وتار

ڕەخنە لە دەوام

8/7/2019 2:36:00 PM 103 جار خوێندراوەتەوە
سەردار عەزیز

دەوام چیە؟ کەسێک دەچێت بۆ دەوام، ئایا ئەو کەسە دەچێت بۆ کار، ئەگەر دەچێت بۆ کار چ جۆرە کارێک؟ ئایا دەوام جۆرە کارێکە کە لە بواری گشتیدا یان کاری حوکومیە، یان کەرتی تایبەتیش هەر دەوامە؟ ئەگەر دەوام و کار یەک شتن بۆ کار بە کارناهێنرێت؟ دەوام وەک چەمک لە زمانی عەرەبیەوە هاتوەتە ناو زمانی کوردی و مانای بەردەوامی یان ئامادەبون دەدات لە جێگایەک. کابرا لە جێگایەک دەوام دەکات مانای وەهایە بەردەوامی دەدات بە ئامادەبونی لەو جێگایەدا. ئەم خەسەڵەتە گرنگە بۆ دەستنیشانکردنی دەوام وەک کردەیەکی جیاواز لە کار. کار بریتیە لە چالاکیەک بۆ ئەنجامێک. ئەگەر لە ڕوی فیزیکیەشەوە پێناسەی بکەین کار بریتیە لە هێز+لادان. بەڵام دەوام بریتی نیە لە چالاکی بەڵکو بریتیە لە بون لە جێگایەکدا. بۆ کار شوێن گرنگ نیە، بە تایبەتی لە دونیای ئەمڕۆدا کە شوێنی کار هێندە بایەخی نەماوە، چونکە بەهۆی تەکنەلۆجیاوە هەمو شوێنێک بوەتە شوێنی کار. خەڵك دەبینیت لە ماڵەوە، لە رێگای سەفەر، لە جێگای جیاواز بەردەوامی بە کارەکانیان دەدەن. بەڵام ناتوانیت دەوام لە جێگای تر بکەیت، چونکە دەوام بریتی نیە لە ڕاپەڕاندن و ئەنجامدانی کارێک، بەڵکو پێش هەمو شتێک بریتیە لە ئامادەبون یان بون لە جێگایەک، کار لەو جێگایە بە پلەی دوەم دێت.
کەواتە چۆن لە دەوام تێبگەین؟ بۆ ئەوەی باشتر لە دەوام تێبگەین، وەهای بە باش دەزانم هەندێک باس لە کار بکەم. کار چەمکێکی ئاڵۆزە. بە گشتی کار بریتیە لە چالاکی مرۆیی کە بەهای ئابوری و کۆمەڵایەتی هەیە. لە هەمانکاتدا بەشداریکردنە لە پرۆسەی بەرهەمهێنان کە تیایدا مرۆڤ هەست بە سودمەندی و کارایی خۆی دەکات. بەڵام کار لە سیستەمەکاندا جیاوازە. لە سیستەمی سەرمایەداریدا کار هەیە بەهای هەیە و کار هەیە موجەرەدە، وەک کارل مارکس پێمان دەڵێت، کاری موجەرد ئەبستراکت کارێکی بەتاڵە لە بەها. (لێرەدا چەمکی ئەبستراکت و پرۆسەی ئەبستراکشن بە ئاسانی بە کوردی مانا بە دەستەوە نادات، چونکە پرۆسەی بە ئەبستراکتکردن پرۆسەیەکی ئاڵۆزی ناو دونیای سەرمایەداری ڕۆژئاوایە، کە هادیگەر و لێفیبڤێریش لە بواری جیاوازدا کاریان لە سەر کردوە). ئەم جۆرە کارە لە کۆمەڵگای بۆرژوازیدا زیاتر مەیسەر دەبێت. کار بۆ پارە، لە کاتێکدا پارە خۆی بەهایەکی موجەرەدە، (پارە دیسانەوە چەمک و بەهاو پرۆسەیەکی ئاڵۆزە، لای من باشترین پێناسە بۆ پارە جەستەیەکی بێ ئۆرگانە، بە پێناسەی دۆلۆزە) جۆرە کارێکە کە دەچێتە خانەی کاری موجەرەدەوە، کە هیچ سود و بەهایەکی کۆمەڵایەتی نیە. ئەم تێزە دواتر لە لایەن دەیڤید گرەیبەرەوە زیاتر پەرەی پێدەدرێت لە تێزی ئیشی بێنرخ یان ئیشی قۆڕ (بوڵشت جۆب). بە دیدی دەیڤد هەر کارێک هەوڵێک نەبێت بۆ باشترکردنی دونیا ئەوا کارێکی بێکەڵک و قۆڕە بوڵ-شتە. چەمکی بوڵ-شت هەرچەندە زمانێکی زۆر بازاڕیە بەڵام لەم ساڵانەی دوایدا بە خەستی هاتوەتە ناو فەلسەفەوە هاری فرانکفۆرت لە زانکۆی ییەل نامیلکەیەکی تایبەتی لە سەر نوسیوە. جارێکیان لە ستۆکهۆڵم کارم بۆ وەزارەتی دەرەوەی سوید دەکرد، ئەو کەسەی کە هات بە دواما بۆ ئوتێل ئەم پرسەی لە گەڵمدا وروژاندا، وتی ئەگەر من سبەینێ بڕیارمدا نەیەم بۆ سەر کار و نەهاتنم هیچ کاریگەری نەبوو، ئەوا کاری من هیچ بایەخێکی نیە. بەڵام ئەمە بۆ دوکتۆرێک وەها نیە. 
کەواتە کار چەند جۆرە، بە پێی گۆڕانی کۆمەڵگا جۆری دەگۆڕێت. کەواتە کار جێگیر نیە، بەڵام بەهاکانی گۆراوە. دەکرێت بە هەمان میتۆد لە دەوامیش بنواڕین. بەم پێیە، دەوام بریتیە لە چالاکیەکی تایبەت لە کایەیەکی ئابوری سیاسی تایبەتدا. ئەگەر ئامانجی سەرەکی دەوام بریتیە لە ئامادەبون لە جێگایەک، کەواتە ئامانجی سەرەکی دەوام ئەوەیە کە ئەو کەسە نابێت لە جێگایەکی تر بێت. ئەمەش بەشێکە لە پرۆسەی کۆنترۆڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی. بۆیە دەوام پرۆسەیەکی بەرفراوانی کۆنترۆڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی تاکەکانە لە ژێر ناوی کاردا، لەلایەن دەسەڵاتەوە. ئەگەر بە چاوێکی ئەنترۆپۆلۆژیەوە لە هەرجێگایەکی دەوام بنواڕێت دەبینیت کە بە هیچ پێوەرێک لە گەڵ نەریت و بەهاکانی سەردەمدا ناگونجێت. لە دونیادا هەتابێت کاری مرۆڤەکان بێ بەها و بێنرخ دەبن. بە جۆرێک دەستی مرۆڤ چیدی دەستێکی کارا و بەسود نیە، چونکە تەکنەلۆجیا جێگای گرتوەتەوە. ئەمە قەیرانێکی ترە، کە بەرۆکی مرۆڤایەتی گرتوە. 
بە گشتی دەوام وەها دادەنرێت کە بەرئەنجامی ئابوری کرێخۆری یان سامانی سروشتی بێت. دەبێت ئەوە ڕون بکەینەوە ئەوە نەوت نیە کە ئابوری رێنتایەر یان کرێخۆری بەرهەم دەهێنێت  بەڵکو ئەوە ئابوری سیاسیە کە نەوت پوتێنشاڵی نەوت یان هەر سامانێکی تری سروشتی بەم ئاراستەیەدا دەبات. ئەگەر ئامانجی سەرەکی ئابوری کرێخۆری ڕازیکردنی خەڵك بێت، ئەمە خەسڵەتێکە لە هەمو ئابوریەکاندا بونی هەیە، بۆ نمونە سوشیالی سیستەمی سەرمایەداری.
بەڵام دەوام قەیرانی زۆرە:
یەکەم، دەوام جێگای کار دەکاتە سەربازگە. کەسێک چاودێری دەکرێت و دەبێت لەوێ ئامادەبێت. ئامادەبون گەورەترین ئامانجە. ئەمە گەر بە ئۆروێلیانە بیبینین فەراهەمکردنی ئەو خەونەیە کە سیستەم یان دەسەڵات هەمو ڕۆژێک ئامادەبونی زۆرینە دەبینێت، دەکرێت فۆکۆیانەش بخوێندرێتەوە، بەتایبەتی هاوتایی بەندیخانە و جێگای کار.
دوەم، دەوام دژ بە کار کردنە. دەوام ڕۆحی کار لە کۆمەڵگادا دەکوژێت. لە هەمو دونیادا فەرمانبەر، بە تایبەتی فەرمانبەری کەرتی گشتی وەها دەبینرێت کە سست و دژە گۆڕانکاری و ئاڵۆزکەرە، بەڵام لەسیستەمی دەوامدا سەرباری زۆری دەوامکەران، کار بە ڕێوە ناچێت.
سێیەم، جێگای دەوام کاتێک تەماشای دەکەیت  جێگای کار نیە، کەس جلوبەرگی کاری لە بەردا نیە. جلوبەرگی کار جلوبەرگی فەرمی نیە. شوێنی دەوام، شوێنێکە کە ئەوەندە فەرمیە هاتوچۆکەرانی سڵی لێدەکەنەوە. 
چوارهەم، دەوام بەکاربردنی زۆرترین خەڵکە بۆ ئەنجامدانی کەمترین کار، لە ئەنجامدا لە ڕوی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە زیان بەخشە.

دەبێت ئەم سیستەمە بگۆردرێت. گۆڕینی دەوام بۆ کار بنەمای هەمو چاکسازیەکی ئیداری و ئابوری و سیاسی و حکومەتدارییە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن