وتار

دەستورێک بۆ ھەرێم

5/11/2021 1:36:00 PM 409 جار خوێندراوەتەوە
سەردار عەزیز

وەھا دیارە لە ھەموو گەڕێکی پەرلەمانیدا، پرسی تێپەڕاندنی دەستور دەوروژێنرێت. دەستور وەھا دەبینرێت کە یەکێک بێت لە پایەکانی حوکمڕانی. ئەم بێرە و بردەیە، کۆمەڵێک کاریگەریی ھەیە، کە لە ئەنجامدا چیرۆکێک و بڕێکی زۆر لە تەمومژ و لێڵی لە دەوری چەمک و پرۆسەی دەستور دروست دەکات.

کاتێک ھەر پرسێک دێتە نێو کایەی گشتییەوە و مشتومڕی لە سەر دەکرێت، یان ئەوەیە زیاتر لە دۆخی سروشتی خۆی گەورە دەکرێت یان بێکەڵک دەکرێت. لە ھەردوو دۆخەکەدا دۆخی راستەقینەی پرسەکە وون دەبێت.

دەستور دەکرێت چەندین مێژوی ھەبێت، مێژوی کۆن، لە حەمورابییەوە، ھەروەھا مێژوی نوێ، لە مەگناکارتاوە، یان مێژوی زۆر نوێ لە پاش مۆدێلی ئەمریکییەوە. لە گەڵ بە ئەمریکاییبونی دونیا، دەستور وەک بەشێک لە پرۆسەی بە ئەمریکایی بون یان سەپاندنی سیستەمی لیبرال بە دونیادا بڵاوبوەوە. بۆیە چەمکی دەستورگەرێتی، یان کۆنستیتیوشنالیزم، ھەمیشە وابەستەیە بە چەمکی حکومەتی بچوک، یان حکومەتی ناچاریی. بەو مانایە حکومەت دەبێت کاتێک ھەبێت کە ناچارییە، ئەگینا دەبێت خۆی بە دوور بگرێت لە ژیان و ژیاری کەسەکان. جۆرێک لە لێزییە فێر  laissez faire زۆر بە سادەیی دەستور دەقێکە کە تیایدا خەڵکانێک، لە جێگایەکی تایبەتدا، جاڕی خۆیان دەدەن کە کێن و چۆن دەیانەوێت حوکمی خۆیان بکەن و چی ڕێگەپێدراوەو و چی ڕێگە پێنەدراوە ھەروەھا چۆنێتی میکانیزمی بەڕێوەچونی دەستورەکە.

 زۆربەی زۆری دەستورەکانی دونیا قۆپییەن، یان لە یەکترەوە وەرگیراون. بۆیە لە سەردەمی نوێدا دەستور ھەمیشە بە چاپ و بڵاوکردنەوە وە بەستراوەتەوە. ھەرئەمەشە کە زۆربەی زۆری دەستورەکانی دونیا ئازادی را دەربڕینیان تیادایە، لە کاتێکدا ئازادییەکانی تر ھێندە بەرجەستە نین.

بۆ ئەوەی دیدێکی واقیعیمان ھەبێت دەبێت تەماشای مێژوی جیھانی ئەم دیاردەیە بکەین و زۆر واقیعییانە لێی بنوارین. بۆ مێژونوسێکی دیاری وەک لیندا کولی گەشەی دەستور راستەوخۆ وابەستەیە بە جەنگەوە. وەک چۆن چارلس تیللی دەڵێت شەڕ دەوڵەت دروست  دەکات و دەوڵەت شەڕ دەکات، لیندا کۆلیش لە کتێبی، چەک و کەشتی و پێنوسدا، ئارگومێنتی ئەوە دەھێنێتەوە کە شەڕ پاڵنەری ھەرە سەرەکی دەستور بوە لە دونیادا
Linda Colley THE GUN, THE SHIP, AND THE PEN: Warfare, Constitutions, and the Making of the Modern World، بەم پێیە دەستور بریتی نەبوە لە خواستی گشتی و بەشێک نەبوە لە پرۆسەی دیموکراسی، بەڵکو راستەوخۆ پەیوەستە بە شەڕ و مۆدێرنەوە. دەوڵەت لە رێگای دەستورەوە ناوەوە و دەرەوەی خۆی رێکدەخات. ئەگەر بە زمانی مۆدرێنە قسەبکەین دەستور پرۆسەی سنورڕێژییە.

مەبەستمان لە پرۆسەی سنورڕێژیی ئەوەیە کە  سنوری دەسەڵاتەکان دیاری دەکرێت، چۆنێتی پەیوەندییان دادەڕێژرێت، ئازادییەکان و مافەکان دیاری دەکرێن. ھەمیشە ھەندێک ماف و ئازادی وەلا دەخرێن. لە ئەنجامدا دەستور تەنھا یەک لایەنە نیە: ببەخشێت یان رێگە بدات بەڵکو لە ھەمانکاتدا دەکرێت رێگر بێت. بە گشتی دەستور ئامرازێکی تەکنەلۆجیای دەسەڵاتە، کە بنەمایەک دادەڕێژێت بۆ ئەوەی سیستەمی یاسایی لە ھەناو کۆمەڵگادا بەڕێوەبچێت. لە ھەمانکاتدا لە سایەیدا ڕۆژانە لە ئاساتە جیاوازەکاندا یاسا بەرھەم بێت. بۆیە دەستور چەندێکی نوسراوە، ھەمیشە بڕی زۆری بە نەنوسراو دەمێنێتەوە. لێرەدا نەنوسراو مەبەستمان لە ئەو فۆرمیولەیە کە لە سیستەمی بەریتانیدا ھەیە، کە لە سەر بنەمای پێشینەیی بەردەوام یاسا بەرھەمدێت. سادەترین راستی لە ئەمەوە ھەڵینجێنین ئەوەیە کە دەستور جێگای ھەموو شتێکی تیادانابێتەوە و بەردەوام بە ئەبستراکت و ناڕون دەمێنێتەوە.

لێرەدا بە تایبەت قسە لە سەر دەستور بە کوردی دەکەم. دەقی پرۆژەی دەستوری ھەرێم، سەرەتا موکەڕەم تاڵەبانی بە زمانی عەرەبی نوسیویەتی و پاشان وەرگێڕدراوەتە سەر کوردی. ئەمە لاوازییەکی گەورەیە. دەقی وەرگێڕدراو ھەمیشە وابەستەی دونیابینی دەقی سەرەکییە، ھەرگیز سەربەخۆیی خۆی بەدەست ناھێنێت. دیارە یاسا خوێندن و پیادەکردنی یاسا لە کوردستان بە عەرەبییە، بۆیە ھەموو ئەوانەی لە سەر پرسی دەستور کاردەکەن زمانی کوردی بە باشی نازانن و ناتوانن  بە کوردی یاساییانە بیربکەنەوە.  دەتوانین بڵێین کە سەرتاپا رژێمی بیرکردنەوە کوردی نیە.  (لێرەدا چەمکی رژێمی بیرکردنەوە فۆکۆییانە بەکاردەبەین، لە سەر ھاوتای چەمکی رژێمی راستی).

زمانی کوردی زمانێکی ئێجگار دەوڵەمەندە، بەڵام وەک زۆر زمانەکانی تری رۆژھەڵات زمانی سیستەم نیە بەڵکو زمانی ھەستە، بۆیە دەربڕینی ھەست و سۆز، بە تایبەتی بە زمانێکی ئەدەبی، تیایدا ئاسانە، لە بەرامبەردا دەربڕین بە زمانی سیستەم ئاسان نیە، چونکە پێویستی بە بونیادنان و ئامادەکاری ھەیە، ئەمەش لە توانای زۆربەی یاسا داڕێژەراندانیە لە کوردستان. بۆیە لیژنەی دەستور ئەگەر دروست بکرێت دەبێت شارەزاییەکی زمانی تیادابێت. سەرباری ئەمە دەقی دەستور زۆرجار پڕ لە پەنھان دەمێنێتەوە.  ئەم دیاردەی شاعیریبونی دەقی یاسایی لە چین زۆر بڵاوە و کێشەی گەورە بۆ غەیرە چینییەکان دروست دەکات.

لێرەدا پێم باشە روداوێکی سەرنجڕاکێش لە مێژوی ئەمریکا بگێڕمەوە. رۆژێک لە ساڵی ١٩٤٧ سێ نیمچە شێت لە شاری پرینستۆنی ئەمریکییەوە بە ئۆتۆمبیل دەڕۆن بۆ ترینتۆن. سێ شێتەکە یەکێکیان ناوی ئاینشتاینە، کە ناسراوە، ئەویتریان ئۆسکار مۆرگنشتێرن، کە خاوەنی ئۆتۆمبیلەکە دەبێت و  لە دونیادا بە ئەوە ناسراوە کە دۆزەرەوەی تیورەی یارییە game theory سێیەمیان فەیلەسوف و لۆجیکناسی ناسراو کوێرت گۆدێلە. ھەرسێکەیان ھەڵاتوی دەستی نازین. بۆنەکەش ئەوەیە کە کوێرت پاسەپۆرتی ئەمریکی وەردەگرێت. بۆ گاڵتە لە رێگادا ئاینشتاین سەردەخاتە سەر کوێرت و پێی دەڵێت، خۆت ئامادەکردوە بۆ تاقیکردنەوەکە؟ مەبەستی لە ئەوەیە کە لە کاتی پێدانی پاسەپۆرتدا پرسیار دەربارەی دەستوری ئەمریکی دەکەن. کوێرت لە وەڵامدا دەڵێت ماوەیەکە لە دەستوری ئەمریکی  دەکۆڵمەوە، ئەوەم بۆ دەرکەوتوە کە لە رێگای ئەم دەستورەوە دەتوانیت جاڕی دیکتاتۆریەت بدەی بەبێ ئەوەی پێویستت بە کودەتا ھەبێت. ئاینشتاین و مۆرگنشتێرن دەزانن کە کویرت گۆدێل بلیمەتە، بەڵام لە ئاستی سیاسیدا کەمێک سادەیە. بۆیە داوی لێدەکەن کە ئەو پرسە لە دادگا نەوروژێنێت. بەڵام ئەم ئامۆژگارییە ھیچ سودی نیە، کوێرت پرسەکە لە دادگا دەوروژێنێت، بەڵام دادوەرەکە ئاینشتاین دەناسێت و ناھێڵیت کویرت زۆر قسە بکات دانیشتنەکە کۆتایی پێدێنێت.  ئەمرۆ لە دونیادا لوپھۆڵ یان بۆشایی یاسایی گۆدێل ناسراوە. ئەوەی گۆدێل لە دەستوری ئەمریکیدا ھەستی پێکردبوو ئەوەبو کە لە دەقی دەستورەکەدا بڕگەی ھەموارکردنەوە ھەیە. ئەمرۆ لە زۆربەی دەستورەکانی دونیادا، بڕگەیەک یان زیاتر دەربارەی ھەموارکردنەوەی دەستور ھەیە. گۆدێل دەڵێت بەپێی ئەم بڕگەی ھەموارکردنەوەیە دەتوانرێت ھەر ئەم بڕگەی ھەموارکردنەوەیە لاببرێت، پاش ئەوەی کە لە قازانجی کەسی بە دیکتاتۆربودا ھەموار دەکرێتەوە. ئەم دیاردەیە کەمێک ھاوشێوەیی ھەیە لە گەڵ یاسای راگەیاندنی باری نائاساییدا، کاتێک یاسا خۆی پەکدەخات، بە پێی خواست یان دەسەڵاتی سەروەر، بە پێی پێناسە بەناوبانگەکەی کارل شمت. ئەمە دەرخەری رەھەندە ترسناکەکەی دەستورە کە چەندێک دەتوانرێت بکرێت بە ئامرازی سەرکوتکردن.

کاتێک لە ھاوڕێیانم پرسی دەربارەی پێویست بونی دەستورێک بۆ ھەرێم، بڕی زۆریان بە پێویستیان زانی بەڵام کۆمەڵێک نیگەرانیان ھەبوو، لە ھەر دیاریترینیان جێبەجێنەکردنیەتی. ھەبونی دەستوری جوان بەڵام کار پێنەکراو، یەکێکە لە دیاردە بڵاوەکانی دونیا. ئەمە خەسڵەتی سیستەم سۆشیالیستییەکانە. لە کاتێکدا سیستەمە سۆشیالیستییەکان زۆر بەخشندەن لە وشەی بریقەدار، بەڵام لە بەر نەبونی ئازادی   تیایاندا، ھەمیشە دەستور تەنھا بە دەقێکی پڕوپاگەندەیی دەمێنێتەوە. دەکرێت بڵێین وەک شتێکی جوانی بێکەڵک، تەنھا سودی نۆرماتیڤیشی نیە، چونکە کەس بۆی نیە رەخنە بگرێت یان پەنای بۆ بەرێت یان سودی لێببینێت. بۆیە بنەمای پیادەکردنی دەستور بونی ئازادییەکانە. بەڵام بە سودبینین لە تێزی ئەمارتیا سین، ئازادی سودی نیە ئەگەر لە گەڵیدا زەمینەی پیادەکردنی گەشە نەکات. کەسێک بۆ ئەوەی ئازادبێت دەبێت توانای ئازادبون و پیادەکردنی ئازادی پێبەخشرابێت.

زۆرجار ئەوە رودەدات کە دەستور دەرفێندرێت. مەبەستم لە ئەمە ئەوەیە کە بڕگەیەک یان چەند بڕگەیەک تیایدا زەق دەکرێتەوە و ھەموو ئەوانیتر پشتگوێدەخرێت. ئەم جۆرە مامەڵەیە وەھا دەکات کە دەستور نەبێتە رەنگدانەوەی رۆحی کۆمەڵگا و خەڵکەکانی.

 دەستور دەبێت لەخۆگربێت، کۆکەرەوەبێت، کۆمەڵگای کوردستانی پێ بناسرێتەوە. ئەگەر سەیری پێشەکی پرۆژەی دەستور بکەیت، دەبینیت کە کۆمەڵێک تراژیدیای ریزکردوە و دەڵێت ئێمە کە ئەمانەمان بە سەر ھاتوە ئەم دەستورە رادەگەیەنین. ئەگەر ئەخلاقی سیاسی ئێمە لە سەر بنەمای تراژیدیاکانمان بێت ئەوا دەبێت بنەمای ئەوە دابڕێژێت کە چۆن کۆتاییان پێبھێنرێت. بەم پێیە دەستور دەبێت جاڕنامەیەک بێت بۆ کەمکردنەوەی ئازار، بە مانا فراوانەکەی. لە دونیای ئەمڕۆدا دەستور ئەو گرنگییەی جارانی نەماوە، چونکە رەوشتگەڕێتی کۆتاییھاتوە. ئەوەی رەفتاری مرۆڤەکان دادەڕێژێت ئابورییە. لە ھەمانکاتدا کۆمەڵە ھێزێک کاریگەرن لە ژیان و ژیاری ئێمەدا کە ھیچ دەسەڵاتێکمان بە سەریاندانیە، بۆ نمونە بازاڕی جیھانی، ململانێی زلھێزەکان، تەکنەلۆجیا، دراو و زۆر بواری تر.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن