وتار

ئایا چین شەڕ دەکات؟

4/13/2020 12:54:00 PM 455 جار خوێندراوەتەوە
سەردار عەزیز

ئەم ڕۆژانە لە هەردوو پەکین و واشنتون تەپڵی شەڕ لێدەدات. وەک کیو ژن لە پەکینەوە دەنوسێت، ئەوەی ئەم ڕۆژانە دژ بە ئەمریکا نەبێت لێرە، بە کەسێکی نانیشتمانی (ناپاتریوتیک) سەیر دەکرێت. لە واشنتۆن دەمێکە خەڵکانێک هەن تەپڵی شەڕ لێدەدەن، بەڵام کۆرۆنا زیاتر چڕیی کردەوە.
پرسی شەڕ و ئاشتی لە پەیوەندی بە گەشەی چینەوە پرسێکی ئاڵۆزە و چەندین ساڵە لە ناوەندە فیکریی و سیاسیەکاندا لە ناودایە. لێرەدا ناتوانین هەق بەم پرسە گەورەیە بدەین لە بەر ئاڵۆزی، بەڵام لە کتێبەکەماندا لە سەر چین و کوردستان، هەوڵی ئەوە دەدەین کە دیدێکی گشتگیریی بۆ دابڕێژین.
لە ئەدەبیاتی زلهێزی ڕۆژئاوادا، بە هەردوو چەپ و ڕاستی، تێزێک زاڵە کە دەڵێت: هیچ زلهێزێک نەبوە لە مێژودا پەنای نەبردبێتە بەر شەڕ لە پێناو خۆ زلکردندا. کەواتە شەڕ کرۆک و تاقە ڕێگای زلهێزبونە. تەنها دوو نمونە ئاماژە پێئەدەم لێرەدا، فرید هالایدای لە کتێبێ شۆرش و سیاسەتی جیهانی لە گەڵ جۆن مێرشمایەردا. یەکەم نمونەی چەپ و قوتابخانەی ئینگلیزییە، دووەم ڕیاڵستێکی توند.
بەڵام چین دەیەوێت پێچەوانە ئەمە بێت. لەم پێناوەدا لە ساڵی ٢٠٠٥ ڕۆشنبیری پارتی کۆمیونیستی چینی ژانگ بیژیان لە گۆڤاری فۆرن پۆلەسی ئەمریکی بابەتێک بڵاودەکاتە لە ژێر ناونیشانی هەڵکشانی ئاشتییانەی چین بۆ پلەی زلهێز. ژانگ زۆر لە هو ژین تاوەوە نزیک بوو، پاشان ئەویش ئەم دروشمەی بونیاد نا.
لێرەدا دەبێت کەمێک بە ئاگابین لە پرۆسەی ئیپستمۆلۆژی چینی. چیناسی ئیسرائیلی یتزاق شیشۆر باسی ڕەواجی زۆری دروشم دەکات لە ناو کۆمەڵگای چینیدا. ئەو بە گەڕانەوە بۆ هێردەر چینیەکان بە مناڵ وەسف دەکات. ئەم عەشقی دروشم و بەیت و بالۆرە لە ناو کوردیشدا زۆرباوە.
بۆیە سەیر نیە کە هەموو سەرۆکێکی چینی دروشمی خۆی هەیە: هەر لە ماوەوە هەتا شی ژیاو پینگ.
بەڵام چینیەکان زوو بۆیان دەرکەوت کە دروشمی هەڵکشانی ئاشتیانە جۆرێک لە توندوتیژی لە خۆی دەگرێت بە تایبەتی لە چەمکی هەڵکشاندا، بۆیە هەر زوو پشتگوێیان خست و لە بڕی ئەوە دروشمی گەشەی ئاشتیانەیان هێنایە ئاراوە. یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی ئەم دروشمانە ئەوەیە وەک وەڵامێک بێت بۆ ئەو قوتابخانە بەرفراوانەی کە لە ڕۆژئاوادا زاڵە کە بە قوتابخانەی چینی مەترسی ناسراوە.
ئەم بوارە زۆر کاری قوڵی لە سەر کراوە، باری بۆزان لە ساڵی ٢٠١٠ لە ڕوانگەی قوتابخانەی ئینگلیزییەوە پوختەیەکی باشی دەربارەی نوسیوە. بە دیدی بۆزان بۆ چین لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابوردودا، قسەکە لە ساڵی ٢٠١٠ کراوە، ئاسان بوە جۆرێک لە ئاشتیانە گەشە بکات، بەڵام لەمەودوا ئاسان نابێت.
هەرچەندە چین هەتا ئەم دواییەش چەمکی ئاشتی لە کرۆکی خیتاب و نەرەتیڤیدا بوو، بۆ نمونە کاتێک ترەمپ چوە پەکین، شی بردیە چوار هۆڵەوە لە کۆشکی سەرۆکایەتی هەر چواریان بە ناوی ئاشتیەوە بوون. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەگەر چین لە کۆنفۆشیوسەوە ئیلهام وەربگرێت ئەوا کۆنفۆشیوس لە سەر پلەبەندی بونیادنراوە. ئەگەر لە مارکسیزمەوە ئیلهام وەربگرێت ئەوا لە سەر چەمکی خەبات و تێکۆشان و شۆرش بونیادنراوە، ئەگەر لە ناسیونالیزمی چینیەوە ئیلهام وەربگرێت ئەوا لە سەر هەبونی ئیمپراتۆرێکی بەهێز بونیادنراوە، چونکە هەرکاتێک ئیمپراتۆر لاوازبوە چین زەلیلکراوە.
شی هەموو ئەمانەی تێکەڵکردوە.
مامەڵەی چین لە گەڵ کۆرۆنادا هەڵەبوو. چین دەرفەتێکی گەورەی لە دەستدا بۆ بون بە زلهێزێکی جیهانی. چینیەکان نەدەبو کرۆنا بۆ ئەوە بەکاربهێنن کە پەیامی ئەوە بگەیەنن کە دیموکراسی یانی شکست و پشێویی و تاق حیزبی یانی کاری باش و سەرکەوتوو.
ترەمپ بە دوای ئەوەدا دەگەرێت کەسێک بدۆزێتەوە هەموو دەستە چەورەکەی بە سەردا بسڕێت، چین نەدەبوو خۆی بکات بەو کەسە. دیارە تێدەگەین کە خیتابی دژە دیموکراسی چینی ڕەهەندێکی ناوەکی قوڵی هەیە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن