەو هەڵدەستم. لە هەرکوێیەک بم هەمیشە ئەو کاتە لە خەو هەڵدەستم. ڕەنگە لادێی بونم بێت وەهای لێکردبم. لە ماڵ خۆمان لە ئایرلەندا، دەچمە چێشتخانەکە، قاوەیەک دروست دەکەم و چەند پارچە نانێک گەرم دەکەمەوە. پاشان هاوسەرەکەشم دێت. لە سەر مێزی نانخواردنەکە هێشتا ڕۆژنامەی دوێنیی فایناشاڵ تایمز بە پەرش و بڵاوی دانراوە. جێگەی سەرنجە کە چۆن لە خوێنەرێکی چەند ساڵەی ڕۆژنامەی گاردیانەوە ووردە ووردە گواستمەوە بۆ فایناشاڵ تایمز. ڕۆژانێک کە بە تەنها لە گاردنەرس هڵ دەژیام، ئەو سەردەمە ڕۆژنامە هێشتا نەبوبو بە قەبارەی تابلۆید، بەردەوام ڕۆژانی شەممە، بە تایبەت بۆ ڕانانەکانی دەمکڕی. وەک خویەکی سەردەمی مێردمنداڵیم ماوەیەک زۆریانم ئەرشیف دەکرد.
لە فایناشاڵ تایمز هێشتا ڕانانی چەند کتێبێک ماوە بیانخوێنمەوە. ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز و ئیکۆنۆمیست دوو ڕابەڕی بیری لیبراڵن لە دونیادا. لەم ڕوانگەیەوە ڕەخنەی زۆریان لە سەرە.
ئەوەی وەهای لێکردم لە گاردیان دوور کەومەوە، فۆکەسی زۆری بوو لە سەر جەستە و لەزەت. ڕەنگە کێشەی هۆمۆسێکچواڵیتی، لێسبیان، یان هەرجۆرێکی تری پەیوەندی و کێشەی گەورەبن، بەڵام بۆ من ئێستا کێشەی تری جێگای بایەخە، وەک ئابوری، شەڕ، هەژاری، جیوپۆلەتیک.
کە کاتژمێر دەبێت بە حەوت گوێ لە هەواڵەکانی ڕادیوی ئایرلەندا دەگرین، هێشتا مردنەکان بەردەوامن و توشبوەکان هەتا بێت زیاتر دەبن.
لە کۆتایی بەرچایی وەک خویەکی ڕۆژانە کاری مۆنیتەرینگ دەکەم. ئەو بوارانەی کە جێگەی بایەخمن بە دوای ئەوەدا دەگڕێم بزانم چی نوێ ڕویداوە. ئەم ڕۆژانە، ململانێی چین و ئەمریکا، شەڕی ناوخۆی کوردی، نەبونی حکومەتی بەغدا. لەم ڕوانگەیەوە بابەتێکی ماکماستەر لە ئەتلانیتیک هەیە دەربارەی سەفەرەکەی لە گەڵ ترەمپدا بۆ پەکین دەبێت بیخوێنمەوە. هێچ ئێم ماکماستەر ڕاوێژکاری ئاسایشی ترەمپ بوو. ماکماستەر بە چیناسێکی گەورەی ئەمریکیم دەناسێنێت بە ناوی جۆن کینگ فێیەربانک. کاتێک سەیری بەرهەمەکانی دەکەم، خێرا ڕۆڵی مێژوم بۆ ڕون دەبێتە لە لەقاڵبدانی دونیابینی چینیدا. لە کتێبەکەمدا دەربارەی چین و کوردستان [کە بەشێکە لە چەند کارێک بۆ ناسینی چین، وەک دروستکردنی گروپێکی دۆستایەتی پەرلەمانی چینی-کوردستانی و پێدانی مەعریفە لەوبوارەدا بۆ چۆنێتی کارکردن و زۆر بواری تر]، باس لە گرنگی ئەم ڕەهەندە دەکەم. بە پێچەوانەی ڕۆژئاواییەکانەوە، چینیەکان بەردەوام لە مێژودا دەژین. ئەمە دیدێکە لە کۆمەڵگای ئێمەشدا زاڵە. هەرچەندە ئێمە هەتا ئێستا فەلسەفەیەکی مێژوییمان نیە. ئەمەش بنەمای خۆ نەناسینی ئێمە. لە هەمانکاتدا سەرنجم دەچێتە سەر لێدوانێکی بایدن دژ بە چین، ئەمە وەرچەرخانێکی سەیر و سامناکە.
پاش بابەتەکەی ماکماستەر دەبێت هەندێک کاری تر بخوێنمەوە لە پەیوەست بەو کارەی کە چەند ڕۆژێک تر لە گەڵ فریدریک ئیبەرتدا دەیکەم دەربارەی ئاسایشی عێراق. بۆ تێگەیشتنێکی بەرفراوان لە عێراق، دەبێت هەمیشە بیر لە سێ عێراق بکەیتەوە، کە هەریەکەیان میکانیزمی تایبەتی خۆی هەیە. لە کوردستان لە جەنگی ناوخۆوە بەرەو جۆرێک لە هەژەمۆنیەت دەچین. لە باشور لە گەرمەی میر و کوێخاکانی جەنگداین.
بیری قوڵ هەمیشە لە واقیعەوە سەرچاوە دەگرێت، لەم واقیعە چەمکێک یان تیورەیەک بەرهەم دەهێنێت یان سود لە چەمک و تیورەیەک دەبینێت. پاشان چەمک یان تیورەی بەرهەمهاتوو بەکاردەبات بۆ جارێکی تر خوێندنەوەی واقیعەکە. بۆ تێگەیشتن لە شەڕی ناوخۆ و هەژەمۆنیەت، دەگەڕێمەوە بۆ سیوسیدایدس، کە باوکی ڕیالیزمی مێژوییە.
لە نێو بیرمەندانی یونانیدا دوو بیرمەند گرنگن بەڵام بە باشی کار و دیدەکانیان نەگەشتوەتە دونیای ڕۆشنبیری ئێمە، ئەوانیش سیوسەدایدس و هێردۆتن. یەکەمیان باوکی واقیعی مێژوەو دووەمیان جیوپۆلەتیک. هەرچەندە هیردۆتس لە دونیای خۆماندا وەک مێژوونوس ناسراوە بەڵام کارەکانی زیاتر جیوپۆلەتیکن. ئەمەشە هۆکاری ئەوەیە کە ناوی یەکێک لە هەرە بەناوبانگترین گۆڤارە جیوپۆلەتیکیەکانی فەرەنسا هێردۆتە. هێردۆت لە هەوڵی بۆ تێگەیشتنی فارسەکان کارەکانی دەکات. سیوسەدایس لە هەوڵی بۆ تێگەیشتنی شەڕی نێوان سپارتا و ئەسینا.
دونیای ڕۆشنبیری ئێمە زۆر باسی سۆکرات و ئەفلاتۆن و هەندێکی تری کردوە، هەرچەندە بەبێ بونی توانای تێگەیشتن و سودلێبینینان، بەڵام بیرمەندانی تری دوور لە فەلسەفەی پشتگوێخستوە.
بەڵام تێگەیشتن لە ۆرلۆرد یان کوێخاکانی شەڕ ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە هەردوو پرۆژەکەمەوە: پرۆژەی چین و پرۆژەی ئاسایشی عێراق. نەبونی توانای دانانی سەرۆک وەزیرانێک ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە حوکمی کوێخاکانی جەنگەوە لە عێراقدا. کوێجای جەنگ پاش ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی چینیqing. کوێخای جەنگ دەیەوێت دەوڵەتێکی بچکۆلە بێت بۆخۆی، بۆیە دژ بە دروستبونی دەوڵەت و سەروەرییە. کوێخای شەڕ سودمەندە لە دەوڵەتی لاواز چونکە دەوڵەتی لاواز ناچارە پەنای بۆ بەرێت. بەڵام دەوڵەتی بەهێز یان حکومەتی بەهێز دەبێتە مەتری بۆی. بۆیە کوێخای جەنگ پەیوەندییەکی مشەخۆریی هەیە لە گەڵ دەوڵەتدا. ڕەنگە بۆ تێگەیشتنێکی باشتر لە مشەخۆر ناچاربم هەندێک میشێل سێریس بخوێنمەوە.
پاشان هەوڵدەدەم کە یەک دوو وشەی چینی فێربم، وەک بەشێک لە هەوڵم بۆ تێگەیشتن لە چین. هیچ هێندەی زمان و دەربڕین ڕەنگدانەوەی یەق گرتنی عەقڵ و دونیابینی نیە لای مرۆڤەکان.
دەبێت وەڵامی داوەتنامەی ثنک تانکێکی فیلەندنی بدەمەوە: خۆم ناونوس بکەم بۆ وێبینارێک دەربارەی نەرەتیڤی پشێوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەموو ڕۆژێک پاش خوێندنەوە و نوسین، کاتێک کە کەللەسەرم جەنجاڵ دەبێت، بە تەنها یان لە گەڵ یەکێک لە منداڵەکاندا دەچم بۆ ڕێکردن. ڕێکردن یەکێکە لە ئەو شێوازانەی کە بیرمی تیایدا قاڵب دەگرێت.
شەو بە خێزانی تەماشای دۆکیومێنتەرییەکمان کرد دەربارەی ژیان لە گەڵ گورگدا لە مینەسۆتا.
هەتا ڕۆژێکی تری کۆرۆنا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement