14وتار

ئایا ئێران تەسلیم بوو؟

4/13/2026 1:18:00 PM
سەردار عەزیز

ئەمەی دەینوسم تەنها ڕاڤەیە، نەک زانیاریی.

بە دیدی من ئێران دەیەوێت تەسلیم بێت، بەڵام کۆمەڵێک ڕێگر لە بەردەمیدا هەیە. یەکەم، بۆ ئێران وەرچەرخانێکی وەها ئاسان نیە. بیهێنە بەرچاوی خۆت، هێشتا خامنەئی نەنێژراوە، ئەوان ئامادەبوون لە گەڵ بکوژەکەیدا دابنیشن، بەبێ ئەوەی تەنانەت ئاماژەشی پێبدەن.
دیارە یان ناتوانن بینێژن یان ناوێرن بینێژن، یان ناوێرن گردببنەوە یان نایانەوێت نمایشی بکەن کە کێ ماوە و کێ کوژراوە.

ئەوەی ئێران دەیەوێت ئەوەیە کە پێش ئەوەی ئەتۆمە پیتێنراوەکەی تەسلیم بکات دڵنیاییەک وەربگرێت. بەڵام هەرچەندە تەماشای مێژوو دەکات هیج دڵنیاییەک بونی نیە. ڕۆژئاواییەکان پەیمانیان بە قەزافی دا ئەگەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەسلیم بکات ئەوا ڕێگەی لێدەکەنەوە هەتا بێتەوە ناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی. بەڵام پێچەوانەکەی ڕاست بوو. ئەزمونی ئۆکرانیاش کە پەیمانیان پێدا گەر دەستبەرداری ئەتۆمی بێت دەیپارێزن، وەها دەرنەچوو. ئێران نمونەیەکی نیە کە وڵاتێک دەستبەرداری ئەتۆمی بوبێت و باش مامەڵە کرابێت. بۆیە داوای دڵنیایی دەکات لە لایەک کە هیچ متمانەیەکی پێی نیە. 

نەبونی توانا، نەبونی متمانە، لە هەمان کاتدا ناچاربون بە تەسلیم ئەو دۆخەیە کە ئێران تیایدا دەژی. ئێران ئێستا لە بیری ئەوەدایە کە چۆن ڕژێمێک بمێنێتەوە، کە لە ناوەوە و دەرەوە نەخوازراوە. ئەمە کارێکی ئاسان نیە. ئێستا ئەمریکا چاوەڕێی وەڵامە. وەڵامیش ئاسان نیە. چونکە بژاردەی شەڕ و ئاشتی وەک یەکە.
دەیڤد ئیگناتسیو لە واشنتۆن پۆست دەڵێت سوپا لە هەوڵی کردنەوەی کەناڵی تایبەتی خۆیەتی لە گەڵ ئەمریکادا.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن