10وتار

دەربارەی جێفری ئیپیستین

2/3/2026 2:21:00 PM
سەردار عەزیز

جێفری ئیپستین سەر بە دەزگای سیخوڕی ئیسرائیلە. لە دونیای سیخوڕیدا سێ جۆر لە زانیاری هەیە، دەربارەی هەر کەسێک. زانیاری گشتی کە گرنگ نیە. زانیاری تایبەت کە بە سودە. زانیاری نهێنی کە زۆر گرنگە و تایبەتە بە کەسەکان. ئەم زانیارییە نهێنییانە بەکاردێت بۆ فشارکردن لە سەر کەسەکان. 

جێفری ئیپستین وەک گەوادێکی مناڵباز، توانای ئەوەی هەبوە کە زۆرێک لە دەسەڵاتدارانی دونیا، لە بازنەکەیدا کۆبکاتەوە و بە سودی ئیسرائیل بەکاریان بهێنێت. تەنانەت ڕاوێژ بۆ بەرپرسانی ئیسرائیل دەکات کە چۆن و لە گەڵ کێدا پەیوەندی دروست بکەن، وەک لە ڤیدیوی لە گەڵ ئیهود باراکدا، دەبارەی دروست کردنی پەیوەندی لە گەڵ پیتەر تەیل. تەیل کەسێکی هۆمۆسێکچواڵی فاشیستە کە لە پشت دروستبونی جەی دی ڤانسەوەیە، کە جێگری ترەمپە.

خوێندنەوەیەکی تری ئیپستین خوێندنەوەی سەرمایەداریانەیە. بەو مانایە خەڵکانێک کە زێدە دەوڵەمەندن، وەها دەبینن کە دەتوانن غەریزە ئاژەڵیەکانیان مومارەسە بکەن بەبێ ئەوەی هیچ لێپرسینەوەیەک هەبێت. بەڵام تەنها توێژی دەوڵەمەند نین. 
خوێندنەوەیەکی تر توێژی دەسەڵاتدرانن، کە بە هەمانشێوە لە سەروی زۆرینەوە خۆیان دەبینن و خەریزە ئاژەڵیەکانیان مومارەسە دەکەن بەبێ سڵکردنەوە لە لێپرسینەوە.

وەک دەبینین ئەمە تایبەت نیە بە کەلتورێک یان بەشێک لە دونیا. ئیماراتیەکان ئەوەندە ئیپستینیان خۆش ویستوە کسوەی کەعبەیان بە دیاری بۆ ناردەوە.
لە ڕاستیدا ئەمە دەبێت ببێتە مایەی ناڕەزایی زۆر لای هەموو موسوڵمانان وەک سوکایەتیەک بە پیرۆزترین جێگای ئیسلام.

ئیپستین پێمان دەڵێت کە دەبێت هەموو مرۆڤێک لە ژێر چاودێریدا بێت. هیچ کەسێک ڕێگە نەدرێت کە لە سەروی یاسا و ڕێسا کۆمەڵایەتیەکانەوە بێت. 

لە هەمانکاتدا پێمان دەڵێت کە دەبێت غەریزەی سێکسی بە ئارەزوی نەخۆشی پیاو نەبێت، وەک لە یاسای هاوسەرگیری جەعفەری عێراقیدا دەیبینین کە ڕێگەی بە مناڵی نۆ ساڵان دەدات بۆ هاوسەرگیریی.

بۆ ئەوەی مرۆڤانە تێبگەین دەبێت وەک تراژیدیایەکی مرۆڤایەتی سەیری بکەین، تەنها ڕۆژئاوا نیە، بەڵکو وڵاتانی کەنداو و تورکیا و ڕوسیا بە چڕی بەشێکن لە فایلەکان.
ئەوەی مایەی خەمبارەییە ئەم نوخبە دڕندەیە ئەمڕۆ بڕیاردەرە لە سەر چارەنوسی کورد لە شوێنێکی وەک سوریا.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن