وتار

سەدر و مەرەکانی

6/22/2022 3:10:00 PM 125 جار خوێندراوەتەوە
سەردار عەزیز

ئەو بڕیارەی موقتەدا سەدر بۆ کشانەوە، سەرتاپا هێزە سیاسییەکان و لایەنە بەشدارەکان و چاودێران و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی حەپەساندوە. هەموو ئەوانەی کە هەوڵیانداوە قسەی لە سەر بکەن هەموو پاش پشێوی هەوڵی ئەوەدەدەن کە بە میتۆدی سیناریو پرسەکە ڕاڤە بکەن.

لەم نوسینەدا دەمەوێت قسە لە سەر پرسی پەیوەندی نێوان سەرۆکی حیزب و ڕەوت و جوڵانەوە بکەم لە گەڵ ئەندام پەرلەمانەکانیاندا. پرسی پەیوەندی نێوان سەرۆکی حیزب و ئەندامی پەرلەمان پرسێکی ئاوکێشە لە ناو کایە و پرۆسەی دیموکراسیدا. ئایا ئەندامی پەرلەمان نوێنەری حیزبە یان خەڵک؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە وڵاتێکی وەک عێراقدا بە زەقی دیارە، ئەندام پەرلەمان نەک نوێنەری خەڵک نیە، بەڵکو داردەستێکی تەواوی سەرۆکی حیزب یان جوڵانەوەکەیەتی. کاتێک سەدر فەرمانی بە سەرۆکی کوتلەکەی دا لە پەرلەمان بکشێنەوە و ئەوانیش بەبێ هیچ نوزە و جوکە و بۆڵەیەک دەستوبرد کارەکەیان جێبەجێکرد، دەرخەری ئەوەیە کە ئەندامبون و ئەندام نەبونی ئەوان پرسێک نیە کە پەیوەندی بە خۆیان و دەنگدەر و بازنەی هەڵبژاردنەوە هەبێت بەڵکو بە تاق و تەنها بڕیاری سەرۆکی حیزبە.

سەدر سەرەتا وەها ناسراوبوو کە ڕەوتێکی پەرش و بڵاوی هەیە و زۆرجار لە سەرەتاوە پرسیاری ئەوە دەکرا ئایا سەرتاپای ئەندامانی رەوتەکەی گوێڕاڵی ئەون؟  بەڵام ڕەوتی ڕوداوەکان سەدر و ڕەوتەکەیان بە ئاراستەیەک برد کە زیاتر تۆکمە و سیستەماتیک بێت. ڕەوتی سەدر یەکێکە لە نمونەی ئەو هێزانەی کە پاش ڕوخانی ڕژێمی پێشوو سەریانهەڵداوە کە بە بڕێکی زۆر تەنها پشت بە کەسایەتی سەرۆکەکەیان دەپرسن بۆ بون و بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسیدا. ئەم جۆرە هێزە سیاسییانە بە حیزبی کەسایەتی یان شەخسی ناسراون.

خەڵک و چالاکوانان لە باشوری عێراق هەستیان بەم دۆخە کردوە کە ئەندامانی پەرلەمان بەکاری نوێنەرایەتی خەڵک هەڵناسن بەڵکو زیاتر خزمەتکاری سەرۆکەکەیانن، بۆیە هەوڵیاندا کە سیستەمی هەڵبژاردن بگۆڕن بۆ بازنەی بچوک، لە بڕی پارێزگا، هەتا دەرفەت بۆ کەسایەتی سەربەخۆ بڕەخسێت بۆ سەرکەوتن، هەروەها پەیوەندییەکی نزیکایەتی و پشت بە یەکبەستن لە نێوان ناوچەی هەڵبژاردن و نوێنەرەکەیاندا بێتە ئاراوە. ئەم پرۆسەیە بە بڕێکی زۆر سەرکەوتوو نەبوو. زاڵی سەرۆکی حیزب بە سەر دەزگای پەرلەماندا یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی پەککەوتنی دەزگای پەرلەمان وەک ناوەندێکی نوێنەرایەتی، پشت بە دەستور بەستوی، چاودێر بە سەر دەسەڵاتەوە. لە کوردستان زمانێکی سەیر بۆ ئەم دیاردەیە داهێنراوە. کاتێک پرسێک دێتە ئاراوە، پەرلەمان ناتوانێت بڕیاری لە سەر بدات، دەستوبرد دەڵێن، ئەو پرسە دەبێت سەرەتا سیاسییانە ڕێکەوتنی لە سەر بکرێت پاشان بهێنرێتە پەرلەمان.

ڕامان لەم دەربڕینە و هەڵوەشاندنەوەی زۆر لایەنی و لاوازی سیستەمی پەرلەمان تێگەیشتنی سیاسیمان پێدەڵێت. یەکەم مانای دەربڕینەکە ئەوەیە کە پەرلەمان ناوەندێکی سیاسی نیە، بەڵکو سیاسەت لە جێگایەکی ترە. لە سیاسەتخستنی پەرلەمان لە هەمانکاتدا یانی کردنی بە ناوەندێکی ئیداری بیرۆکراتی. بە بونی بە ناوەندێکی لەو شێوە ئەوا بە هەموو جۆرێک داڕن دەبێت لە دەسەڵاتی سیاسی.

لە ڕابوردودا لە میانەی کارم لە لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان، خێرا ئەوەت بۆ رون دەبوەوە، کە ئەندام پەرلەمان لە دیدگا و خەیاڵ و ڕەفتاریدا، خۆی لە فەرمانبەرێک زیاتر نابینێتەوە. بونی بە بیرۆکرات، هەموو توانا و مافەکانی نوێنەرایەتی لێ دەسێنێتەوە. بیروکرات یان فەرمانبەر، ئەو کەسەیە کە فەرمانەکان دەبات یان جێبەجێیان دەکات، بەڵام فەرمانەکان لە جێگایەکی ترەوە دێن.
ئەم دیاردەیە ناتوانرێت تەنها بە بەبەهێزی ڕۆڵ و کەسایەتی سەرۆکەکان لێکبدرێتەوە بەرامبەر لاوازی ئەندامەکان، بەڵکو زیاتر ململانێی شەخس و دەزگایە، لە هەناو کەلتوری ئێمەدا. ئەم دیاردەیە پێمان دەڵێت چۆن دەزگا ڕۆڵ و کاریگەری دەگۆڕێت لە بەرامبەر کەسی سیاسی خاوەن دەسەڵاتدا. هەر ئەم تێگەیشتنەشە کە هۆکاری ئەوەیە کە زۆرێک لە خەڵک دەنگ بە کەسی سەربەخۆ نەدەن. هەموو کەسێک دەبێت پیاوی کەسێکی تر بێت، ئەگینا هیچی پێناکرێت، وەک دەڵێن.

لێرەدا جێگایەتی باس لە ئەو شەپۆلە لە سەقەت-ئاگاییە بکەین، کە بەوپەڕی بڕوابەخۆبونەوە هاواردەکات خەباتی پەرلەمانی یان سیاسەتی پەرلەمانی کۆتایی هاتوە. ئەم بانگەشەیە وەک زۆرێکی تر لە بانگەشە کڵێشەیی بیرلێنەکراوەکانی دونیا ئێمە لای زۆر کەس، دەوترێتەوە. ئایا ئەوە کەلتور و ڕەفتارو ئاستی تێگەیشتنی ئێمە نیە، کە دەزگا لاواز دەبینێت و کەس یان کەسایەتی بەهێز. ئایا سوچی دەزگایەک چیە کە تۆ لە هەموو ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی داڕنی دەکەیت؟ یان ڕونتر بڵێین ئەوە ئاستی ئاگایی تۆ نیە کە خێرا جاڕی کۆتایی دەزگا دەدەیت بەوەی شکستی هێناوە، بەڵام یەک تاکە نیشانەی پرسیار ناخەیتە سەر ڕۆڵی کەسایەتی سیاسی و خۆپەرستی و بەرتەسکێتی ئامانجی شەخسی سیاسی؟ ئایا جاردانی شکست ئاماژەنیە بۆ ئەوەی کە هێشتا دەزگا ڕێگایەکی زۆری لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی تەی بکات هەتا ببێت بە دەزگا، چونکە بونی دەزگا ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە جۆری پەیوەندی و ئاگایی ئەوانیتر بۆی و هەروەها هەتا چ ئاستێک ناوەکییان کردوە.

ئەوەی جێگای سەرنجە دەزگای پەرلەمان یەکێک لە کۆنترین دەزگاکانی مۆدێرنە کە لە ڕۆژئاواوە هەوڵدراوە بهێنرێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەردوو عوسمانییەکان و ئێرانییەکان لە سەدەی نۆزدە و بیستدا هەوڵیاندا هەردوو دەزگای دەستور و پەرلەمان خۆماڵی بکەن. تەنزیماتی ساڵی ١٨٣٩ بنەمای یەکەم قۆناغی دەستوری داڕشت لە ساڵی ١٨٦٧. لەم سەردەمەدا ڕۆشنبیرانی وەک میرزا فەتحعەلی  ئاخونزادە و ئەوانیتر لە ئێران چالاک بوون. سەرباری کۆنی ئەم دەزگایە، ئەمڕۆ ناتوانرێت بڵێین لە سەرتاپا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەم دەزگایە بە کارەکانی خۆی هەڵدەستێت. دیارە دژە پەرلەمانی پاڵنەر و هۆکاری زۆرە، ئێمە لێرەدا ئامانجمان ئەوەنیە کاری لە سەر بکەین، ڕەنگە کاریگەرترین کتێب لەمبارەوە لە نوسینی کارل شمت بێت. بەڵکو تەنها یەک ڕەهەندی ئەم شکستە ئاماژە پێدەدەین کە مەڕبونی پەرلەمانتارانە. گەر لە ئەزمونی ساڵانی ڕابوردوی پەرلەمانی عێراق و کوردستان بنواڕین هەمیشە هەوڵەکان لە ناوەوە و دەرەوەی پەرلەمان بەو ئەو ئاراستەدایە کە پەرلەمانتاری سرک تەرا بکرێت.

ڕەنگە هەوڵدان بۆ ڕاڤەکردنی ئەم پرسە بە پشت بەستن بە تێزە ڕۆژئاواییەکان ئەوەندە ئامانج نەپێکێت. لە تێزی دوکتۆراکەمدا کاری زۆرم لە سەر ڕۆڵی ترادیشیون یان کەلەپور کردوە لە پرۆسەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ترادیشیوانی ئەو ناوچەیە لە گەڵ سیستەمی پەرلەمانی لیبرالدا تەبانیە. لەمیانەی کارم لە سەر خزم و خزمایەتی و پەیوەندی هەرێمێتی وڵاتان بردمیان بۆ کتێبێکی دەگمەن لە نوسینی هەردوو لێکۆڵەری ئێرانی میهرزاد بروجەردی و کروشی ڕەحیمخانی، کتێبەکە بە ناونیشانی Postrevolutionary Iran: A Political Handbook

لەوێدا هەردوو لێکۆڵەر بە پێچەوانەی لێکۆڵەرانی تر لە تیورە و ئایدەلۆژیاوە نایەن بۆ ڕاڤەکردنی سیستەمەکە، بەڵکو دێن بە ووردی ڕایەڵەی پەیوەندییە خزمایەتی و نزیکایەتی و پیاویانەی ناو سیستەمە پێشان دەدەن. سیستەمی سیاسی ئێرانی لە سەر بنەمای ئەوە بونیادنراوە کاتێک کەسێک دەستی دەگاتە دەسەڵات چۆن لە خزم و پیاوەکانییەوە پێگەی خۆی قایم کات و ململانێ و کێبڕکێی ئەوانیتر بکات. کاتێک خامنەئی دەبێت بە سەرۆک کۆمار ٤٠٠ پیاوی خۆی دەهێنێت لە جێگا جیاوازەکان دایاندەنێت هەتا کاری بۆ بکەن.

بەردەوام لە کوردستان دەبیستی و دەبینی کاتێک کەسێک تێدەپەڕێت دەڵێن ئەوە فڵانەکەسە، پیاو یان چاوی فڵانەکەسە. بونیادنانی ئەم ووردە تۆڕە لە دەسەڵاتی شەخسی بنەمای تێگەیشتن و پیادەکردنی دەسەڵاتی سیاسییە. بەم پێیە کەسێک بۆ ئەوە سیاسەت ناکات هەتا پرسێکی گشتی لە بواری گشتیدا بوروژێنێت یان داکۆکی لە سەر بکات بەڵکو بۆ ئەوەیە هەتا خۆی بە سەردا بسەپێنێت و پێگەی خۆیا تیادا قایم بکات. بەمجۆرەش بردن لە سیستەمەکە بۆ خود، ناچاریی و پێداویستیە. بۆیە دەسەڵاتی سیاسی لە ڕۆژهەڵات گەندەڵ نەبووە. بەڵکو باڵاترین مۆدێلی دەسەڵاتی سیاسی لە ڕۆژهەڵات گەندەڵییە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن