کۆبوونەوەی سێقۆڵی سەرۆکی ئەمەریکا و چین و ڕووسیا دەستیپێکرد
12:31 - 19/11/2026
زەمەن - هەواڵ
کۆبوونەوەی سێقۆڵی لەنێوان دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و شی جینپینگ، سەرۆکی چین، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی ئەم مانگە لە شاری شێنجن دەستی پێکرد.
ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەی فەرمیی سێقۆڵیە لەنێوان سەرکردەکانی ئەمەریکا، ڕووسیا و چین کە لە پەراوێزی لوتکەی هاوکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن بەڕێوەدەچێت.
کۆنترۆڵکردنی چەکە ئەتۆمییەکان، شەڕی ئۆکرانیا، قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییە ئابووری و ئەمنییەکانی نێوان هەر سێ وڵاتەکە، لە گرنگترین بابەتەکانی ئەم دانوستانانەن.
ترەمپ پێشتر ئاماژەی بە نیازی خۆی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرکردەکانی ڕووسیا و چین لەبارەی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا کردبوو.
ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە بەڕێوەدەچێت کە ترامپ بە جیا دیداری لەگەڵ پوتن و شی جینپینگ ئەنجامدا. کرێملینیش ڕایگەیاندبوو کە شەڕی ئۆکرانیا تەوەری سەرەکیی گفتوگۆی 42 خولەکیی ترaمپ و پوتین بووە.
بابەتە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان
لە گرنگترین ئەو پرسەی کە لە چوارچێوەی ئەم کۆبوونەوانەدا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت ئەمانەن:
شەڕی ئۆکرانیا: گەڕان بەدوای ڕێگایەک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.
ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: تاوتوێکردنی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە.
چەکی ئەتۆمی: کەمکردنەوەی مەترسییە ئەتۆمییەکان و کۆنترۆڵکردنی چەکە ستراتیژییەکان.
بازرگانی و ئابووری: چارەسەرکردنی ناکۆکییە بازرگانییەکان و بەهێزکردنی هاوکاریی ئابووری.
تەکنەلۆژیا: کێبڕکێ لە بواری زیرەکی دەستکرد، چیپی پێشکەوتوو و تەکنەلۆژیای نوێ.
ئەیپێک و داهاتووی ئابووری جیهان
کۆبوونەوەی ئەیپێک 21 ئابووری ئەندام لەخۆدەگرێت و ئامانجی سەرەکیی بریتییە لە پەرەپێدانی بازرگانی ئازاد، ئابووری دیجیتاڵ، نوێکاری و هاوکاریی ئابووری.
تەوەری ئەم کۆبوونەوەیە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئاسیا و زەریای هێمن بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی هاوبەشە.
بە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان، سەرنجەکان تەنها لەسەر ڕێککەوتنە ئابوورییەکان نییە، بەڵکو چاودێران گرنگییەکی تایبەت بە ئەنجامی دیدارەکانی سەرکردەکان دەدەن و چاوەڕێی ئەوەن بزانن ئەم گفتوگۆیانە تا چەند دەتوانن کاریگەری لەسەر ناکۆکییە سیاسی و ئەمنییەکان و هاوسەنگیی هێز لە جیهاندا دەبێت.