دەربارەی مەرسومەکەی ئەحمەد شەرع
1/17/2026 11:27:00 AM
سەردار عەزیز
مەرسومەکە دەکرێت دوو
خوێندنەوەی بۆ بکرێت، یەکەم، خوێندنەوەی هەنوکە،
وەک بەشێک لەو جەنگەی دژ بە کورد هەیە لە ئێستادا. ئەم مەرسومە ڕێگایەک بێت بۆ ڕاکێشانی
سۆزی هەندێک لە کورد یان وەک کارتێک بەکاربهێنرێت لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا.
خوێندنەوەی دووەم، وەک
هەنگاوێک بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ کورددا سوریا ئێستادا.
کێشەی هەرە سەرەکی ئەم
مەرسومە لەوەدایە کە کورد وەک تاک یان هاوڵاتی مامەڵە دەکات نەک وەک گروپ یان خەڵک
یان گەل. لە ئەدەبیاتی و سیاسی و مافدا ئەم جیاوازییە بە جیاوازی مافی تاک و مافی
گروپ ناسراوە. سوریا ئامادەیە وەک تاک هەندێک ماف بە کورد بدات یان هەندێک لە زوڵمەکانیان
کەم بکاتەوە، بەڵام وەک خەڵکێک کە مافی خۆ بەڕێوبەری و ژیانی تایبەتی خۆیان هەبێت
مافیان ناداتێ.
مافی خوێندن هێندە
لاوازە کە دێتە سەر کردار جێبەجێ نابێت بە تایبەتی ئەگەر حوکمداریی کوردی بونی نەبێت.
چونکە خوێندن پێویستی بە دارایی و بەڕێوبردن و پەرەپێدان و ڕێکخستنە کە هەموو پێویستی
بە دەسەڵات و دارایی هەیە. لە هەمانکاتدا ڕون نیە کە ژمارەیەکی دیاری کورد چەندێکە
و کێ بڕیاری لە سەری دەدات. یان مەلحوز دەیە، سەدە، هەزارە، دە هەزارە، ڕون نیە. بۆیە
هەرچەندێک بێت مانای ئەوەیە کە هەموو کوردێک ناتوانێت بە کوردی بخوێنێت. لە هەمانکاتدا
ڕێگەپێدراو مانای وەهایە کە دەبێت داواکراوبێت، نەک دابینکراو.
لە هەمانکاتدا دەکرێت
بکرێتە بنەمای ڕاڤەکردن و دەرکردنی یاسای تر ئەگەر نیەت باشی لە پشتیەوە بێت. بەڵام
کاتێک تۆپباران بە چڕیی هەیە، سەختە هەست بە ئەم نیەتە بکەیت.
بەڵام گریمان دۆخەکە
باش دەبێت، ئەوام ئەم مەرسومە دەکرێت ببێتە بنەمای ئەوەی کە دان بە بونی کورد و
زمان و سیمبولیان دەنێت، کە زەمینەی ئەوە دەسازێنێت هەتا دان بە بونی گروپی و تایبەتمەندی
و مافی بەڕێوەبردنیان بۆ دابین بکات.
ئەم دەستکەوتانە زۆر کەمن
لە بەرامبەر ئەو چەندین دەیە لە نکوڵی و ئەو هەزاران شەهید و ئەو هەموو ڕاگواستن و
گۆڕینی دیموگرافی و زۆری کاری ناڕەوای تر.
دەڵێن کاتێک ئەبوبەکری
بەغدادی کەسێک دەنێرێت هەتا بزانێت جۆلانی چی دەکات و چۆنە. لە گەڕانەوەیدا کابرای
نێردراو دەڵێت، جۆلانی کەسێکی دوو ڕوی بڕوا پێنەکراوە.
ئەم مەرسومە دەکرێت بە
مەرسومێکی تر بەتاڵ بکرێتەوە. بەڵام سەرباری هەموو ئەمانە هەنگاوێکی باشە بۆ گەلێکی
نکوڵی لێکراو.