835وتار

وازهێنانی سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانی

9/11/2019 10:24:00 PM
سەردار عەزیز

 

چەند جارێک بە کاری جیاواز رۆشتومەتە پەرلەمانی بەریتانی یان وێستمینیستەر، جارێک دەرفەتی ئەوە رێککەوت کە سەرۆکی پەرلەمان ببینم، بەڵام کارێکی بە پەلە لە وڵاتێکی تر، ناچاری کردم لەندەن بەجێبهێڵم. ئەم نوسینە لێرەدا مەبەستی گێڕانەوەی یادەوەری نیە، بەڵکو بەبۆنەی وازهێنانی جۆن بارکوە دەمەوێت تیشک بخەمە سەر چەند خاڵێک کە بۆ ئەزمونی پەرلەمانی ئێمە گرنگە.

یەکەم، پەرلەمان گەرچی دەزگایەکی باڵایە، بەڵام بە دەست چەند گرفتێکەوە دەناڵێنێت، یەکەم، کەس نیە نوێنەرایەتی بکات و دوەم، زۆرن ئەوانەی کە خۆشییان لە چارەی نایەت. لە سیستەمی پەرلەمانیدا ئەندامی پەرلەمان نوێنەری بازنەی هەڵبژاردنەکەیەتی، ستافی پەرلەمان بۆیان نیە قسە بکەن، حکومەت وەک دەسەڵاتێکی چاودێریکراو رکابەری پەرلەمانە، ئەوەی دەمێنێتەوە سەرۆکی پەرلەمانە کە ئەرکی ئەوەی دەکەوێتە سەر کە داکۆکی لە دەزگای پەرلەمان بکات وەک پەرلەمان و هەروەها لە ناوەندەکانی دەرەوەی نوێنەرایەتی پەرلەمان بکات.

دوەم، باجی نوێنەرایەتی پەرلەمان قورسە.  لە ساڵی (1642) پادشای بەریتانیا چارلسی یەکەم بە خۆی و چوارسەد سوارەوە دەچێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی پێنج ئەندامی پەرلەمان دەستگیر بکات بە تاوانی خیانەت. بەڵام سەرۆکی پەرلەمانی ئەو کاتە کە ناوی لێنتاڵ بو داواکەی چارلس قبوڵ ناکات و لە ئەنجامدا ململانێی نێوان پەرلەمان و پادشا دەست پێدەکات و شەڕی ناوخۆی بەریتانیا دەست پێدەکات. دیارە ئەمە هۆکاری شەڕ نیە، هۆکاری شەڕ باوەڕی چارلس بو کە ئەو دەسەڵاتی لە لایەن خوداوە پێبەخشراوە، بۆیە زۆر بێزاربو لە رێگرییەکانی پەرلەمان بە تایبەت لە بواری خەرجکردندا.

دیارە کاری یەکەم و هەرە سەرەکیی پەرلەمان بودجەیە.  ئەم دیدە بە شێوازی جیاواز لە شۆڕشی فەرەنسیدا دوبارە دەبێتەوە، کاتێک ململانێی نێوان نوێنەران و پادشا چڕ دەبێتەوە.

ئەمڕۆ بەریتانیا لە دۆخێکی هەمان شێوەدا دەژی. پەرلەمان وەک ناوەندێک بۆ کۆکردنەوەی جیاوازەکان هەمیشە فرە نەیاربوە، هەردو چەپڕو و راستڕەوەکان لەوەدا هاوڕان کە دژ بە پەرلەمان بن، چونکە هیچ کامیان بڕوایان بە جیاوازی نیە. بۆیە سەرۆکی پەرلەمان ئەرکی هێشتنەوەی جیاوازییە لە پێناو سەرهەڵدانی تاكڕەوەی یان دیکتاتۆریەتدا.

سێیەم، ئەم دۆخە وەها دەکات پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، گەر پەرلەمانیانە پیادە بکرێت، پۆستێکی بێ هاوڕێ و تەنیا بێت. ئەم تەنیاییە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە هەمو لایەک هەوڵ بۆ خواستی خۆی دەدات، هیچ لایەک خواستی گشتی لەبەرچاو ناگرێت. بۆیە هەمیشە خواستی گشت رێگرە لە هاتنەئارای خواستی تەنها بەشێک. ئەم زاڵکردنی بەش بە سەر گشتدا نادادپەروەری سیاسی و ئابوری و نوێنەرایەتی لێدەکەوێتەوە.

چوارهەم، لێرەدا پێگەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەبێتە مایەی پرسیار. بۆئەوەی سەرۆکی پەرلەمان سەرۆک بێت، دەبێت بێلایەن بێت. بەڵام بێلایەنی بەمانای ئەوە نایەت کە دەبێت دەستبەرداری پڕۆسەی پەرلەمانی بێت. بەڵکو ئەرکی سەرەکی ئەوەیە کە نەریتی پەرلەمانی چۆنە، بەو شێوەیە بەڕێوە بچێت. ئەم داکۆکیکردنە لە نەریت هەمیشە سەرۆکی پەرلەمان دەخاتە خانەی لایەنگرییەوە لای هەمو هێزەکان، بەبێ ئەوەی هیچ هێزێک رازی بێت لە لایەنگرییەکەی. ئەمە وەها دەکات کە کەسایەتی کەسی سەرۆکی پەرلەمان رۆڵێکی گەورە بگێڕێت لە پیادەکردنی ئەم پۆستە.

پێنجەم، جۆن بارکو، کەسایەتیەکی خاوەن مێژویەکی تایبەتە، کە هاوکاری بو ببێتە کەسێکی کارا لە ساتەوەختی قەیراندا. گەرچی کە لێی دەڕوانیت هیچ خەسڵەتەکانی کاریزمای تەقلیدی تیادا نیە، بەڵام بە دەنگ و شێوازی دەربڕینی بە زمانێکی باڵا و خەتیبێکی باش، وەهایکرد کە بتوانێت زاڵ بێت بە سەر رێگرییەکاندا. بەڵام لە پاشخانی ئەمەوە، هەبونی ئەزمونی هەردو پارتی سیاسی گەورە. بارکو سەرەتا پارێزەران بو، لە تەمەنی شانزە ساڵیدا دەکەوێتە ژێر کاریگەری تاتچەرەوە، لە خێزانێکی جولەکە لە ناوچەی هەندۆنی نزیک زانکۆی میدلسێکس گەورە بوە. باوکی ئۆتۆمبیل فرۆش بوە و ژیانیان ئاسایی بوە. جۆن لە تەمەنی لاویدا زیاتر و زیاتر بەرەو بەرەی راستڕەو دەڕوات و دەبێتە ئەندامی چەند یانەیەک کە ئەمڕۆ خۆی وەک شەرمێک باسی دەکات. پاشان (سالی)ی هاوسەری دەناسێت. (سالی) لە بەرەی چەپ یان پارتی کارە، ئافرەتێکی دەرکەوتوە و باڵای لە جۆن بەرزترە. جۆن لە سەردەمی بلێردا سەنگەر دەگوێزێتەوە بۆ پارتی کار و دەبێتە ئەندام پەرلەمان. لە ساڵی (2009) دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان. پاش دە ساڵ لە سەرۆک، بڕیار وایە مانگی داهاتو کۆتایی بە ژیانی سیاسی بهێنێت.

ئامانجی هەرە سەرەکیی جۆن ئەوەیە کە ئەم پەرلەمانە سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێرێت. لە عورفی پەرلەمانی بەریتانیدا، سەرۆک، ئەندامان هەڵیدەبژێرن بە دەنگدانی نهێنی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن