543وتار

لە چاوەڕوانی سەربازێکدا

1/5/2021 12:30:00 PM
سەردار عەزیز


سبەینێ یادی سەد ساڵەی دامەزراندنی سوپای عێراقە. سوپای عێراق لە لایەن ئینگلیزەوە، هەشت مانگ پێش دروستکردنی دەوڵەتی عێراق دامەزرا. ئەمە ڕێکەوت نیە، بەڵکو ئاماژەیەکی ڕونە کە سوپا، بە تایبەتی بۆ دەوڵەتێکی کۆلۆنیالی وەک عێراق، بەردی بناغەیە. 

سوپا یانی ڕێکخستنی توندوتیژی لە کۆمەڵگا و دەوڵەتدا. بەبێ ڕێکخستنی، توندوتیژی دەبێتە ئامرازی هەموو ئەوانەی کە دەتوانن بەرجەستەی بکەن و پاشان بەکاری بهێنن لەم پێناوەدا. بەم پێیە فەلسەفەی سەرەکی سوپا، چۆنێتی کۆتاییهێنانە بە توندوتیژی لە کۆمەڵگادا، لە سایەی هەبونی سوپایەک، کە دەبێتە مایەی ڕێکخستنی توندوتیژی. 


بۆیە سوپا و چۆنێتی بونیادنانی و چۆنێتی بەڕێوەچونی بوارێکی ئێجگار فراوانی دونیای سیاسەت و پەیوەندی نێودەوڵەتیی و جیوپۆلەتیک و ئابوری و زۆر بواری ترە. چارس تیللی دەڵێت شەڕ دەوڵەت دروست دەکات و دەوڵەت شەڕ دەکات. شەڕ یانی هەبونی سوپا. لە هەبونی سوپادا دەوڵەت دەتوانێت ڕێکخستن، یەکبون، مۆنۆپۆلی، لە گەڵ بنەماکانی تری دەوڵەتدا بەکاربخات وەک کۆکردنەوەی باج و نەهێشتنی باند و میلیشیا و هێزی تایبەت.


ئەمە وەها دەکات کە شوناسی هێزی چەکدار شوناسێکی ئێجگار گرنگ بێت. ئایا سوپا، سوپای کێیە؟ 
ئیبراهیم مەراشی و سامی سەلامە کتێبێکی باشیان دەربارەی مێژوی سوپای عێراق نوسیوە 
Iraq's Armed Forces An Analytical History
ئەوەی ڕونە ئەوەیە کە هەرگیز لە مێژویدا عێراق خاوەن سوپایەکی نیشتمانی نەبوە. سوپا یان دەستوەردانی کردوە لە سیاسەت یان ئامرازی دەستی نوخبە سیاسییەکان بوە.


ئەزمونی کوردستان لە سی ساڵی ڕابوردودا باشترنیە. دروستکردنی سوپا لە کوردستان لە لایەن نوخبەی سیاسییەوە هەمیشە نەخوازراوبوە، چونکە ترسی کودەتا ترسێکی ڕاستەقینەبوە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی عێراق، سوپا و کودەتا وەک جمکن. چۆن ڕێگە لە کودەتا بگریت، بەوەی سوپاکە هی خۆت بێت. لە دونیای سێدا هەمیشە کاتێک سوپا هەست دەکات کایەی سیاسی پشێوە، ئەوا دەستوبرد دەستوەردان دەکات، زۆرجار بە موبارەکەی جەماوەریش.


بونیادی سوپا کرۆکی مۆدێرنەیە. لە ڕوژانی ڕابوردودا زۆر باس لە گەڕانەوەی بەها کەلەپورییەکان کرا. سوپای سەردەمی پێش ئەوەی بێتە ئاراوە، هێزی چەکدار بە شێوازی مێرسینەری ڕێکدەخرا. لە گەڵ هاتنی چەمکی هاوڵاتیدا بۆ ناو کایەی سیاسی، سوپای هاوڵاتی، سیتیزن ئارمی، دێتە ئاراوە. چیدی خەڵک بەشداردەبن بۆ خزمەتی وڵات، نەک میر و کوێخا و بنەماڵە. بۆیە ئەگەر هاوڵاتی نەبێت، نیشتمان نەبێت ناتوانرێت قسە لە سەر سوپا بکرێت و بە پێچەوانەشەوە، ئەگەر سوپا نەبێت ناتوانرێت باس لە هاوڵاتی و نیشتمان بکرێت. ئەوە یاسا و یاسا سەروەریی با لە ئەولاوە بوەستێت.


بەڵام دروستکردنی سوپا زانستە. پرۆسەیەکە کە تیایدا هەردوو بواری مەدەنی و بواری سەربازی پێکەوە، لە پرۆسەیەکی جوداییدا پێکەوە گرێدەدرێن لە پێناو دروستکردن و دڵنیابون لە باڵایی مەدەنی و خزمەتگوزاریی سەرباز.



بۆیە لە نێوان بواری مەدەنی و بواری سەربازیدا بۆشاییەک هەیە، گاپ. ئەم گاپە یان ئەم جوداییە، زۆر گرنکە لە میانەی پرۆسەی ڕێکخستندا. لەم بوارەدا بیرمەندانی ئەم بوارە تێزی جیاوازیان هەیە. 


کەواتە بۆ ئەوەی سوپا سوپابێت، دەبێت بواری مەدەنی هەبێت، بواری سەربازی هەبێت، لە نێوانیاندا جوداییەک هەبێت، لە میانەی ئەم جوداییەدا سیستەمێکی ڕێکخستن بێتە ئاراوە. بۆ نمونە دەبێت هەمیشە کەسێکی مەدەنی وەزیری بەرگری بێت. دەبێت مەدەنی بودجەی سوپا دیاری بکات، دەبێت سوپا جوڵە و کردارە گەورەکانی لە هەناو دەستور و یاسادا ڕێکخرابێت. 


پێشمەرگە سوپا نیە و نابێتە سوپا. سەرباز جەستەیەکی ڕاهێنراوی مۆدرێنی خۆشەکراوە. وەک فۆکۆ دەڵێت سەرباز لە جەستەیدا هەموو بنەماکانی مۆدێرنە ڕەنگدەداتەوە، چیدی جوتیارنیە. سەرباز کەسێکی دیسیپلینکراوی ڕاهێنراوی پڕ لە سیمبولە کە هەڵگری خەسڵەتەکانی سەردەمێکی ترە. 


کرۆکی سوپا لە ڕەهەندی ناوخۆییدا دروستکردنی ترسێکە، کە کەسی تر نەوێرێت دەست بۆ چەک ببات. ئەم ترسە وەها دەکات کە بواری مەدەنی دروست بێت. بۆیە سوپا دەبێت ئەوەندە بەهێزبێت کە کەس نەتوانێت بیر لە دژایەتی و ملپێچی بکات، کەس نەوێرێت بیر لە بەکارهێنانی توندوتیژی بکاتەوە. چیدی توندوتیژی و ئامرازی توندوتیژی تایبەت بونی نەبێت. ئەمە وەها دەکات کە سوپا مامانی سیاسەت بێت. کە سوپا نەبو سیاسەت نابێت. چونکە توندوتیژی سیاسەت نیە. سیاسەت بە مانا هانا ئارنتییەکەی بریتییە لە پاراستنی فرەیی مرۆڤ، فرەیی بەها نەک ژمارە.


ئەگەر سوپا لە مناڵدانی مۆدێرنەوە هاتبێت ئەوا سوپا عەقڵانییە. سوپا بونەوەرێکی ئەفسانەیی نیە. ئێمە وەک کۆمەڵگایەکی دواکەوتوی ناعەقڵانی هەموو بوارێکمان ئەفسانەیی و پڕ لە خورافیاتە. 

لە بەر هەموو ئەم هۆیانە ئێمە بێکێتیانە لە چاوەڕوانی سەربازداین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن