ڕۆژنامەگەریی کوردیی وەک مەترسیی
4/22/2026 4:13:00 PM
سەردار عەزیز
دەکرێت دوو دید بۆ چیەتی
ڕۆژنامە دیاری بکەین: یەکەم وەک ئۆرگانێکی گروپیی یان حیزبی. دووەم، وەک پانتاییەک
بۆ ئەوەی خەڵکانێکی نیمچە جیاواز تیایدا بەیەک ئاشنابن و پێکەوە پەیوەست بن لە پێناو
بونیادی ئەو خەیاڵەی کە پێویستە بۆ دروستبونی یەکەیەکی ناتەقلیدی مۆدێرن کە پێی دەڵێن
نەتەوە, بەیەکتر ئاشنابن. ئەوەی یەکەمیان دیدی چەپە، ئەوەی دووەمیان دیسانەوە خوێندنەوەی
چەپە بەڵام لە کونەواجەیەکی ترەوە.
ڕۆژنامەی کوردی سەرەتا
وەک زمانحاڵی خەڵکێک دروستبوە، یان بە هیوای نوێنەرایەتی. بەڵام پاشان دەبێتە ئۆرگانی
حیزب. وەک ئۆرگانی حیزب کاری ڕۆژنامە گەیاندنی هەواڵ نیە. هەواڵ خۆی کارێکە لە پێناو
بەئاگابوون لە پێناو ئاشنابوون. بەڵام ڕۆژنامەی ئۆرگانی حیزبی ئەپەراتۆسێکی حیزبییە،
بۆ هۆنینەوەی پڕوپاگەندە، کە پێویستە وەک چیرۆکێک هەتا مەڕەکان تەرا نەبن.
بە هاتنی پۆستمۆدێرنە،
دۆخەکە گۆڕا. پیتەر پۆمیرانتسیڤ لە کتێبی ئەمە پڕوپاگەندە نیە پەنجە دەخاتە سەر ئەم
دۆخە بەوەی کە کاری شاردنەوە یان دێزە بە دەرخۆنەکردنی ڕاستی چیدی لە ڕێگای ڕێگریی
و سەرکوتەوە نیە بەڵکو لە ڕێگای دروستکردنی چیرۆکی ناکۆتایە دەربارەی هەموو شتێک لە
پێناو وونکردنی ڕاستی ئەوەی کە ڕودەدات.
گەر کاری ڕۆژنامە پێکەوەگرێدان
و دروستکردنی پانتاییەکی گشتیی بوو بۆ دروستکردنی خەیاڵی هاوبەش، ئەمڕۆ تەواو بە پێچەوانەیە.
کاری هەرە سەرەکی ڕۆژنامە لە ئەمڕۆدا ئەوەیە کە چۆن پەرتەوازەیی دروستکات، چۆن چیرۆکی
دژ چیرۆک بهۆنێتەوە، چۆن سەرلێشێوان بەرهەمبهێنێت، چۆن ژاوەژاوە بهێنێتە ئاراوە.
هەواڵ بریتی نیە لەوەی
کە چی ڕویدا، بەڵکو بریتیە لەوەی کە هەواڵسازەکە چۆن ئەوە دەبینێت کە ڕویدا. دیارە
بە ناو ڕۆژنامەی کوردی لاوازی تری ئێجگار زۆرە. بۆ نمونە بە گشتی لە ڕۆژنامەی کوردیدا
ڕاوبۆچون نیە، بەڵکو سەرنج هەیە، ئەم دوانە جیاوازییان زۆرە. بۆ نمونە ئەگەر ڕوداو
میدیایەکی بەهێزە، بەڵام کە دێتە سەر ڕاوبۆچون یان خوێندنەوە بۆ ئەوەی ڕودەدات ئێجگار
لاوازە.
ئەم نەبونی دیدە لە
دونیای کوردیدا، وەهای کردوە کە دونیا نەتوانێت بزانێت ئێمە چۆن دۆخی خۆمان دەبینین.
یان چۆن دۆخی خۆمان دەخوێنینەوە. یان روانگە زاڵەکانی ناو دونیای ئێمە چین؟ بۆیە لە
کاتی ڕاڤەی دۆخی کوردیدا هەرگیز نابینیت دیدێکی کوردیی ئاماژەی پێکرابێت.
ئامارگیی، دەخوازێت ئەم
کەلێنە پڕکاتەوە، بە تایبەتی بۆ دونیای دەرەوە. بۆیەکەمجار پانتاییەک دروست بێت کە
کورد بوێرێت تیایدا بڵێت من ئاوا دەبینم، بە تایبەتی بە زمانی شیرینی ئینگلیزیی. بە
هیوای سەرکەوتن.