وتار

تێگەیشتن لە ئاڵۆزی قەیرانی ئێران و ئەمریکا لە ناوچەکە

6/12/2019 9:55:00 PM 110 جار خوێندراوەتەوە
سەردار عەزیز

ڕۆژانی ڕابوردوو سەرقاڵی کارکردن بووم لەسەر پرسی ئێران و ئەمریکا و کاریگەری لەسەر ناوچەکە. پرسی سەرەتا ئەوەبوو کە ئایا چۆن لە روداوێکی پڕ لە ئەکتەری جیاوازو ڕیشەی ئاڵۆزو زۆرو دینامیکیەتێکی ئێجگار خێرا تێدەگەین؟ لە ماوەی ڕابوردودا لە میانەی کارەکانمدا بەرەوە گەشەپێدان بەو تێزە دەڕۆم، کە ئەوەی ئەمرۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕودەدات، ناتوانین لە ئاڵۆزیەکەی تێبگەین هەتا بە دوای ڕیشەکەیدا نەگەڕێین لە ڕۆژئاوا. ئەم تێزە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هیچ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕونادات، ئەوەی لەوێ دەگوزەرێت تەنها دەرئەنجامی ئەو ڕوداوانایە کە لە هەناو ڕۆژئاوادا، بە تایبەت ئەمریکا و ئەوروپادا لە گەڵ پەیوەندییان لە گەڵ ئەوانیتردا ڕودەدات. 
سەرەتای ئەم تێزە دەگەڕێتەوە بۆ یاساناسی ئەڵمانی نازی کارل شمیت. شمیت لە کتێبی نۆمۆسدا بڕوای وەهایە کە ڕۆژئاواییەکان دونیای دەرەوەی ڕۆژئاوایان لە قاڵبداوە بەمەبەست و لە پێناو حکومداریکردنیدا. وەک دەڵێن ئەوە نەخشەیە کە واقیع دادەڕێژێت نەک بە پێچەوانەوە. 
بەپێی ئەم تێزە کاتێک هەر ڕوداوێک لە ناوچەیەکی ئێجگار هەستیاری وەک کەنداودا ڕودەدات، هەمیشە بە هەڵەدا دەچین ئەگەر تەنها لە جوگرافیای کەنداودا بۆ ڕەگ و ڕیشە و بنەماو و ئەکتەرەکانی بنواڕین. با لە قەیرانی ئێران و ئەمریکا بنواڕین. دەکرێت بۆ بنەماکەی بگەڕیینەوە بۆ سۆزانیەکی ئینگلیزی بە ناوی کریستین کیلەر. چیرۆکی ئەم سۆزانیە کە لە ساڵی ١٩٦٣ لە گەڵ وەزیری شەڕی بەریتانیدا دۆستایەتی دەکەن و پاشان دەردەکەوێت کە ئەم سۆزانیە لەگەڵ دیپلۆماتێک لە قونسوڵخانەی سۆڤیەت هاوسەریی هەبووە، دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە حکومەت هەرەس بێنێت و ساڵی دواتر پارتی کرێکاران بە سەرۆکایەتی هاڕۆڵد ویلسن بێتە سەر حوکم. بەڵام لەبەرئەوەی پارتی کرێکاران تەنها چوار کورسی لە پەرلەمان زیاتر بوو لە پارێزەران، دوو ساڵ دوای ئەوە دیسانەوە هەڵبژاردن کرا، پارتی کرێکاران و ویلسن دیسانەوە گەڕانەوە حکومەت بە کورسی زیاترەوە. ویلسن لە بەر کۆمەڵێک هۆکاری تر، وەک شکستی بەریتانیا لە شەڕی سویس لە ساڵی ١٩٥٤، گۆرانی دیموگرافی و ئابوری و کەلتوری لە بەریتانیا، سەرەتای کۆتایی ئیمپراتۆریەتی بەریتانی، ئامادەکاری بۆ بون بە ئەندامی ئەنجومەنی ئابوری ئەوروپی، پارتی کرێکاران بڕیاری دا لە ڕۆژهەڵاتی کەنداوی سوێس بکشێتەوە. ئەم بریارە هەرچەند وەها بەیانکرا کە لە بەر هۆکاری ئابورییە بەڵام وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا هۆکاری زۆربوو، چونکە ئەرشیفی بەریتانی دەریدەخەن کە وڵاتانی کەنداو زۆر نیگەران بوون لە کشانەوەی بەریتانیا، بە جۆرێک ئامادەبوو کە تێچونی مانەوەیان بدەن، ئەمە بە ڕاشکاوی لەلایەن بەحرەین و ئیماراتەوە دەردەبڕێت. ئەم کشانەوەیە دەبێتە مایەی نیگەرانی ئەمریکاش، چونکە لە گەرمەی جەنگی سارددا، ئەمریکا کە لە ڤێتنام لە قەیراندا بوو ئاسان نەبوو بۆی هەتا بەرپرسیارێتی کەنداو بگرێتە دەست. بەڵام ئەمریکا ئامادەش نەبوو کەنداو بە بۆشایی بەجێبهێڵێت چونکە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بۆشایی بە بۆشایی نامێنێتەوە. 
لێرەوە چیرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ناوچەکەدا دەستپێدەکات. ئەمریکا کە خۆی نایەوێت ڕاستەوخۆ ڕۆڵی کۆلۆنیال ببینێت، دەبێت بە دوای پۆلیسێکدا بگەڕێت لە ناوچەکە هەتا ئەو ڕۆڵەی بۆ بگێڕێت، ئەویش ئێرانە. لێرەوە چیرۆکی ئەمریکا و شا دەست پێدەکات. شا ئەم پشتیوانیە وەها دەبینێت کە پشتیوانی ئەمریکایە بۆ ئەو بۆیە ئێجگار لە خۆی بایی دەبێت و دەست دەکات بە فیڕۆدانی سامانی ئێران. کڕینی چەکی زۆر، هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، گەندەڵیەکی ئێجگار زۆر، پشت بەستن بە ئەمریکا، هەوڵدان بۆ مۆدرێنەکردنی وڵات، کە بوو بە هۆی کۆچی لادێ بۆ شار، پاشان داشکانی نرخی نەوت و سەرهەڵدانی قەیران لە شارەکاندا، سەرەتای کۆتایی ئێرانی شا بوو. ئەمریکا دەیویست ئەم پۆلیسەی بهێڵیتەوە. لێرەوە لێکترازانی ئێران و ئەمریکا دەست پێدەکات. 
ئەم میتۆدە زەمینەی ئەوەمان بۆ خۆش دەکات کە چۆن ئەمڕۆ لە قەیرانەکە بنواڕین لە چوارچێوەی فراواندا. ئایا چی لە دۆخی ئەمریکادا دەگۆڕێت کە پێویست بە مامەڵەی ئەمریکا بکات لە گەڵ ئێراندا، چ نەرم، چ ڕەق. بەکاربردنی تیورەی سوڕی مەزن، کە ئەمریکا وەک ئیمپراتۆریەتێک ئەمڕۆ لە دۆخێکدایە کە وڵاتانی تر ئاڵنگاری دەکەن، ئەوا هەوڵدان بۆ لابردنی ئەم ئاڵنگارییانە ئەمریکا دەیەوێت بەمجۆرە مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بکات. بە هیوام بەمزوانە توێژینەوەکەتان بکەوێتە بەردەست.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن