وتار

گۆڕان دوای ١٢ساڵ

7/25/2021 11:00:00 AM 199 جار خوێندراوەتەوە
سەردار عەزیز



زیاتر لە دەیەیەک لەمەوپێش ڕوداوێکی سیاسی گرنگ لە مێژوی سیاسی کورددا ڕویدا. هاتنە ئارای هێزێکی نوێ، جیاواز لە هەموو هێزەکانی تری پێشوو لە مێژوی کورددا. گۆڕان لە چەندین ئاستدا جیاوازبوو لە هێزەکانی تری کوردی لە مێژودا.

 یەکەم، هێزێکی کوردی بوو، بەو مانایە لەناو ژینگەی کۆمەڵگای کوردییەوە سەرچاوەی گرتبو بۆ گۆڕانکاریی و چارەسەری پرسی کورد بوو. ئەم فۆکەسە لە سەر کوردبونی ئەم هێزە، جودای دەکاتەوە لە هێزەکانی تر کە لە ڕێگای ئایدەلۆژی و باوەڕ و جیوپۆلەتیکیەوە پەیوەندییان بە دەرەوەی کوردستان هەیە. ئەم پەیوەندییە هەمیشە لە قاڵبی داون و ئاراستەیان دەکات، بە جۆرێک لە بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگای کوردییان دادەبڕێت.

دووەم، گۆڕان خوازیاری ئەوەبوو کە کۆتایی بە نەریتێکی سیاسی کوردی بهێنێت کە چەک و هێزی دەرەکی و یەکتر سڕینەوە و شەڕی ناوخۆ دارێژەری بنەماکانی بوون، نەک خەڵک و داخوازیی و خزمەتگوزاریی و بونی جیاوازی و دەستاودەست و ئایدیا.

سێیەم، لە هەناوی هێزە کوردییە تەقلیدییەکاندا حوکمداری یانی دەستگرتن بە سەر سەرتاپا جومگەکانی ئابوری و دارایی و دیپلۆماسی، گۆڕان ئامانجی ئەوەبوو ئەم بوارانە ئازاد بکرێن و لە قۆرغکاری ڕزگاربکرێن و بوارێکی وەک دیپلۆماسی بکرێت بە بواری حکومەت نەک دەستەبژێری حیزب.

چوارهەم، گۆڕان بڕوای بە بونیادنانی دەوڵەت هەبوو، دەوڵەت نەک، تەنها، بە مانای ڕاگەیاندنی دەوڵەت؛ حوکمداریی دەوڵەتیی: دروستکردنی سوپایەک بۆ پاراستنی کوردستان، نەک هێزی چەکداری سەر بە کەسە سیاسییەکان. دوورخستنەوەی چەک لە سیاسەت، تەنها پرسێکی سەربازی نیە، بەڵکو لە ئەمرۆی کوردستاندا پرسێکی ئابوری و حوکمڕانی و پەرتەوازەییە. لە هەمانکاتدا هەمیشە حوکمی چەک بە ناشەرعی دەمێنێتەوە. جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و پێدانی دەسەڵاتی تەواو پێیان. هەبونی چاودێر بە سەر حکومەتەوە. بە دیموکراسی کردنی پۆستی حکومی و ئیداریی.

پێنجەم، لە سەردەمی پەنجا بە پەنجاوە، ڕۆڵی خەڵک لە سیاسەتی کوردیدا نەما،  دەسەڵات خۆی وەک نوێنەری خەڵک نابینێت. ئەم بێئاگاییە لە نوێنەرایەتی وەک کۆڵەکەی دیموکراسی وەهای کردوە کە حوکمداری خەڵک بەبێ ڕەزامەندی خەڵک بەڕێوە بچێت. گۆڕان ویستی ئەم پرسە کۆتایی پێبهێنێت.

بەڵام لە سەروی هەموو ئەمانەوە گۆڕان بەرهەمێنی ئایدیای نوێ بوو بۆ حکومداریی و هەروەها سودی دەبینی لە ئەو ئایدیانەی کە لە ناو کایەی ڕۆشنبیری کۆمەڵگادا بەرهەم دەهات.

دیارە بێگومان ئەمانە ئایدیالن. هێنانە ئارایان کارێکی خێرا و ئاسان نابێت. بەڵام لە واقیعیدا گۆڕان کوردستانی پاراست لە ئەو دۆخەی کە بەهاری عەرەبی لە زۆر وڵاتی ناوچەکە دروستی کرد. خەڵکی کردە یەکەیەکی سەرەکی لە سیاسەتی کوردستاندا. بەها و ڕەونەقی هێزە تەقلیدییەکانی کۆتایی پێهێنا.

ئەمەشە هۆکاری ئەوەی کە هێزێکی وەها دەبێت نەیاری و دوژمن و ڕکەبەری زۆربێت و هەوڵبدرێت لە ناوەوە و دەرەوە فشاری بخرێتە سەر، هاوشێوە بکرێت، بەها سیمبولییەکان و ئایدیالەکانی لێوەربگیرێتەوە. هەوڵی دوبارەکردنەوەی بدرێت. لە هەمانکاتدا بۆ ئاوڕدانەوە و هەڵسەنگاندی بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت جیاکاری بکەین لە نێوان، گۆڕان وەک دید و ئایدیا، گۆڕان وەک جەماوەر، هەروەها گۆڕان وەک نوخبەیەکی سیاسی. کاتێک ١٢ ساڵ لە مەوپێش گۆڕان وەک بزوتنەوەیەک و وەک دیدێک بۆ داهاتوو هاتە ئاراوە، توانی لە گەڵ زۆرینەی خەڵکی کوردستاندا بدوێت. بەڵام ئەم دروستکردنی زمانی نوێی سیاسی مەرج نیە لە لایەن ئەو زۆرینەوە بە یەک شێوە پێشوازی لێبکرێت.

لە کاتێکدا خواستی هەنوکەیی و ڕۆژانەی خەڵک هەیە، بەڵام لە هەمانکاتدا پرۆسە و دۆخێکی مێژوی یان کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە کە دەبێت بگۆڕێت. پێکەوەگرێدانی ئەم دوانە، هونەری سیاسەتکردنە. دۆخی هەنوکەیی خەڵک لە دواکارییەکانی وەک دادپەروەری، شەفافیەت، حکومەتێکی نزیک لە خەڵک بوون. بەڵام فەراهەمکردنی ئەمانە تەنها لەوەدا نەبوو کە ئەم داواکارییانە جبەجێبکرێت، بەڵکو پێویستی بە گۆڕانی ڕیشەیی پرۆسەی حوکمڕانی هەبوو لە کوردستان.

ئەمە بنەمای ئەو بەریەککەوتنەبوو لە گەڵ دژە گۆرانەکاندا دروست بوو. وەک چۆن شۆرش هەمیشە دژە شۆرشی خۆی بەرهەم دەهێنێت، فشار بۆ گۆڕانکارییش دژە گۆڕانکاریش بەرهەم دەهێنت. ئەوەی سیاسەتی کوردی پێویستی پێیەتی دابرانە لە ئەو بنەمایانەی کە ڕێگرن لەوەی کە حوکمداریی بە شێوەیەکی سەردەمیانە بکرێت. گۆڕان فشاری دەکرد بۆ بەرجەستەکردنی ئەم خواستە.

ئێستا گۆڕان چەند ئەزمونێکی هەیە، دەتوانێت سودیا لێوەربگرێت بۆ پلانی داهاتوی خۆی. گۆڕان هەمیشە دەبێت خۆی وەها ببینێت کە چۆن جودابێت لە ئەوانی تر. نەبێت بە هێزێک بۆ ئەجیندای شەخسی هیچ کەسێك، ململانێی ناوەکی وەها ڕێکبخات کە بەهێزی بکات نەک پەرتی بکات. بۆ ئەنجامدانی ئەمانە گۆڕان پێویستی بە ئەوە هەیە کە ڕەخنەییانە ئاور لە خۆی بداتەوە، ئەو بوارانە دەستنیشان بکات کە وەهای لێکردوە لە هێزەکانی تر بچێت.

جاران نەوشیروان مستەفا بە هۆی کەسایەتییەوە دەیتوانی ئایدیاکان وەربگرێت و تەرجەمەیان بکات بۆ سیاسەت. پاش ئەو ئەم بوارە پەکی کەوت. قەیرانی کاریزما ئەوەیە کە دوبارە نابێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement